هێزێکی سەربازی تورکیا لە سوریا
سبەی
میدیای توركیا ئاشكرایكردووە، هێزەكانی سوپای توركیا، پلانی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازیی لە سوریا جێبەجێ دەكەن، ئەویش لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر".
رۆژنامەی Türkiye لە زاری چەند سەرچاوەیەكی دەزگا ئەمنییەكانی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، سوپای توركیا نیازی دروستكردنی بنكەیەكی ئاسمانیی و بنكەیەكی دیكەی دەریایی لە سوریا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی "داعش" و تیرۆر".
بەشێك لە میدیاكانی توركیا باس لەوەشدەكەن، ئەنقەرە لەبواری رێكخستنی سوپا و هێزە ئەمنییەكان هاوكاری دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا دەكات.
ئەو رۆژنامە توركییە باسی لەوەشكردووە، كۆبوونەوە لەنێوان پێنج وڵات ئەنجامدراوە بۆ هەماهەنگیكردن لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، كە توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانە. بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەكانی دیكە ئاشكرا بكات.
ئامادەكاری توركیا بۆ دروستكردنی بنكەی سەربازی لە سوریا لەكاتێكدایە، پێشتر هەوڵی دروستكردنی بنكە لەلایەن توركیاوە روبەڕووی ناڕەزایەتی ئیسرائیل بوەوە، چەند جارێك ئەو شوێنانە بۆردومانكران كە توركیا بەنیازبوو بنكەی نوێی تێدا دروست بكات.
توركیا لە باكوری سوریا ئامادەیی سەربازیی هەیە، بەڵام لەگەڵ رووخانی رژێمەكەی ئەسەد لە كۆتایی ساڵی رابردوو و هاتنە دەسەڵاتی ئەو گروپانەی بەشێكیان نزیكن لە توركیا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی بنكەی نوێی سەربازیی لەناوەڕاستی سوریا دەستیپێكردووە.