سبەى
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دەرگاى تۆمارکردنى کاندیدەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کردەوە و دەڵێت مەرج نییە کاندیدەکان دانیشتووى هەمان ئەو بازنەیە بن کە خۆیان تێدا کاندید دەکەن.
مەروان محەمەد بەرێوەبەرى ئۆفیسى هەولێرى کۆمسیۆن رۆژى یەکشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، دەرگاى تۆمارکردنى کاندیدى هاوپەیمانى و پارت و تاکەکەسى لە ئەمڕۆوە کراوە دەبێت تا 24 ى حوزەیران.
وتیشى ئەو کەسانەى کاندید دەکرێن پێویستە عێراقى بن و تەمەنیان لە 30 ساڵ زیاتر بێت و هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆس یان هاوتاکەى بن، بەڵام بۆ کاندیدى پارت و هاوپەیمانێتییەکان رێگەیان پێدراوە 20%ى کاندیدەکانیان خاوەنى بڕوانامەى دبلۆم و ئامادەیی بن.
مەروان محەمەد باسى لەوەشکرد، مەرج نییە کاندیدەکان خەڵکى ئەو بازنەیە بن یان لەو شارە لەدایک بووبن کە خۆیان تێدا کاندید دەکەن.
باسى لەوەشکرد، کانیدى تاکەکەس پێویستە 500 دەنگدەر پاڵپشتى بکات و لە رێگەى ئەلیکترۆنییەوە داتاکانیان تۆمار بکرێت و ناویان لە تۆمارى دەنگدەران هەبێت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کۆتا وادەی تۆمارکردنی ناوی قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان بوو بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارەی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
فەرمانگەی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کۆتای ئاماری سەبارەت بە ژمارەی حیزب و قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان رایگەیاند، کە تا کۆتایی رۆژی پێنجشەممە (22ـی ئایاری 2025) ناوی خۆیان لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە بەمشێوەیە:
حیزبە مۆڵەتپێدراوەکان: 343 حیزب
ئەو حیزبانەی لە پرۆسەی دامەزراندان: 60 حیزب
ئەو حیزبانەی بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن: 118 حیزب
هاوپەیمانێتییەکانی پێشوو: 66 هاوپەیمانی
ئەو هاوپەیمانیانەی مۆڵەتی نوێی کۆمسیۆنیان وەرگرتووە: 5 هاوپەیمانی
ئەو هاوپەیمانیانەی چاوەڕوانی پەسەند کردنن: 11 هاوپەیمانی
ئەو هاوپەیمانیانەی بڕیاری بەشداریی کردنیان داوە: 25 هاوپەیمانی
لیستە تاکە کەسییەکان کە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن: 16 لیست
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانى عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرا.