دیمەنی هێرشێکی تورکیا لە سنوری هەرێمی کوردستان
سبەی
ئەندامێكی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی "CPT" ئەمەریكی ئاشكرایدەكات، توركیا سەرەڕای ئەو پرۆسەیەی لەو وڵاتە دەستیپێكردووە لە چوار مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 600 هێرشی ئەنجامداوە، چونكە نایەوێت دەستبەرداری ئەو ناوچانە ببێت و بەردەوامە لە تەقاندنەوەی تونێل و ئەشكەوتەكانی پەكەكە بەتایبەتیش لە چیای گارە.
كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی "CPT" ئەمەریكی بە "سبەی" وت:" لە چوار مانگی ئەمساڵدا توركیا 612 هێرشی بۆسەر ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، لەو ماوەیەشدا نۆ كەس شەهید و برینداربوون".
وتیشی:"لەدوای ئەو پرۆسەیەی لە توركیا دەستیپێكردووە، توركیا هێرشەكانی زیاتر لە رێگەی تۆپهاوێژەوە ئەنجام دەدات، چونكە نایەوێت چیای گارە و ئەو ناوچە سنوریانەی دهۆك بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە فەرامۆش بكات و دەیەوێت تونێل و پێگەكانی پەكەكە بتەقێنێتەوە".
"بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە لە چوار مانگی ئەمساڵدا، نۆ كەس بوونەتە قوربانی، چواریان شەهیدبوون و پێنجی دیكەش برینداربوون".
لە 25 ی ئایاری 1984 ەوە توركیا بەناوی ئۆپەراسیۆن دژ بە پەكەكە هێرشەكانی بۆسەر ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، سەرەڕای ئەو پرۆسەیەی لە كۆتایی ساڵی رابردووەوە لە توركیا دەستیپێكردووە، هێرشەكانی هێشتا بەردەوامن، هەرچەندە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە 27 ی شوباتی ئەمساڵ بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی پەكەكە، لە یەكی ئادار پەكەكە ئاگربەستی راگەیاند و لە 12 ی ئایاریش خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی لە 12 هەمین كۆنگرەدا راگەیاند.
بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی "CPT" ئەمەریكی لە ساڵی 1991 ەوە تا مانگی حوزەیرانی 2024 زیاتر لە 700 كەسی سڤیلی هەرێمی كوردستان بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی توركیاوە شەهید و برینداربوون، جگە لەوەی زیاتر لە 200 گوند چۆڵكراون.
توركیا بۆ شەڕی گەریلاكانی توركیا بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ رژێمی پێشووی عێراق هەیبوو، زیاتر لە 40 كیلۆمەتر هاتووەتە قوڵایی هەرێمی كوردستانەوە، تائێستاش زیاتر لە 80 بارەگای گەورە و چەندین خاڵی چاودێری و سەربازیی دروستكردووە.
بەپێی ئەو ئامارەی "هەپەگە" باڵی سەربازی پەكەكە پێشتر رایگەیاندووە، لە ساڵی 2024 دا توركیا پێنج هەزار و 357 هێرشی ئەنجامداوە، كە زۆربەی ئەو هێرشانە لە سنوری هەرێمی كوردستان و "ناوچەكانی پاراستنی مەدیا" بوون.