سبەی
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وەرزی گەرما و هاوینی سەختتر کردووەتەوە. لە ساڵانی رابردوودا، زەوی بەرزترین پلەی گەرمی تێدا تۆمارکراو، ئەو گەرمییە زۆرە کاریگەری راستەوخۆی تەندروستی هەیە لەسەر هاوڵاتییان.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی هەبێت لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان، بەتایبەت گەورە ساڵان و منداڵان.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، خوێنبەرەکان فراوان دەبن، ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پەستانی خوێن و وادەکات دڵ بە زەحمەت خوێن پاڵبنێت بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە.
ئارەقکردنەوە کە بەهۆی گەرماى بەتینەوە دروست دەبێت، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەى ئاو و خوێی جەستە کە پلەی گەرمی جەستە هاوسەنگ دەکەن.
ئارەقکردنەوە و فراوانبوونی خوێنبەرەکانی جەستە پێکەوە دۆخێک دروست دەکەن کە پێی دەوترێت "شەکەتبوون بەهۆی گەرما"ـوە، کە نیشانەکانی ئەمانەن: سەرسووڕان، سەرئێشە و بوورانەوە. ئەو نیشانانەش دەکرێت لە ڕێگای پشوودان، مانەوە لە ژینگەیەکی فێنکدا و خواردنەوەی بڕێکی زۆری شلەمەنی چارەسەر بکرێت.
بەڵام ئەگەر پەستانی خوێن زۆر داببەزێت، مەترسییەکانی جەڵتەی دڵ زیاتر دەبن.
دۆخێکی دیکەیە هەیە هەر بەهۆی بەرکەوتنی تیشکی خۆر لە کەشە گەرمەکاندا دروست دەبێت، کە کاریگەرییەکەی سەختترە و رەنگە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەبێت، هەروەها زۆرکات لەگەڵیدا پێست وشک دەبێتەوە و پلەی گەرمای جەستە دەگاتە سەروو 39.4 پلەی سەدی و شڵەژان و بوورانەوەی لەگەڵدایە.
بەپێی سەرچاور پزیشکییەکان، کەسانی بەتەمەن کە نەخۆشی درێژخایەنی وەک نەخۆشییەکانی دڵیان لەگەڵدایە زیاتر مەترسیی گەرمای سەختییان لەسەرە.
هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە خێراتر ئاوی جەستەیان لەدەست دەدەن و لە کەشە زۆر گەرمەکاندا مەترسییان زیاتر لەسەرە.
منداڵانیش بەهۆی کەمی بەرگریی جەستەیانەوە گەرما مەترسییەکی رژدە لەسەریان و دەبێت لە کەشە گەرمەکاندا زیاتر بپارێزرێن.
گەرما بوونی زۆر دەتوانێت بکوژ بێت. بەپێی ئامارێکی CDCـی ئەمەریکی، ساڵانە بەهۆی گەرماوە زیاتر لە 700 کەس گیان لەدەست دەدەن. هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەو کەسانە جەڵتەی دڵە کە بە هۆی کەشی گەرمەوە دروست دەبن.