كارۆلین لێڤیت
سبەی
دوای ئەوەی دوێنێ ئەمەریكا پێنشیازێكی سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی بە وەزیری دەرەوەی عومماندا ناردە تاران، رێككەوتنەكە بە "پەسەندكراو" ناودەبات و كۆشكی سپیش دەڵێت "باشترە پەسەندی بكات".
دوێنێ شەممە 31-5-2025 ئەمەریكا پێشنیازێكی بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی رەوانەی تاران كرد، میدیاكانی ئەمەریكاش دەڵێن بەرپرسانی ئەمەریكا هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە باشترە ئێران ئەو پێشنیازە پەسەند بكات.
ناردنی ئەو پێشنیازە لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ ئێران كە هێشتا هیچ شتێك لەبارەی ناوەڕۆكەكەیەوە ئاشكرا نەبووە، لەكاتێكدایە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەدواین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزكردووەتەوە و بەشێوەیەك خێرای كردووە دەتوانێت 10 بۆمبی ئەتۆمیی پێ دروست بكات.
دوێنێ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە هاوتا عوممانییەكەیەوە پێشنیازێكی ئەمەریكای بۆ رێككەوتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكە پێگەیشتووە.
لەوبارەیەوە " نیویۆرك تایمز"، لە زاری كارۆلین لێڤیت، وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی بڵاویكردەوە "ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆك ئەمەریكا پێشنیازێكی دورودرێژ و پەسەندكراوی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ناردووە، لەبەرژەوەندیاندایە پەسەندی بكەن".
بەپێی هەواڵی ئەو رۆژنامە ئەمەریكیە، بەشێك لە پێشنیازەكە ئەوەیە كە ئێران سەرجەم چالاكیەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، هەروەها كۆمەڵەیەكی هەرێمیی دروست بكرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمیی.
لە نیسانی رابردوەوە ئەمەریكا و ئێران پێنج گەڕی دانوستانیان ئەنجامداوە، ئەوەش بە نێوبژیوانی دەسەڵاتدارێتی میرنشینی عوممان، كە بەوتەی بەرپرسانی ئەمەریكا ئامانج لێی گەیشتنە بە رێككەوتنێكی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران.
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل، ئێران بەوە تۆمەتبار دەكەن كە هەوڵدەدات چەكی ئەتۆمیی بەدەست بهێنێت، ئەوەش بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران رەتدەكرێتەوە، رۆژی شەممە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی "چەكی ئەتۆمیی لای ئێمە پەسەندكراو نییە".
رۆژی هەینی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی لە ئێران كرد و وتی "ناتوانن ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی". هاوكات وتیشی "هەردوو وڵات نزیكن لەوەی بگەنە رێككەوتن".