سبەى
هەردوو فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان و فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق لەسەر راگرتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتى دارایی عێراقەوە وەڵامى یەکتر دەدەنەوە.
فراکسیۆنى پارتى لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە، فراکسیۆنى یەکگرتوو تۆمەتبار دەکات بەوەى بووەتە “وتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵکی کوردستانیان بە ناھەق پێشێل کردووە و بەجۆرێک دەریانخست کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرپرسیارن خوڵقاندنی ئەم دۆخە”، ئەوەش دواى ئەوەى فراکسیۆنى یەکگرتوو لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەبارەى مووچە کۆبووەوە.
دەشڵێت "لێرەدا داوایان لێ دەکەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێت بەرگریکاری مافەکانی گەلی کوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە بن".
فراکسیۆنى پارتى جەختدەکاتەوە، "ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربھێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت".
لەبەرانبەردا موسەننا ئەمین ئەندامى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق وەڵامى فراکسیۆنى پارتى دایەوە و جەختیکردووەتەوە، ئەوان "نە وتەبێژی سودانین، نە حکومەتی کاربەڕێکەر، بەڵکو پارێزەری هاوڵاتیانین".
فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق رۆژى سێشەممە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە بەغداد ناردنى راگرتووە.
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەکۆبوونەوەکەدا لەگەڵ فراکسیۆنى یەکگرتوو ناردنى مووچەى بەستەوە بە پێدانى رونکردنەوە لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە لەبارەى بڕیارەکەى بۆ ئەوەى پاڵپشتى یاسایی هەبێت بۆ ناردنى مووچە، ئەوەش بەوتەى موسەننا ئەمین پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو.
موسەننا ئەمین لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا و لەزارى سودانییەوە باسى لەوەکرد، کە پێویستە عێراق و هەرێم رێز لە مەرجەکانى ناو بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بگرن بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە.
رونیشیکردەوە، هەریەکە لە وەزارەتى دارایی، دیوانى چاودێرى دارایی، ئەمیندارێتى ئەنجومەنى وەزیران بڕیارى ناردنى مووچەیان بۆ هەرێم بە “نایاسایی” داناوە، بەڵام خۆى بەرپرسیارێتى هەڵگرتووەو لەمانگەکانى رابردوودا پارەى بۆ هەرێم ناردووە، ئێستاش ئامادەیە ئەوە بکات بەڵام لەبەرئەوەى هەرێم پابەند نییە بە رادەستکردنى 50%ى داهاتى ناوخۆ و نەوت، تەوتین نەکردنى مووچە، ناتوانێت چیتر ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت.
بەوتەى موسەننا ئەمین، سودانى لەکۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە کە لەساڵى 2024 ەوە داواى رونکردنەوەیان لە دادگاى فیدرڵى کردووە کە بڕیارەکەیان بڕگەیەکى تێدایە و کێشە دروستدەکات چونکە نوسراوە لە چوارچێوەى پشکى هەرێم مووچە خەرج بکرێت، ئەوەش پەیوەستە بە خەرجى کردارییەوە و بەشى مووچە ناکات.
سودانى هەروەها ئاماژەى بەوەکردووە، جارێکى تر داواى لە دادگاى فیدراڵى کردووە رونکردنەوەى پێبدات لەو بارەیەوە و تا دادگا رونکردنەوەى پێنەدات ناتوانێت مووچە رەوانەى هەرێمى کوردستان بکات.
سەرۆک وەزیرانى عێراق لەکۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ فراکسیۆنى یەکگرتوو هەروەها جەختى لە تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کردووەتەوە بەپێی بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى و بەوتەى سەرۆکى فراکسیۆنەکە، سودانى ئامادەیی نیشانداوە کە هەر فەرمانگەیەک لیستى مووچەیان بۆ رەوانە بکات بەمەبەستى تەوتین، مووچەکانیان بۆ خەرج دەکات.
بڕیارەکەى تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق لە رۆژى 28 ى ئایار بۆ راگرتنى ناردنى پارەى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان، کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە و کێشەکانى هەرێم و بەغدادى لەسەر ئەو پرسە قوڵکردەوە و چارەنووسى مووچەى بە نادیارى هێشتووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەى 12.67 لەیاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەى بڕى 13 ترلیۆن و 547 ملیار دینارى رادەستکراوە لەکۆى خەرجى کردەیی. لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان لەکۆى 19.9 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوت لە ساڵى 2023 ەوە تا مانگى نیسانى ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دینارى رادەستى بەغداد کردووە.
بەڵام وەزارەتى دارایی هەرێم، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژى دەستور ناودەبات و دەڵێت، لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینارى پشکى هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.
حکومەتى عێراق بۆ ئەمساڵ مووچەى چوار مانگى فەرمانبەرانى رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، ئەوەش بە پێی رێککەوتنى نێوانیان کە سەرەتاى ئەمساڵ راگەیەنرا، ساڵى رابردوو مووچەى مانگى 12 ى فەرمانبەران دابەشنەکرا و هەریەکە لە هەرێم و بەغداد یەکتریان بە هۆکارى دابەشنەکردنى تۆمەتبارکرد.