فەرمانبەران لە عێراق بەگشتى ساڵانە 200 رۆژ کار دەکەن و تێچووەکەى رۆژانە 300 ملیار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت
سبەى
لەنێوان ساڵانى 2019-2024 پارەى تەرخانکراو بۆ مووچە لەسەرتاسەرى عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە بەڕێژەى 47% بەرزبووەتەوە، وەزارەتى پەروەردە پشکى شێرى بەردەکەوێت کە رێژەى مووچەى زیاتر لە 500% بەرزبووەتەوە.
بەپێی شیکردنەوەى مەنار عوبەیدى پسپۆڕى دارایی عێراقى، ساڵى 2019 کۆى ئەو پارەیەى بۆ مووچە لە عێراق و هەرێمى کوردستان تەرخانکراوە 40 ترلیۆن و 63 ملیار دینار بووە، بەڵام لە ساڵى 2024 بۆ 60.05 ترلیۆن بەرزبووەتەوە.
وەزارەتى پەروەردە پشکى شێرى بەردەکەوێت لە زیادبوونى پارەى تەرخانکراو بۆ مووچە، بەو پێیەى ساڵى 2019 پارەى تەرخانکراو بۆ مووچەى ئەو وەزارەتە 1.5 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لە ساڵى 2024 بڕەکە گەیشتووەتە 10.67 ترلیۆن دینار.
هۆکارى زیادبوونى پارەى مووچەى وەزارەتى پەروەردەى عێراق بەو بڕە زۆرە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەوەى تا ساڵى 2019، بەپێی یاساى بەڕێوەبردنى دارایی مووچەى بەشێک لەوەزارەتەکان لەسەر بودجەى پارێزگاکان هەژماردەکرا و لەلایەن ئەوانەوە خەرجدەکرا، بەڵام دواتر ئەو دۆسیەیە بۆ وەزارەتەکان گوازرایەوە.
هەروەها وەزارەتى ناوخۆ، لەساڵى 2019 بڕى پارەى مووچەى 10.45 ترلیۆن بووە، بەڵام لە ساڵى 2024 بۆ 13.09 ترلیۆن بەرزبووەتەوەن وەزارەتى بەرگریش لە 5.66 ترلیۆنەوە لە ساڵى 2019 گەیشتووەتە 8.03 ترلیۆن لە ساڵى 2024، ئەنجومەنى وەزیران لە 3.51 ترلیۆنەوە گەیشتووەتە 6.34 ترلیۆن، وەزارەتى تەندروستى لە 1.04 ترلیۆنەوە بۆ 5.87 ترلیۆن، مووچەى هەرێمى کوردستان لە 4.58 ترلیۆنەوە گەیشتووەتە 9.21 ترلیۆن دینار.
بەوتەى مەنار عوبەیدى کە 15 ساڵ ئەزموونى هەیە لە توێژینەوە و شیکارى بازاڕە داراییەکان، فەرمانبەران لە عێراق بەگشتى ساڵانە 200 رۆژ کار دەکەن و تێچووەکەى رۆژانە 300 ملیار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت و ئەگەر هەشت کاتژمێر دەوام بکرێت هەر کاتژمێرێک 37.5 ملیار دینار تێچوویەتى.
هەرەها چەند رێگەچارەیەک بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە دەخاتەوو کە بریتین لە، رێکخستنى ژمارەى فەرمانبەران و نەهێشتنى دوو مووچەیی، خانەنشینکردنى پێشوەختە، پشتوانیکردنى پڕۆژەى بچووک، خوێندنى پیشەیی.
موچە نزیکەى 70%ى بودجە قوتدەدات
لە بودجەى ئەمساڵدا کە هێشتا حکومەت رەوانەى پەرلەمانى نەکردووە و بڕەکەى نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە، دوو لەسەر سێی بۆ موچە تەرخانکراوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکارى دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق پێشتر راگەیاندبوو، بودجە بەسەر دوو بەشى سەرەکیدا دابەشکراوە، کە یەکێکیان بەکاربردنە کە 68-70%ى بودجەى بۆ تەرخانکراوە بۆ موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێرى کۆمەڵایەتى، بەشەکەى دیکە بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژەکانى گەشەپێدان و خزمەتگوزارییە.
رونیشیکردبووەوە، کۆى گشتى بودجە نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە، لەگەڵ کورتهێنانى گریمانەیی بەبڕى (64) تریلیۆن دینار، کە لە داهاتى ناوخۆیی پڕدەکرێتەوە ئەگەر تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت دابەزێت بۆ خوار 70 دۆلار یان هەناردەکردنی نەوت بۆ خوار 3.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزێت.
بەوتەى مەزهەر محەمەد ساڵح، حکومەت پابەندە بە گەرەنتیکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و نزیکەی هەشت ملیۆن هاوڵاتی موچە لە حکومەت وەردەگرن، ئەمەش بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی دارایی نزیکەی 40 ملیۆن کەس بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.