دوو بوومەلەرزەی بەهێز تورکیایان هەژاند

#وومەلەرزە#تورکیا
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی حوزەیرانی 2025، دوو بومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی چوار پلە و 4.6 پلە بە پێوەری ڕێختەر پارێزگای ئەنتاڵیا و پارێزگای چاناککالەیان هەژاند.
Primary Asset

سبەی

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی حوزەیرانی 2025، دوو بومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی چوار پلە و 4.6 پلە بە پێوەری ڕێختەر پارێزگای ئەنتاڵیا و پارێزگای چاناککالەیان هەژاند.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قورباندا، تا دێت بوومەلەرزەی بەهێزتر تورکیا دەهەژێنن و ئەمەیش ترس و لەرزی خستووەتە دڵی خەڵکەوە.

دامەزراوەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی و دۆخی لەناکاو لە تورکیا ڕایگەیاند کاتژمێر8:18ـی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.6 سنورە ئاوییەکانی دەریای ئیجەی لە پارێزگای چاناککالە هەژاندووە.

ناوەندی بومەلەرزەکە 61.27 کیلۆمەتر لە دورگەی گۆکچەوە بووە و لە قوڵایی 12.61 کیلۆمەتردا ڕووی داوە.

ئەم بوومەلەرزەیە لە کاتێکدا ڕووی دا، هێشتا کاتژمێرێک بەسەر ئەو بومەلەرزەیەدا تێنەپەڕیبوو کە بە گوڕی چوار پلە بە پێوەری ڕێختەر لە پارێزگای ئەنتاڵیا ڕووی دا.

کاتژمێر 7:32 بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی چوار پلە بە پێوەری ڕێختەر سنورە ئاوییەکانی قەزای گازی پاشای لە پارێزگای ئەنتاڵیا هەژاند.

ئەم بومەلەرزەیەیش لە قوڵایی 67.26 کیلۆمەتردا ڕووی دا.

کاتژمێر 7:56 بومەلەرزەیەک بە گوڕی سێ پلە بە پێوەری ڕێختەر قەزای سارایکۆی لە پارێزگای دەنیزلی و کاتژمێر 7:03یش بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی سێ پلە بە پێوەری ڕێختەر قەزای کیغی لە پارێزگای چەولیک (بینگۆل)ی باکوری کوردستانی هەژاند.

تائێستا زیانەکانی بومەلەرزەکانی ئەمڕۆ بەیانی دەستنیشان نەکراون.

ڕوودانی ئەم بوومەلەرزە بەهێزانە لە کاتێکدایە پێرێ نیوەشەو و کاتژمێر 2:17 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.8 سنورە ئاوییەکانی قەزای مارماریس'ی لە پارێزگای موغڵا هەژاند.

بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 67.91 کیلۆمەتر ڕووی دا و لە هەریەک لە پارێزگاکانی ئایدن، دەنیزلی، ئیزمیر و مانیسا هەستی پێ کرا.

بە هۆی بومەلەرزەکەوە کچێکی تەمەن 14 ساڵ گیانی لەدەست دا و 75 کەسی دیکەیش بریندار بوون.

بە هۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزەوە خەڵکانێکی زۆر ماڵ و شوێنکارەکانیان بەجێ هێشت و شەویان لەسەر شەقام بەسەر برد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی