سبەی
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی دوایین ئاماری نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانی ئاشکرای کرد، لە کۆی زیاتر لە 29 ملیۆن دەنگدەر، نزیکەی 8 ملیۆن دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێ نەکردوەتەوە و کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان دەرنەهێناوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش لە دهۆک زۆرترین دەنگدەر و لە هەولێر کەمترین رێژە کارتی بایۆمەتریان نوێ کردوەتەوە.
بەپێی ئامارەکەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تا رۆژی چوارشەممە (4ـی حوزەیرانی 2025) کۆی گشتی (21.147.292) دەنگدەر لە سەرتاسەری عێراق تۆماری بایۆمەتریان نوێ کردوەتەوە، لە کۆی (29.118.000) دەنگدەر، بەوەش هێشتا 8 ملیۆن دەنگدەر سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەتریان نەکردووە و مافی بەشداریی کردنی هەڵبژاردنەکانیان نییە.
لە (25ـی ئازاری 2025) دەرگای ناوەندەکانی بایۆمەتری کرایەوە و رۆژی 15ـی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دەرهێنانی کاری بایۆمەتری دەنگدان.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەمشێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر: 1.082.324 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە
کۆی گشتی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر گەیشتوەتە 1.366462
رێژەی زیاتر لە 79%ـی دەنگدەران تۆمارەکانیان نوێکردوەتەوە
پارێزگای سلێمانی (پارێزگای هەڵەبجەش ئەژمارکراوە): 1.196.499 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە.
کۆی گشتی دەنگدەراننی سنوری پارێزگای سلێمانی گەیشتوەتە: 1.496.152 کەس.
بەوپێیەش رێژەی 80%ـی دەنگدەران تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە.
پارێزگای دهۆک: 778.284 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە.
کۆی گشتی 926.746 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بەوەش نزیکەی 84% دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە.
نوێ کردنەوەی تۆماری دەنگدەران
جومانە غەلای، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كۆمسیۆن دەستیكردووە بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بۆ ئەوەش پشت بە ئامرازی وێنەی چاو دەبەستێت بۆ نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدەران، بۆ ئەو كەسانەی پەنجەمۆری دەستیان نایخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی مافی دەنگدانیان پارێزراو بێت، ئەگەر لە ڕۆژی هەڵبژاردندا پشت بە وێنەی بایۆمەتری و وێنەی چاو بەسترا.
لە دایکبوانی 2007 مافی دەنگدانیان هەیە
بۆ دەنگدان بە خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دایکبوانی ساڵی 2007 مافی دەنگدانیان هەیە و پێویستە ناوی خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار بکەن، بەپێی ئاماری کۆمسیۆن زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەری نوێ کە لە دایکبووی ئەو ساڵەن ناوی بۆ تۆماری دەنگدەران زیادکراوە و پێویستە کارتی بایۆمەتری دەربهێنن.
کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدان
لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە کۆتایی ئەمساڵ، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە مامەڵەی کڕین بە کارتی دەنگدەرانەوە دەستپێکردووە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش هۆشداریی دەداتە دەنگدەران و پارت و قەوارە سیاسییەکان.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەک چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە کە پڕۆسەی کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە لەلایەن نوسینگەی ژمارەیەک پەرلەمانتار و کاندیدەوە دەستی پێکردووە، ئەویش لە رێگەی ژمارەیەک دەڵاڵ و نێوەندگیرەوە.
بەپێی ئەو بڵاوکراوانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نرخی یەک کارتی دەنگدان لەنێوان 100 بۆ 400 دۆلارە، ئێستا دەنگدەرە نیوەی پارەکەی وەردەگرێت و دوای دەنگدانیش نیوەکەی دیکەی وەردەگرێت.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەوەیەوە رایگەیاند: ئامانجی ئەو کارە یاریی کردنە یان بێبەشکردنی دەنگدەرەکەیە لە دەنگدان، هەردوو حاڵەتەکەش سزای یاسایی توندی بەدواوەیە.
هۆشداریی دا لەوەی، کارتی دەنگدان بەڵگەنامەیەکی فەرمییە، بەرپرسیارێتی یاسایی دەکەوێتە سەر خاوەنەکەی لەکاتی مامەڵەکردن پێیەوە، ئەگەر بە بەڵگە بسەلمێنرێت کە مامەڵەی کڕینی پێوەکراوە لەلایەن کاندیدێکەوە لە هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە و دۆسیەی ئاڕاستەی دادگای تایبەت دەکرێت و روبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکردووە. بڕیارەکەش پێشوازیی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ هەموارکردنەوە و دەستکاریی و گۆڕینی بڕگەکانی.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوکرا، لە دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری کرا.
دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان
کۆی گشتی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، 329 کورسییە، کە 320 کورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 کورسی بۆ ژنانە. 9 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە، مەسیحی 5 کورسی، کوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەک، هەریەکە و یەک کورسییان هەیە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگای سلێمانی 18 کورسی هەیە 5 کورسی بۆ کۆتای ژنان. هەولێر 16 کورسی، 1 کورسی بۆ مەسیحی و 4 کورسی بۆ ژنانە. دهۆک 12 کورسی، 1 کورسی بۆ مەسیحی و 3 کورسی بۆ ژنانە.