منارە بەناوبانگەکەی حەدبا لە شەڕی رزگارکردنی موسڵ لە ساڵی 2017 وێران بوو
سبەى
دواى 11 ساڵ لە کەوتنى موسڵ، هێشتا ئاسەوارى وێرانکارییەکانى داعش لەشارەکە ماونەتەوە، لەگەڵ بوونى هۆشداریى لەدوبارەبوونەوەى کارەساتى لەو شێوەیە، سەرەڕاى جەختکردنەوەى دەسەڵاتداران لەنەمانى مەترسی تیرۆر.
11 ساڵ لەمەوبەر، عێراقییەکان بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی مێژووی هاوچەرخیان بەئاگا هاتنەوە، ئەویش کەوتنی موسڵ دووەم گەورەترین شار بوو، کاتێک سوپا و هێزە ئەمنییەکان بەخێرایی بەرانبەر هێرشى داعش هەرەسیان هێنا.
تەنها لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا چەکدارانی داعش بەبێ بەرگرییەکى بەرچاو خۆیان گەیاندە ناو شارەکە و دیمەنێکی ترسناکیان لە دوای خۆیان بەجێهێشت لە داڕمانی تەواوەتی سیستەمی سەربازی و ئەمنی.
موسڵ هەر زوو بوو بە پایتەختی تیرۆر، شایەتحاڵی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بوو، گەڕەکە مێژووییەکانى وێران کران و سەدان هەزار دانیشتووانی هەڵاتن.
ئەمڕۆ، دوای 11 ساڵ، برینەکانی موسڵ بە ساڕێژنەکراوى ماونەتەوە، سەرەڕای تێکشکاندنى تەواوەتى داعش. ئەو شوێنەوارە قووڵانەی رێکخراوەکە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە، هێشتا لەبەشێکى شارەکەدا دەبینرێن.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی فەرمی ئازادکردنی موسڵ لە مانگی تەمموزی 2017، دوای نۆ مانگ شەڕی خوێناوی، شارەکە هێشتا لە هەوڵی بنیاتنانەوەیدایە. پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بە هێواشی بەرەوپێش دەچن، دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و بێسەروشوێنەکان دانەخراوە و هێشتا لە بەشێکى گەڕەکەکان شوێنەواری بۆردومان و وێرانکاریی دەبینرێت.
هەروەها ترسەکان لە سەرهەڵدانەوەی توندڕەوی ماونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کێشەى ئابووری بەردەوامە کە بووەتە هۆى ڕێژەی بەرزی بێکاری لە نێو گەنجاندا.
بابەکر زێبارى کە لەکاتى هێرشى داعش بۆ سەر موسڵ سوپاسالارى عێراق بوو دەڵێت، "ھۆکارى کەوتنى موسڵ ناسەقامگیری عێراق بوو، بەهۆى بوونى کێشە لەنێوان پێکھاتەکان، بە تایبەت سوننە و شیعە، دەستدرێژیکردنە سەر سوننەکان، ئەوە وایکرد داعش دروست بێت و مەترسی لەسەر عێراق دروست بکات".
زێبارى کە لەنێوان ساڵانى (2003-2015) لەسەر پشکى کورد-پارتى ئەو پۆستەى وەرگرتبوو، ئێستاش راوێژکارى سەربازى سەرۆکایەتى هەرێمە بە پێگەى فەرمى حزبەکەى راگەیاندووە، ھەرکاتێک جیاوازی لەنێوان پێکھاتەکان بکرێت و دادپەروەری نەبێت مەترسی لەسەر عێراق دروست دەبێت.
"ئێستاش عێراق وانەی لەو ڕۆژە وەرنەگرتووە، ئەگەر بەخۆیدا نەچێتەوە و ئەو جیاوازی و نادادییەی ھەیە چارەی نەکات، مەترسی دووبارەبوونەوەی دۆخی پێش 11 ساڵ لە ئارادایە، بۆیە پێویستە ڕێز لە ھەموو پێکھاتەکان بگیرێت"، بابەکر زێبارى وایوت.
بەهۆى هێرشى داعشەوە، 80%ى ژێرخانی کارەبا، ئاو، دامەزراوە تەندروستییەکان، پەروەردەیی و ئەمنییەکان، هەروەها موڵک و ماڵی مەدەنی وەک ماڵ و ئۆتۆمبێل لە موسڵ وێران بوون، لە مانگی شوباتی ٢٠١٨، حکومەتی عێراق پێویستی ڕاستەقینەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕەکانی دژی داعشەوە وێران بوون، بە ٨٨.٢ ملیار دۆلار لە ماوەی ١٠ ساڵدا خەمڵاند.
ساڵی 2015، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دەستبەسەرداگرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە. لیژنەکە نورى مالیکى سەرۆک وەزیرانى ئەوکات و و ٣٥ بەرپرسی دیکەی بە بەرپرسیار زانی لە کەوتنی موسڵ و ئەنجامەکانیشی پێشکەش بە سەلیم جبوری سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق کرد، بەڵام ئەنجامەکانی ئاشکرا نەکرا.
عەلی نیعمە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ساڵی 2014 ساڵێکی گرنگ بوو لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام بەهۆی خۆڕاگریی هێزە ئەمنییەکان و هەموو پێکهاتەکان، شوێنە داگیرکراوەکان لە چنگی تیرۆر ڕزگارکران و سزاى لەسێدارەدان بەسەر زۆرێک لە سەرکردەکانى داعشدا سەپێنرا.
لە یادی یازدەهەمین ساڵڕۆژی کەوتنى موسڵدا، دانیشتوانی شارەکەلە لایەک شانازی بە سەرکەوتنەوە دەکەن، لە لایەکی ترەوە لە چارەنوسى نادیاریان نیگەرانن. بەڵام دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوام جەختدەکەنەوە کە داعش چیتر تواناى هێرشى نەماوە و تەنها شانە نوستووەکانى ماونەتەوە، کە بەردەوام لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامانج دەگیرێن.
لەکاتێکدا خەڵکى موسڵ وێنەی شارەکەیان پێش و دوای هێرشى داعش لە سۆشیال میدیا بڵاودەکەنەوە، هێشتا تامەزرۆی "موسڵێکی دیکە"ن کە زیندوو بێت و بە شوێنەوار و مزگەوت و منارە دێرینەکانى بناسرێت نەک بە ترسی درێژخایەنی داعش.