سبەى
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەزیادەوە پابەندییەکانى خۆیان بەرانبەر عێراق جێبەجێکردووە و بەغداد لە هەوڵى برینى مووچە سەرکەوتوو نابێت و لە هەوڵدان بۆ چارەسەرى قەیرانى مووچە.
مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی دامەزراوەی “ڤیزت کوردستان” بڕیارەکەى حکومەتى عێراقى بۆ بڕینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمە کوردستان بە نادەستورى بە بەشێک لە سیاسەتی فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان دانا و جەختیکردەوە "بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نابن".
باسى لەوەشکرد، لەساڵانی ڕابردوودا چەندین دۆخی سەختیان تێپەڕاندووە و هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانیان نابن.
مەسرور بارزانى وتیشى "ئێمە هەموو پابەندییەکانی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕوانمان دەکرد لە بەرانبەردا مافەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و لەو ڕێککەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزا کراون".
هەروەها بە پێویستى زانى بەغداد لە چوارچێوەى وڵاتێکی فیدراڵیدا کە هەرێمى کوردستان تێیدا قەوارەیەکى یاسایی و دەستورییە مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، "نەوەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان".
هیواشى خواست، بەرپرسانی بەغداد واز لە سیاسەتى برسیی کردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بهێنن، چونکە بەوتەى ئەو، هیچ سوودێک و ئەنجامێکی نابێت.
مەسرور بارزانی باسى لەوەشکرد، لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەریی قەیرانى مووچە بەردەوام دەبن، هیوادارن لە کاتێکی زوودا، بگەنە ئەنجامێک لەو بارەیەوە، بەبێ ئەوەى زانیاریی لەبارەى هەوڵەکانەوە بخاتەڕوو.
رۆژى 28 ى ئایار، وەزارەتى دارایی عێراق ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى راگرت، بە پاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجە، بەڵام حکومەتى هەرێم ئەوە رەتدەکاتەوە و بڕیارەکە بە "سیاسی" دادەنێت.
بەپێی نوسراوەکەی وەزارەتى دارایی عێراق کە لە رۆژی (28ـی ئایاری 2025) بە ئیمزای تەیف سامی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کراوە، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەى 12.67 لە یاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەى بڕى 13 ترلیۆن و 547 ملیار دینارى رادەستکراوە لەکۆى خەرجى کردەیی.
لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان لەکۆى 19.9 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتی لە ساڵى 2023ـەوە تا مانگى نیسانى ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دینارى رادەستى بەغداد کردووە.
لەبەرامبەردا وەزارەتى دارایی هەرێمی کوردستان، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژى دەستور ناودەبات و لە رونکردنەوەیەکدا دەڵێت: لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینارى پشکى هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.
چوار مووچەی 2025
حکومەتى عێراق بۆ ئەمساڵ مووچەى چوار مانگى فەرمانبەرانى رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، ئەوەش بە پێی رێککەوتنى نێوانیان کە سەرەتاى ئەمساڵ راگەیەنرا، ساڵى رابردوو مووچەى مانگى 12ـى فەرمانبەران دابەشنەکرا و هەریەکە لە هەرێم و بەغداد یەکتریان بە هۆکارى دابەشنەکردنى تۆمەتبارکرد.
دوایین مووچە کە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان درا، مووچەی مانگی نیسان بوو کە رۆژی 14ـی ئایاری 2025 و بە سێ رۆژ بەسەر سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و خانەنیشان دابەشکرا، مووچەی مانگی ئازاریش لە 27ـی ئازار بەهەمان شێوە بە سێ رۆژ دابەشکرا، مووچەی مانگی شوباتیش لە 31ـی ئازار و بە چوار رۆژ دابەشکرا، مووچەی مانگی کانوونی دووەمیش لە 5ـی شوباتی 2025، دابەشکرا.