سبەى
شەش کەس لەسەر رووداوى کوژرانى دوو خوشکەکەى سنورى بەردەڕەش دەستگیرکران، کە کەوتنە بەر دەستڕێژى گولـلەى دوو خێزان کە بەهۆى کێشەیەکى کۆمەڵایەتییەوە بەشەڕ هاتبوون.
نزیک کاتژمێر 12 ى شەوى رابردوو، لەکاتێکدا خێزانێکى پێنح کەسى لەسەر رێگاى کۆمەڵگەى بەشیریان لە سنورى قەزاى بەردەڕەش لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە رێگەدا بوون بەرەو ماڵى خۆیان، کەوتنە بەر دەستڕێژى گولـلە.
لە رووداوەکەدا ئایە و ئامینە کە تەمەنیان لە 5 ساڵ و 11 ساڵ بوون کوژران، باوک و خوشکێکى دیکەشیان کە تەمەنى 13 ساڵە بریندارن، تەنها دایکیان بەسەلامەتى رزگارى بوو.
دوو سەرچاوەى ئاگادار لە رووداوەکە بۆ “سبەى” باسیان لەوەکرد، ئەو خێزانە خەڵکى گوندى ئامیانن و بۆ سەردانیکردن چووبوونە ناحیەى کەڵەک و بە رێگاى کۆمەڵگەى بەشیریان دەیانویست بگەڕێنەوە، کاتێک کەوتونە بەر دەستڕێژى گولـلەى دوو خێزان کە لەو کاتەدا بەشەڕ هاتبوون.
یەکێک لە سەرچاوەکان کە بەرپرسیارێتى لە پۆلیسى بەردەڕەش هەیە بۆ “سبەى” ئاماژەى بەوەکرد، بەهۆى رووداوەکەوە دوو کچى خێزانەکە کوژران، باوک و کچێکى دیکەش برینداربوون و تەنها دایکیان رزگاریبووە.
باوکى کچەکان فیشەک بەر شانى کەوتووە و بەوتەى سەرچاوەکە تەندروستى جێگیرە، کچەکەى دیکەشى فیشەک بەر دەستى کەوتووە و بۆ چارەسەر رەوانەى نەخۆشخانە کراوە لە هەولێر.
هەردوو سەرچاوەکە جەختیانکردەوە، ئەو خێزانە هیچ پەیوەندییەکیان بەو شەڕەوە نەبووە و بوونەتە قوربانى شەڕى نێوان دوو خێزان کە بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتییەوە تەقەیان لەیەکترى کردووە.
دواى رووداوەکە شەش کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران، سەرچاوەکەى پۆلیس وتى چوار لەو کەسانە لەخێزانێکن و دووانى دیکەشیان لە خێزانێکى دیکەن، دانیان بەوەداناوە کە تەقەیان کردووە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەو دوو کچە بە تەقەى کام لایان پێکراون.
دواى رووداوەکە، بەرەبەیانى رۆژى پێج شەممە تەرمی کوژراوەکان لە گەڕەکی خێلەکی بەردەڕەش بە خاک سپێردران.