هەپەگە: تورکیا بە هەموو جۆرە چەکێک بەردەوامە لە هێرشەکانی و بازرگانانی شەڕ لە پشت هێرشەکانەوەن

#هەپەگە#پەکەکە#تورکیا
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند تورکیا بە هەموو جۆرە چەکێک بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە باشوری کوردستان.
Primary Asset

سبەی

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند تورکیا بە هەموو جۆرە چەکێک بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە لە باشوری کوردستان.

وێڕای ئەوەی پەکەکە لە 12ـی ئایاری 2025 و وەک بە دەمەوەهاتنی داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕیاری دا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، لەبری نیشاندانی نیازپاکی، هێشتا تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی.

ئاژانسی هەواڵی فورات ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025 ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی چاپەمەنیی هەپەگە بڵاو کردووەتەوە کە ئاماژە بەوە دراوە هەرچەند لە یەکی ئایارەوە هەپەگە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاندووە، کەچی سوپای تورکیا ئەمەی قۆستوەتەوە و بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و مەتینا، گەمارۆدانی بنکەکانی گەریلاکان و تێکدانی تونێڵەکانی پەکەکە بە ئامێرەکانی وەک حەفارە. 

هەپەگە بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە هێزەکانی سوپای تورکیا بە مادەی کیمایی بەهێز، گازی کیمیایی، درۆنی بۆمبڕێژکراو بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر گەریلا و لەم چەند ڕۆژەی دواییشدا بە چڕی گازی کیمیایی لە گوندی شێلازێ لە ناوچەی مەتینا، گوندی سێگرێ و گرێ ئامێدیێ لە نزیک شارۆچکەی ئامێدی بەکار دەهێنێت و لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت گەریلاکان لەو سێ کەمپە بە ئامانج بگرێت.

هەپەگە هۆشداری دەدات لەوەی کە بازرگانانی شەڕ لە پشت ئەو هێرشانەوەن بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لەبار بچێت و دەشڵێت: "با ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە باش بزانن گەریلا لە چوارچێوەی مافی بەرگریی ڕەوا بە شێوەی جیا بەرپەرچیان دەداتەوە" و بە پێویستیشی دەزانێت ئەو جۆرە هێرشە نامەردانە ڕابگیرێن کە بازرگانانی جەنگ لە پشتیەوەن.

هەپەگە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر ئەوان ئاگربەستیان ڕانەگەیاندبووایە، سوپای تورکیا نەیدەتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گەریلا گەمارۆ بدات بەم شێوەیە و دەڵێت: "ئەوان ئەو ئاگربەستەیان قۆستوەتەوە، بۆ ئەوەی وا نیشانی بدەن کە گوایە پاڵەوانن".

هەپەگە داوا لەوانە دەکات کە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کورددان بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، دەسەڵاتی خۆیان بەکار بهێنن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دەڵێت: "داوا لە هەموو ئەوانەیش دەکەین کە داکۆکی لە مافی مرۆڤ دەکەن و دژی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراون و لەگەڵ ئاشتی و دیموکراسیدان، بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیا و بکەونە جموجۆڵ".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە وردی باس لە هێرشەکان کراوە و جەخت لەوەیش کراوەتەوە لە 9ـی حوزەیران تا 12ـی حوزەیران دەیان جار و بە چەکی جیاواز هێرش کراوەتە سەر ناوچەکانی زاپ، مەتینا و گارە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی