باراک دووجار لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەتەوە
سبەى
نێردەى دۆناڵد ترەمپ بۆ سوریا نیگەرانى واشنتنى نیشاندا لەوەی هەوڵەکانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بۆ بەرەوپێشبردنی حوکمڕانی گشتگیر و پەیوەندیکردنى لەگەڵ ڕۆژئاوا بیکاتە ئامانجی تیرۆرکردن لەلایەن چەکدارە ناڕازییەکانەوە.
تۆماس باراک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەى ئەلمۆنیتۆرى ئەمەریکى جەختیکردەوە لەسەرئەوەى پێویستە هەماهەنگى بکەن بۆ دانانى سیستەمێکی پتەوى پارێزگارى لە دەوروبەری شەرع.
گروپە ناڕازییەکان
باراک تیشکی خستە سەر ئەو مەترسیانەی کە لەلایەن ئەو چەکدارە بیانیانە دروستبووە کە پەیوەندییان بە شەرعەوە کرد لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا کە بەهۆیەوە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد روخا، لەکاتێکدا سەرکردایەتی نوێی سوریا کاردەکات بۆ تێکەڵکردنیان لە ریزى سوپادا، هاوکات لەگەڵ بوونى مەترسى چەکدارکردنیان لەلایەن گروپەکانى وەک داعشەوە.
نوێنەری ئەمریکا وتی، تا پڕۆسەى یارمەتیدانى ئابووری سوریا زیاتر بخایەنێت، گروپەکان زیاتر دەنگیان بەرزدەبێتەوە کە دەڵێن، "ئەمە دەرفەتی ئێمەیە بۆ پەکخستنى ئیدارەى نوێ".
جەختیشیکردەوە، پێویستە رێگری لەو هێرشبەرە چاوەڕوانکراوانە بکەن، لە رێگەى هاوکاری نزیک و هاوبەشیکردنی هەواڵگریی لەنێوان هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا نەک دەستێوەردانی سەربازی.
باراک کە دووجار لەگەڵ شەرع کۆبووەتەوە، سەرۆکی سوریای بە "متمانەپێکراو" وەسفکرد. گومانی لە ڕابردووی جیهادی شەرع کەمکردەوە و دەڵێت "دڵنیام کە بەرژەوەندییەکانمان بەتەواوی وەک یەکە، ئەمەش ئەوەیە کە لە ئیدلب کردوویەتی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و کارا کە ئیسلامی میانڕەو بێت نەک توندڕەو."
دەستەى تەحریر شام، لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ەوە هێزی سەربازی باڵادەست و دەسەڵاتی دیفاکتۆ بووە لە ئیدلب. لە ساڵانی ڕابردوودا، پۆلیسی ئەخلاقی لە شوێنە گشتیەکان کشاندەوە و مەرجە توندەکانی جل و بەرگی ئیسلامی بۆ ژنان سووک کرد. هەروەها شەرع دەستی کرد بە دەرکەوتنی گشتی لەگەڵ کەسایەتییە مەسیحییەکان و دروزەکانی ناوچەکە و بەڵێنی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دەست بەسەردا گیراوەکانیدا.
سوریا کە زۆرینەی سوننەیە، شوێنی تێکەڵەیەک لە گروپە ئایینی و نەتەوەییەکانە، لەوانە مەسیحی، عەلەوی، کورد و دروز، کە شەرع ڕایگەیاندووە مافەکانیان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی نوێدا پارێزراو دەبێت.
بەڵام رووداوى کوشتنی تۆڵەسەندنەوە کە لەلایەن گروپە لایەنگرەکانی حکومەتەوە ئەنجامدرا، لەنێویاندا شەپۆلێکی توندوتیژی تائیفی لە دڵی عەلەوییەکانی کەنار دەریاکانی سوریا لە مانگی ئازاردا، نیگەرانی لەبارەی توانای شەراعەوە بۆ پاراستنی کەمینەکانی وڵاتەکە دروستکرد. بەڵام باراک دەڵێت شەرع و حکومەتەکەى بەشێوەیەکى باش بارودۆخەکە بەڕێوەدەبەن.
هەڵگرتنى سزاکان
باراک کەمتر لە مانگێک دوای کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ شەرع لە ڕیاز لە 14ی ئایاردا رایگەیاند، سەرجەم سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سوریا هەڵدەگیرێت. ئەوەش گۆڕانکارییەکی سەرسوڕهێنەر بوو بۆ سیاسەتی ئەمەریکا، کە بریتی بوو لە دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شەرع و حکومەتە کاتییەکەی.
باراک، وەبەرهێنەری خانووبەرە و دۆستی دێرینی ترەمپ، مانگی ڕابردوو وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کاریدەکرد، کاتێک ڕۆڵی نێردەی تایبەت بۆ سوریای گرتە ئەستۆ.
باراک جەختی لەوەکردەوە، کەمکردنەوەی سزاکان پەیوەست نییە بە هیچ مەرجێکەوە، وەک ئەوەی هەندێک لە بەرپرسانى ئیدارەی ترەمپ بانگەشەیان بۆ دەکرد.
باراک وتی "چاوەڕوانی" بەردەوامبوونی شەفافیەت هەیە، لەکاتێکدا شەرع بەدواداچوون بۆ چەندین کارى لە پێشینەى دەکات کە ترەمپ لە کۆبوونەوەکەیاندا خستوویەتییەڕوو. کە بریتین لە سەرکوتکردنی چەکدارە فەلەستینییەکان، بەدواداچوون بۆ چوونە ناوەوەی وڵاتەکە بۆ ناو ڕێککەوتنی ئیبراهیمى و بەرپەرچدانەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش.
لە ٢٣ی ئایاردا وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕێگەى بە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی ئەمریکادا مامەڵەی دارایی لەگەڵ دامودەزگاکانی سوریا بکەن، لەنێویاندا بانکی ناوەندی وڵاتەکەی. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستبەرداربوونی شەش مانگ لە سزاکانی ڕاگەیاند.
ئاڵنگارییەکان
باراک ئاماژەی بە زنجیرەیەک ئاڵنگاریی کرد کە چاوەڕوانی ئەحمەد شەرعن، لەوانە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان بۆ ناو سوپای نیشتمانی، یەکخستنی چەکدارە بیانییە توندڕەوەکان، کەمپە فراوانەکانى باکوری سوریا کە گومانلێکراوانی داعش و خێزانەکانیان لەخۆدەگرن.
هەروەها شەرع دەبێت لەگەڵ ئیسرائیلدا ململانێ بکات، کە لە دوای لابردنی ئەسەدەوە ئۆپەراسیۆنەکانی لە سوریا فراوانتر کردووە و دەستی بەسەر ناوچەی پارێزراوی 400 کیلۆمەتری چوارگۆشەدا گرتووە لە بەرزاییەکانی جۆلان، هێرشى سنوورداری بۆ باشووری سوریا ئەنجامداوە، سەربارى هێرشی ئاسمانی.
شەرع ئاماژەی بەوەکردووە، پابەندە بە بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل و ئاماژەی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.
باراک پێشتر داوای بەستنى پەیماننامەیەکى کردبووە لەنێوان سوریا و ئیسرائیل و ململانێکانی ئەوانی بە "کێشەیەکی چارەسەرکراو" وەسف کرد. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەى ئەمەریکا چ هەنگاوێک دەنێت بۆ ئاسانکاری گفتوگۆ یان دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوولادا وتی: "هیوای ئێمە ئەوەیە کە هەردولا، ئیسرائیل و شەرع، تەنانەت ئەگەر لەم کاتەدا قسە لەگەڵ یەکتر نەکەن، لێکتێگەیشتنێکی بێدەنگیان لەگەڵ یەکتردا هەبێت کە دەستوەردانى سەربازیی لە ئێستادا شتێکی ترسناک دەبێت بۆ هەردووکیان."
دیمەشق لە پرسێکی تری گەرمدا پێشکەوتنی بەدەستهێناوە. لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا، شەرع ڕێکەوتنێکی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات واژۆکرد، کە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردووە، بۆ ئەوەی هێزەکانی تێکەڵ بە سوپای نیشتمانی سوریا بکات.
هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 400 زیندانی لە نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە ئاڵوگۆڕکرا، کە بۆ یەکەمجار بوو پڕۆسەیەکى لەو شێوەیە بەرێوەبچێت، بەڵام ناکۆکییەکانى نێوانیان بە چارەسەرنەکراوى ماونەتەوە، لەنێویاندا کۆنترۆڵکردنی بەنداوی ستراتیژیی تشرین.
زیاتر لە 10 ساڵ سزاکان سوریای لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی دابڕاندووەو یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەى زیاتر لە 90%ی خەڵکی سوریا بکەوونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. کۆتایی هێنان بەو رەوشە زەمینە بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ سوریا خۆش دەکات، کە لە هەر چوار کەسێک یەکێک لە دانیشتووانەکەى بێکارن و بودجەى خەمڵێنراو بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەبە ٢٥٠ بۆ ٤٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
باراک ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا لە سوریا بە لابردنی بەربەستەکانی بەردەم بوژانەوەی ئابوری وڵاتەکە دادەنێت بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو و تورکیا و خودی سورییەکان بتوانن هەنگاو بنێن بۆ بنیاتنانەوەى ئەو وڵاتە.