چارەسەرکردنى کێشەکان؛ پەیامێک لە واشنتنەوە بۆ هەرێم و بەغداد لەبارەى مووچەى فەرمانبەران

#ئەمەریکا#عێراق#هەرێمى کوردستان#مووچە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • تامی بروس وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا رۆژى سێشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا جەختیکردەوە کە ئاگادارى بڕیارى راگرتنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە و وتى "هانى بەغداد و هەولێر دەدەین، کێشەکانیان لە رێگەى دیالۆگى بنیاتنەرەوە و لە چوارچێوەى ئەرکە دەستورییەکانیان چارەسەر بکەن".
Primary Asset

سبەى

وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا داوا لە هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکات لە رێگەى دیالۆگەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، لەناویاندا کێشەى مووچەى فەرمانبەران.

تامی بروس وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا رۆژى سێشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا جەختیکردەوە کە ئاگادارى بڕیارى راگرتنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە و وتى "هانى بەغداد و هەولێر دەدەین، کێشەکانیان لە رێگەى دیالۆگى بنیاتنەرەوە و لە چوارچێوەى ئەرکە دەستورییەکانیان چارەسەر بکەن".

وتیشى "چارەسەرى کێشەى مووچە بەخێرایی ئاماژە بۆ ئەوەى عێراق ژینگەیەک دروستدەکات کە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەتوانن وەبەرهێنانی تێدا بکەن".

رۆژى 28 ى ئایار، وەزارەتى دارایی عێراق ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى راگرت، بە پاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجە، بەڵام حکومەتى هەرێم ئەوە رەتدەکاتەوە و بڕیارەکە بە "سیاسی" دادەنێت.
 

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى سێشەممە لە وتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی دامەزراوەی “ڤیزت کوردستان” بڕیارەکەى حکومەتى عێراقى بۆ بڕینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمە کوردستان بە نادەستورى بە بەشێک لە سیاسەتی فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان دانا و جەختیکردەوە "بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نابن".

باسى لەوەشکرد، لەساڵانی ڕابردوودا چەندین دۆخی سەختیان تێپەڕاندووە و هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانیان نابن.

مەسرور بارزانى وتیشى "ئێمە هەموو پابەندییەکانی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕوانمان دەکرد لە بەرانبەردا مافەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و لەو ڕێککەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزا کراون".

هەروەها بە پێویستى زانى بەغداد لە چوارچێوەى وڵاتێکی فیدراڵیدا کە هەرێمى کوردستان تێیدا قەوارەیەکى یاسایی و دەستورییە مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، "نەوەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان".

هیواشى خواست، بەرپرسانی بەغداد واز لە سیاسەتى برسیی کردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بهێنن، چونکە بەوتەى ئەو، هیچ سوودێک و ئەنجامێکی نابێت.

مەسرور بارزانی باسى لەوەشکرد، لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەریی قەیرانى مووچە بەردەوام دەبن، هیوادارن لە کاتێکی زوودا، بگەنە ئەنجامێک لەو بارەیەوە، بەبێ ئەوەى زانیاریی لەبارەى هەوڵەکانەوە بخاتەڕوو.

بەپێی نوسراوەکەی وەزارەتى دارایی عێراق کە لە رۆژی (28ـی ئایاری 2025) بە ئیمزای تەیف سامی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کراوە، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەى 12.67 لە یاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەى بڕى 13 ترلیۆن و 547 ملیار دینارى رادەستکراوە لەکۆى خەرجى کردەیی. 

لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان لەکۆى 19.9 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتی لە ساڵى 2023ـەوە تا مانگى نیسانى ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دینارى رادەستى بەغداد کردووە.

لەبەرامبەردا وەزارەتى دارایی هەرێمی کوردستان، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژى دەستور ناودەبات و لە رونکردنەوەیەکدا دەڵێت: لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینارى پشکى هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی