مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆمارى ئێران
سبەى
مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆمارى ئێران رایگەیاند، ئەمەریکا و رۆژئاوا دەیانەوێت وڵاتەکەى بکەنە ئامانجێکى ئاسان بۆ ئیسرائیل لە رێگەى راگرتنى تەواوەتى چالاکى ئەتۆمى لە وڵاتەکەى، لەکاتێکدا ئەوان نایانەوێت چەکى ئەتۆمى دروست بکەن.
ئەو قسانەى پزشکیان لەکۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا هات لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنى گرژییەکانى نێوان تاران و واشنتن، پێش چەند رۆژێکى کەم لە دەستپێکردنى گەرێکى نوێی دانوستانى ئەتۆمى نێوانیان.
پزیشکان جەختیکردەوە، سیاسەتى ئەوان ئەوەیە کە بەدواى بەرهەمهێنان و دروستکردنى چەکى ئەتۆمیدا نین، ئەوەش رابەرى باڵاى ئێران جەختى لێکردووەتەوە، بەڵام کەس مافى ئەوەى نییە تاران ناچار بکات کە لە لێکۆڵینەوەى زانستى لەپرسی ئەتۆمیدا نەکات.
وتیشى "پێمان دەڵێن نابێت زانستى ئەتۆمیتان هەبێت بۆ ئەوەى هەر کات قسەمانکرد ئیسرائیل بتوانێت بۆمبمان بەسەردا ببارێنێت".
سەرۆک کۆمارى ئێران جەختیکردەوە، ئەمەریکا ناتوانێت سزا و گەمارۆى ئێران بدات، هەرچەندە هەڕەشەى لەو شێوەیە دەکات.
رونیشیکردەوە "دەتوانین بە بازرگانیکردن لەگەڵ دراوسێکانمان کێشەکە چارەسەر بکەین، دەتوانین بە دۆلار مامەڵە نەکەین و بە دراوى نیشتمانى یان کاڵا بە کاڵا مامەڵە بکەین".
بڕیارە یەکشەممەى داهاتوو گەڕى شەشەمى دانوستانەکانى ئەمەریکا و ئێران لە مەسقەتى پایتەختى عومان ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا بەرپرسانى هەردوولا دەستیان کردووەتەوە بە لێدوان و قسەى توند لەدژى یەکترى.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژى دووشەممەى رابردوو ئاشکرایکرد، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکى تەلەفۆنى ئەنجامداوە بۆ قسەکردن لەسەر دۆسیەى ئێران و چەند پرسێکى تر.
وتیشى "ئێران هەندێ داواکارى هەیە کە جێبەجێ ناکرێن و جێگرەوەکانى شکستی ڕێککەوتنەکە زۆر مەترسیدارن، تاران بەدواى پیتاندنى یۆرانیۆمەوەیە و ئێمەش بەوە رازى نابین".
ترەمپ باسى لەوەشکرد، رۆژی پێنجشەممە 12ـی حوزهیران دووبارە لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە، زانیاریی زیاتر لە بارەی پێشنیازەکەی ئێران دەزانن.