باسی مووچە ناكات؛ ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت

#مووچە#هەرێم#ئەنجومەنی وەزیران
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: ڕۆژی چوارشەممە 18ی حوزەریرانی 2025، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات.
Primary Asset

کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران

سبەی

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، سێ تەوەر تاوتوێ دەكات بەبێ ئەوەی باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكات.

ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: ڕۆژی چوارشەممە 18ی حوزەریرانی 2025، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات.

سێ بڕگە تاوتوێ دەکرێت

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی یەكەمدا دوایین دۆخی ناوچەكە و شەڕ و ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكرێت.

لە بڕگەی دووەمدا پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی 20% بۆ شەش مانگی دیكە (1ی تەمووزی 2025 تا 31ی كانوونی یەكەمی 2025) گفتوگۆ دەكرێ.

لە بڕگەی سێیەمدا، بەدواداچوون دەكرێت بۆ بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ژمارە 159 لە ڕێكەوتی 19ی ئاداری 2025 تایبەت بە دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكیی گشتی و خستنەڕووی وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ئەم بابەتە بە نووسراویان ژمارە 1162 لە 9ی نیسانی 2025.

تائێستا مووچەخۆران  چاوەڕێی مووچەی مانگی ئایار دەكەن

كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە، تائێستا مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی مووچەی مانگی ئایار دەكەن، لەكاتێكدا مانگی حوەزەیران زیاتر لە نیوەی تێپەڕیوە.

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كەوتووەتە هەفتەی داهاتوو، واتە لە كۆتایی ئەم مانگە بڕیار لەوبارەیەوە دەدرێت، بەوەش فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەنوسی دوو مووچەیان نادیار دەبێت.

مووچە هاتووەتەوە خاڵی سەرەتا

بڕیارەكەی 28 ی ئایاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ راگرتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر كێشەی مووچەی هێنایەوە خاڵی سەرەتا، ئەوەش دوای چوار مانگ لەناردنی مووچە بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەرەتای ئەمساڵدا.

هەریەكە لە هەرێم و بەغداد یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە پێشێلكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی كە ساڵی 2024 دەریكرد و تێیدا مووچەی فەرمانبەرانی بەدەركرد لە كێشەكانی هەرێم و بەغداد.

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی كێشەكە، گروپێك فەرمانبەر و مامۆستای ناڕازیی لە چەند هەفتەی رابردوودا دوو سكاڵایان لەسەر بەرپرسانی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆماركرد.

دادگای فیدراڵی رۆژی یەكی حوزەیران لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە و بەم نزیكانە بڕیارێكی فەرمان سالاری لەبارەیانەوە دەردەكات، بەڵام بەهۆی سەفەری حەجی ژمارەیەك ئەندامی دادگا هێشتا بڕیارەكەی نەداوە.

سکاڵا لە دادگای فیدراڵی

سكاڵاكاران هەفتەی رابردوو لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كۆبوونەوە، كە تێیدا تەیف سامی جەختی لە جێبەجێكردنی تەوتینی مووچە كردەوە بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

جگە لە سكاڵای فەرمانبەران و مامۆستایان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە دادگای فیدراڵی كردووە رونكردنەوەی پێبدات لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی، بەو پێیەی دادگا لە بڕیارەكەیدا جەختیكردووەتەوە كە دەبێت مووچە لە پشكی هەرێم خەرج بكرێت، لەكاتێكدا پشكی هەرێم لە بودجە تەواو بووە.

بەكر حەمەسدیق پارێزەری كەیسی ساڵی رابردووی مووچەخۆران لە دادگای فیدڕاڵی بۆ سبەی ئاماژەی بەوەدا، ئەم پرسە لە بڕیارەكەی دادگادا جیایە كە باڵادەستە بەسەر یاسای بودجەدا، بەو پێیەی لە بڕیارەكەدا پرسی مووچە خراوەتە دەرەوەی یاساكە

وتیشی "دادگا دەتوانێت بە بڕیارێكی وەلائی بڕیارەكەی تەیف سامی كە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانیشە هەڵیوەشێنێتەوە، چونكە ئەوە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە، ئەوەش مانای گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای جێبەجێكردنی بڕیارەكە".

بەكر حەمە سدیق پێیوایە، بڕیارەكەی تەیف سامی پێچەوانەی دەستور و یاسای راژەی فەرمانبەران و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە كە هیچ جۆرە شیكردنەوەیەك هەڵناگرێت.

رونیشیكردەوە، بڕیارەكەی دادگا ئیمتیازەكەی لەوەدایە، كە مووچەی لەپشكی هەرێم لە بودجە جیاكردووەتەوە، بە جۆرێك كە عێراق ناچاردەكات راستەوخۆ لە رێگەی تەوتینەوە ئەو بڕە پارەیە بنێرێت و لە پشكی هەرێم بیبڕێت.

بڕیارەكەی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵیی 20 لاپەڕەیە و پێنج بڕگە لە خۆ دەگرێت، كە یەكێكیان تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و تەوتینی مووچە.

 

 

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی