دوو سكاڵا لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە دادگای فیدراڵی تاوتوێ دەكرێت

#هەڵەبجە#دادگای فیدراڵی#عێراق#پەرلەمان
7 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • رۆژی پێنجی ئایاری 2025 یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ژمارە 4824ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوكرایەوە و یاساكە بە فەرمی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەڵەبجە بوو بە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان.
Primary Asset

دادگای فیدراڵی

سبەی

ئەمڕۆ دوو سكاڵای تایبەت بە پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە دادگای فیدراڵی عێراق تاوتوێ دەكرێت، كە لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرەكەی تۆماركراوە.

رۆژی 14ـی نیسانی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند كرد، دواتر لە مەراسیمێكدا لە كۆشكی بەغداد بە ئامادەبوونی ژمارەیەك پەرلەمانتارو پارێزگاری هەڵەبجە ونوێنەرانی رێكخراوەكانی كیمیاباران و قوربانیان و كەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، سەرۆك كۆماری عێراق لە 29ـی نیسانی 2025 بە فەرمی یاساكەی واژۆ كرد.

رۆژی پێنجی ئایاری 2025 یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ژمارە 4824ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوكرایەوە و یاساكە بە فەرمی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەڵەبجە بوو بە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی كوردستان.

بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق، سكاڵاكە داوا دەكات یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و مەرسومی كۆماریی تایبەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێن، لە كاتێكدا لە 14 ی نیسانی ئەمساڵەوە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە داوە و 29 ی هەمان مانگیش سەرۆك كۆماری عێراق واژۆی لەسەر یاساكە كرد، هەروەها لە 14 ی ئایار دادگای فیدراڵی رەتیكردەوە فەرمانسالاری دەربكات بۆ راگرتنی رێوشوێنەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.

سكاڵاكە لەلایەن پێنج پەرلەمانتاری عێراق (محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی) ،(حەیدەر محەمەد) ،( مستەفا خەلیل) ، (باسم خوزەیر) ، (نفوز حسێن) ەوە تۆماركراون.

ئەو پەرلەمانتارانە لە سكاڵای یەكەمدا داوایان كردووە، مەرسومی كۆماری بۆ هێنانەكایەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بە نادەستوری لەقەڵەم بدرێت، لە سكاڵای دووەمیشدا دانیشتنەكە بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەن و داواش دەكەن یاساكە بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت.


 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی