لەبارەی مووچەوە؛ مەسرور بارزانی نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق دەکات

#حکومەتی هەرێم#مووچە#بەغداد#سەرۆکایەتییەکانی عێراق
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • مەسرور بارزانی نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکایەتییەکانی عێراق بخرێتەڕوو
  • پێش دەستلەکارکێشانەوەشیان، نامەیەکی ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی کردبوو.
Primary Asset

سەرۆک کۆمار و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد

سبەی

مەسرور بارزانی نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکایەتییەکانی عێراق بخرێتەڕوو، پێش دەستلەکارکێشانەوەشیان، نامەیەکی ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی کردبوو.

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، لە گەڵ فارس عیسا سەرۆکى نوێنەرایەتییەکە کۆبوەتەوە، تیایدا نامەیەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەر کردنى کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، کە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، رادەستی سەرۆک کۆمار کرد، بڕیارە ناوەڕۆکى نامەکە لە کۆبوونەوەى چوار سەرۆکایەتیییەکە بخرێتەڕوو، کە بڕیارە ئەمڕۆ بە مەبەستى تاوتوێکردنى رەوشى گشتى وڵات ئەنجام بدرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، هەر لە کۆبونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانى شەڕى نێوان ئێران و ئیسرائیل و چۆنیەتی دوورخستنەوەى عێراق و وڵاتانى ناوچەکە لەو شەڕە وێرانکاریە، کاردانەوەکانى ئێستا و داهاتووى لە سەر عێراق، تاووتوێکران. هەردوولا رەوشى سیاسی عێراق و ئەو ئاستەنگانەى دەبنە رێگر لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانیى کە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت، تاووتوێکرد.

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بڵاوی کردەوە؛ پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد، بە تایبەتى قەیرانى راگرتنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە، تەوەرێکی دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.

نامەی حکومەتی هەرێم بۆ دادگای فیدراڵی

لە کۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان (18ـی حوزەیرانی 2025) مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بە هەموو شێوەیەك، لە هەوڵ و كاركردن بەردەوامین بۆ چارەسەكردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەك دوو رۆژەی دواییدا، نامەیەكمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە".

سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەكەدا وتویەتی: "هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەكەدا بڕیارێكی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵكی كوردستان بدات، بە تایبەتیش كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەكانی بگیرێت و شایستە داراییەكانی بنێردرێت".

دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی

رۆژێک دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (19ـی حوزەیرانی 2025) نۆ دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عیراقدا نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد، وەكو ناڕەزاییەك دژی فشاری حكومەت و ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ سەر دادگاكە سەبارەت بە دۆسیەی خور عەبدوڵڵا.

داوایەکی دادگای فیدراڵی لە سەرۆک کۆمار

لە پێشهاتێكی نوێدا كە قەیرانی دادگای فیدراڵی زیاتر قوڵ دەكاتەوە، سەرۆكایەتی كۆمار بەڵگەنامەیەكی بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا پێشنیازێكی سەرۆكی دادگای فیدراڵی عێراق رەتدەكاتەوە بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان، هەنگاوەكەی بە پێشێلكردنی ئاشكرای دەستور ناودەبات لەگەڵ دەستێوەردانێكی سیاسی بێ پاساو.

ئەو هەڵوێستەی سەرۆكایەتی كۆمار هاوشێوەیە لەگەڵ هەڵوێستی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، كە ئەویش دەستپێشخەری سەرۆكی دادگای فیدراڵی رەتكردەوە، باسی لەوەشكرد دادوەر جاسم محەمەد عەبود سنوری دەسەڵاتەكانی خۆی تێپەڕاندووە، مەبدەئی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانیشی پێشێل كردووە كە دەستور ئاماژەی پێداوە "چونكە هیچ كۆبوونەوەیەكی لایەنە سیاسیەكان بە داوایەكی دادوەریی بەرێوەناچێت، هیچ رێگایەكیش نییە بۆ كردنەوەی دەرگای دەستێوەردانی سیاسی لە دادگاكان".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی