لەماوەی دەیەیەكدا؛ 148 هەزار كەس هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە

#کۆچبەر#هەرێمی کوردستان
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی ئامارێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەران ساڵی رابردوو هەشت هەزار و 938 كۆچبەر گیانیان لەدەستداوە. هەرچەندە رێكخراوەكە مەزەندەی دەكات ئاماری راستی ئەو كۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە زیاترە، چونكە ژمارەیەكی زۆریان تۆمار نەكراون.
Primary Asset

ژمارەیەک کۆچبەر

سبەی

سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا، 148 هەزار كەس هەرێمی كوردستانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەجێهێشتووە.

ئەبوبەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان بۆ هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستانەوە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا كۆچبەری وڵاتانی ئەوروپا بوون گەیشتووەتە 148 هەزار و 400 كەس، لەو ژمارەیەش 414 كەس گیانیان لەدەستداوە، تائێستاش ژمارەیەك كەس بێسەروشوێنن.

بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان، ناوچەی رانیە و پشدەر بە تەنها 33 هەزار و 800 كەسی لێ تۆماركراوە كە هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە، لەو ژمارەیەش 112 كەسیان لەو رێگەیە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەران ساڵی رابردوو هەشت هەزار و 938 كۆچبەر گیانیان لەدەستداوە. هەرچەندە رێكخراوەكە مەزەندەی دەكات ئاماری راستی ئەو كۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە زیاترە، چونكە ژمارەیەكی زۆریان تۆمار نەكراون.

جولیا بلاك، رێكخەری پڕۆژەكانی كۆچبەرانی ونبووی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە بەیاننامەكەدا رایگەیاندووە، "بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستدان ترسناكە، بەڵام لەوەش كارەساتبارترە ئەو راستییەیە كە ساڵانە هەزاران كۆچبەر گیان لەدەستدەدەن بێ ئەوەی تۆمار بكرێن".

بەرپرسەكەی رێكخراوی كۆچبەران دەشڵێت: "خێزانی ئەو كۆچبەرانەی وون دەبن ئازار دەچێژن، چونكە رێكخراوەكانی كۆچبەران زانیاری تەواویان نییە سەبارەت بەو مەترسییانەی رووبەڕووی كۆچبەران دەبنەوە، بۆیە ئێمە ناتوانین بە تەواوی ژیانیان بپارێزین".

بەپێی ئامارەكان بۆ ماوەی پێنج ساڵی لەسەر یەك، ئامارەكانی گیان لەدەستدانی كۆچبەران روو لە بەرزبوونەوەن، بەجۆرێك بەراورد بە 2020 ژمارەكە دوو هێندە بووە.

وەك لە ئامارەكاندا هاتووە كیشوەری ئاسیا زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدانی كۆچبەرانی تێدا تۆماركراوە كە 2788 كەسە، دوای ئەویش دەریای ناوەڕاستە بە 2452 گیان لەدەستدان. دوای ئاسیا، كیشوەری ئەفەریقا زۆرترین گیان لەدەستدانی كۆچبەرانی تێدا تۆماركراوە كە 2242 كەس بووە.

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەران، 233 كۆچبەر لە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی