بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق دەستپێدەکاتەوە

#فڕۆکەخانە#گەشتی ئاسمانی#ئاسمانی عێراق
7 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی باشوری عێراق دەستیپێکردوەتەوە و ئامادەکاریی دەکەن بۆ کردنەوەی تەواوەتی ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا.
Primary Asset

گەشتە هەڵوەشاوەکانی فڕۆکەخانەی ئاسمانی سلێمانی لە رۆژی 13ـی حوزەیران 2025

سبەی

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی باشوری عێراق دەستیپێکردوەتەوە و ئامادەکاریی دەکەن بۆ کردنەوەی تەواوەتی ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا.

مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاسمانیی و رەزامەندی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق، ئاسمانی باشوری عێراق بە روی گەشتەی ئاسمانییەکاندا کراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی دۆخی گشتیین بۆ ئەوەی تەواوی ئاسمانی عێراق بە روی گەشتە ئاسمانییەکاندا بکرێتەوە.

هەر لەوبارەیەوە، راگەیاندنی فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بڵاوی کردەوە: بەپێى ئەو ئاگادارىنامەیەى کە لەلایەن دەستەڵاتى فڕۆکەوانى شارستانى عێراقىیەوە بۆ فڕۆکەخانەکان نێردراوە, لە کاتژمێر (10:30)ى بەیانى ئەمڕۆ (24/6/2025) ئاسمانى عێراقیان بەڕووى گەشتە ئاسمانییەکاندا کردەوە.

لەلایەکی ترەوە، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئاشکرای کردووە، دوای کردنەوەی ئاسمانی عێراق، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە دەستیان پێدەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 11 رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێرانەوە 283 گەشتی ئاسمانیی لە هەردوو فڕۆکەخانی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە.

رۆژی هەینی رابردوو، 13ـی حوزەیرانی 2025 بەهۆی دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دواتر وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکان، ئاسمانی عێراق بە روی فڕۆکەکاندا داخرا و سەرجەم گەشتییە ئاسمانییەکان هەڵوەشێندرانەوە، تەنها فڕۆکەخانەی بەسرە رۆژانە چەند گەشتێکی ئاسمانیی ئەنجامدەدا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی