رێككەوتنی ئەتۆمی پێشنیازی ئەمەریكا و پارەی كەنداو؛ ترەمپ دەیەوێت ئێران بهێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ

#ئەمەریکا#ئێران#کەنداو#ئەتۆمیی
7 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" ی ئەمەریكی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، پێشنیازێكی پێشكەش بە ئێران كردووە تا وێستگەی ئەتۆمیی ئاشتییانە دابنێت، بەڵام لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە پشتیوانی دارایی بكرێت.
Primary Asset

ئاڵای ئەمەریکا و ئێران

سبەی

ئەمەریكا پێشنیازی كردووە رێككەوتنێكی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران بە پارەی وڵاتانی كەنداو ئەنجام بدرێت، ئەمەش بۆ راكێشانەوەی ئەو وڵاتە بۆسەر مێزی گفتوگۆ.

بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" ی ئەمەریكی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، پێشنیازێكی پێشكەش بە ئێران كردووە تا وێستگەی ئەتۆمیی ئاشتییانە دابنێت، بەڵام لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە پشتیوانی دارایی بكرێت.

بەپێی پێشنیازەكەی ئەمەریكا بۆ ئێران، ئیدارەی ترەمپ بەنیازە بە پارەی وڵاتانی كەنداو وێستگەی ئەتۆمیی بنیات بنێت كە تێچووەكەی 30 ملیار دۆلارە، رێككەوتنەكەش هەر ئەوەندە نییە بەڵكە لەگەڵ دەستكردن بە دروستكردنی ئەو وێستگانە بەشێك لە سزاكانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن، رێگەش بەو وڵاتە دەدرێت كە بەشێك لە پارە بلۆككراوەكانی دەست بكەوێتەوە، ئەمەش لەبەرامبەر هاتنەوەی ئێران بۆسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەروەها گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئاشتی.

بەوتەی سەرچاوەكان، لە پشتی پەردەوە چەند لایەنێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریكا، دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی كردووە، ئەو گفتوگۆیانەش لەناوەڕاستی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دەستیپێكردووە.

بەوتەی سەرچاوەكانی ئەو تۆڕە ئەمەریكیە، سەرەتای ئەنجامی گفتوگۆكان ئەوەبووە كە رێككەوتنی ئاگربەستی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران لێكەوتەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند.

بەپێی پێشنیازەكەی ئەمەریكا، ئێران رێگەی پێدەدرێت وێستگەی ئەتۆمیی ئاشتییانەی هەبێت، ئەمەش رۆڵی دەبێت لە كەمبوونەوەی گرژییەكان لە ناوچەكە.

دوابەدوای هێرشێكی ئەمریكا لە 22ی حوزەیران بە بۆمبی بنكەر-بستەر بۆسەر شوێنە ئەتۆمییەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاگربەستی لەنێوان هەردوو وڵات راگەیاند، كە لە رۆژی سێشەممەوە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی