عەبدوڵڵا ئۆجەلان
سبەی
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، لە پەیامێكدا كە بەروارەكەی روون نییە و میدیاكانی باكوری كوردستان بڵاویانكردووەتەوە، دەڵێت " شێخ سەعید لە سەردەمی خۆیدا، بەرپرسیارێتییەكی كۆمەڵایەتی لەئەستۆ گرت".
میدیاكانی باكوری كوردستان بڵاویانكردەوە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێكی بۆ كۆنفرانسی 100 ساڵەی سەرهەڵدانی شێخ سەعید، تەڤگەری ئازادی، شێخ سەعید و هەڤاڵانی، بیر و بانگەوازی هاوبەشـی نارد و وتی: "هێڵی شێخ سەعید كاتێك دەگاتە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی كە لەگەڵ پارادایمی نەتەوەی دیموكراتیكدا یەكانگیربێت"
“بۆ كۆنفرانسی سەدساڵەی سەرهەڵدانی 1925 " ئەمە ناونیشانی پەیامەكەی ئۆجەلانە، و لە درێژەدا نوسیویەتی " كۆمەڵەی ئازادی، شێخ سەعید و هەڤاڵانی، بیر و بانگەوازی هاوبەش، حەقیقەتێكی مێژوویی كە ئێمە لە كەسێتی شێخ سەعید دا باسی دەكەین، لە سەرهەڵدانێك یان لە سەرهەڵدێرێكی هەرێمی زیاترە، ئەم حەقیقەتە تێكۆشانێكی نەریتییە بۆ هەبوونێك كە لە یادەوەری هاوبەشی گەلی كورد دا شوێنەواری قووڵی جێهێشتووە، تێكۆشانی سەرهەڵدانی كۆمەڵگەی كوردە كە بە باوەڕیی، نەریت و ئیرادە دژی زیهنییەتی تاكپەرستی سەپێندراو دەركەوت".
ئۆجەلان هەروەها نوسیویەتی "شێخ سەعید وەك پێشەنگێك لە هەلومەرجی سەردەمی خۆییدا، بەرپرسیارێتییەكی كۆمەڵایەتی لەئەستۆ گرت و دژی سیاسەتەكانی نكۆڵی كە ئیرادەی كوردایەتی بە ئامانج دەگرت، هەڵوێستی بەهێزی نیشان داوە، ئەم سەرهەڵدانە كە لە كەسێتی ئەودا مانادار دەبێت، بە تەنها هەڵوێستێكی سیاسیی نییە، هاوكات هەڵوێستێكی كۆمەڵایەتیشە، ئەم هەڵوێستە گوزارشتێكی مێژوویی دڵسۆزی كوردە بۆ حەقیقەتەكەی".
"سیاسەتی ناوەندیگەرایی و تاكشووناسی كە لە ساڵانی سەرەتای كۆماردا بەڕێوەبرا، ئامانجی ئەوەبوو گەلی كورد لە هەبوونی خۆی دابڕێت، شێخ سەعید وتی "ئێمە دادپەروەریمان دەویست، بەڵام ئێوە سزای لەسێدارەدانتان پێداین بەم وتنەی دژی ئەم سیاسەتە دەنگی گەلێكی بەرزكردەوە لە دژی سێدارە، ئەم قسەیە روونترین و بەهێزترین نیشانەیە كە پێمان دەڵێت حەقیقەت لە دژی ستەم پاشەكشەی نەكردووە، هەروەها ئەو قسەیەكی دیكەی كە دەڵێت، "بەڕێز دادوەر، كوا خۆ ئێمە دەچووین پێكەوە بەرخ بخۆین گوزارشتە لەو پیلانگێڕییەی ڕووبەرووی كرایەوە، ئەو قسەیەی دیكەی "بێگومان نەوەكانم تۆڵەم دەكەنەوە هیوای بەرخۆدانێكە كە ئەو بۆ نەوەكانی داهاتووی جێهێشتووە". ئۆجەلان وای نوسیوە.
باس لەوەشدەكات "خاڵێكی تر هەیە كە لێرەدا دەبێت لە بنەڕەتەوە هێڵكاری بۆ بكرێت، وەك هەر بەرخۆدانێكی مێژوویی، سەرهەڵدان بە سەركردایەتی شێخ سەعید، هەلومەرجی سەردەمەكەشی لە خۆیدا هەڵگرتووە، بەستنەوەی ئەو سەرهەڵدانە بە تێكۆشانی ئازادیی ئەمڕۆوە، نەك بە ڕۆمانسیزەكردنی بەڵكو بە خستنەڕووی وانە بنەڕەتییەكانی و دووبارە بوونیادنانەوەی بەردەوامی مێژوویی بە درێژایی هێڵێكی ئازادیخوازانە و دیموكراسی، مومكینە".
ئۆجەلان دەشڵێت "من ئەم نەریتەم كردووەتە بنەما بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕێتی كوردانەی ئازاد، ئەو تێكۆشانەی كە من بەڕێوەی دەبەم ئامانجی ئەوەیە كە میراتی بەرخۆدانی واتاداری رابردوو لەگەڵ سیستەمی دیموكراسی و فرەیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی داهاتوودا كۆبكاتەوە، هێڵی شێخ سەعید كاتێك مانای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێت كە لەگەڵ پارادایمی نەتەوەی دیموكراتیكی ئەمڕۆدا یەكانگیر دەبێت".
"كوردبوونێكی ئازاد بە دڵسۆزی بۆ مێژوو و كولتوور و بەها ئەخلاقی-سیاسییەكانی گەل مومكینە، پێویستە گەلەكەمان لەم بابەتەدا هۆشیار بێت و ئەو میراتە پیرۆزە بپارێزێت كە رێبەرە مێژووییەكان لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە، لەسەر ئەم بنەمایە، بە ڕێزەوە شێخ سەعید و هەڤاڵەكانی بەبیر دەهێنمەوە و جارێكی دیكە بڕیارداری خۆم بۆ بەرزڕاگرتنی بەهاكانی تێكۆشان لەسەر رێگای ئازادی و ڕاستی دەردەبڕم، بە هیوای كۆنفڕانسێكی سەركەوتوو، سڵاو لە هەموو بەشداربووان دەكەم". ئۆجەلان لە كۆتایی پەیامەكەیدا وا دەڵێت.