بۆ زیندانێكی دیكە گواستراوەتەوە؛ دۆخی تەندروستی وریشە مورادی ناجێگیرە

#ئێران#رۆژهەڵاتی کوردستان#وریشە مورادی
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لە 17ـی حوزەیرانی 2024، وریشە مورادی لە لقی 15ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆكایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی “یاخیبوون” تۆمەتبار كرا و لە 10ـی تشرینی دووەمی 2024 سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
Primary Asset

وریشە مورادی

سبەی

هەڵمەتی ئازادیی بۆ وریشە مورادی، ئاماژە بەوە دەكات وریشە مورادی لە چارەسەری پزیشكی بێبەش كراوە و لە دۆخێكی نالەباردایە.

هەڵمەتی ئازادیی بۆ وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی كورد و سزادراو بە سزای لەسێدارەدان، لەبارەی گواستنەوەی زیندانییانی سیاسیی بۆ زیندانی قەرەچك لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری تاران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: دوای هێرشەكەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین بەشی ژنانی زیندانیانی سیاسیی زیندانەكە بۆ زیندانی قەرەچەك گواستراونەتەوە كە بارودۆخی ژیان و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشكی بۆ زیندانییەكان زۆر قورس كردووە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی وەك وریشە مورادی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، وریشە مورادی لە چارەسەری پزیشكی بێبەش كراوە و لە دۆخێكی نالەباردایە.

هەڵمەتی ئازادی بۆ وریشە مورادی، داوا دەكات دەستبەجێ خزمەتگوزاری تەندروستیی بۆ زیندانییانی سیاسیی دابین بكرێت و وریشە مورادی بە بێ مەرج ئازاد بكرێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانەكە بكرێت.

لە 17ـی حوزەیرانی 2024، وریشە مورادی لە لقی 15ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆكایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی “یاخیبوون” تۆمەتبار كرا و لە 10ـی تشرینی دووەمی 2024 سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

دوو جار نامەی نوسیوە

وریشە تا لە زیندان بوو دووجار نامەی بۆ ڕای گشتیی نوسیوە، ئەو بەمشێوەیە لە یەكێك لە نامەكانیدا باس لە دەستگیركردنی دەكات:" من وریشە مورادی لە مانگی ئابی 2023 كاتێك لە ڕێگەی كرماشانەوە دەچووم بۆ سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر و لە زیندانی 209ـی زیندانی سنە و زیندانی ئەڤین بۆ ماوەیەك لێپرسینەوە و ئەشكەنجە دراوم".

وریشە هەروەها نوسیویەتی:" لە 27ـی كانوونی دووەمی 2023 منیان خستە بەشی 209، من ئەشكەنجەم ئەزموون كردووە و ئازاری ئەو ژنانە دەزانم كە تووشی سەختی دەبنەوە، كاتێك لە بەشی ژنان بووم، لەگەڵ ئەو ژنانەدا بەركەوتنم هەبوو كە چەندین چیرۆكی سەختیان هەبوو، من لەگەڵ ژنانم و هەموو ساتێك لەگەڵ ئەو ژنانەدا بەسەر دەبەم كە قوربانی زهنیەتی پیاوسالارن، ئێمە ئەوانەین كە لەم سیستمە یاخی دەبین و دژی سیاسەتەكانی هەراسانكردن و كوشتنی ژنان تێدەكۆشین".

ماددەكەی بۆ گۆڕدرا

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی لەكاتێكدایە، پێشتر لە سزانامەكەیدا داوای جێبەجێكردنی ماددەی 288 ی یاسای سزادانی ئیسلامی كرابوو، كە سزاكەی 15 ساڵ بەندكردنە، بەڵام دادوەری دۆسیەكەی بەپێی ماددەی 287 ی هەمان یاسا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.

ئەندامی ڕێكخستنی كژار بووە

وریشە مورادی ئەندامی ڕێكخستنی "كژار" بووە كە ڕێكخستنێكی تایبەت بە ژنانە و نزیكە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پژاك" كە ئەویش پارتێكی كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە.

هەمان ڕۆژی دەستگیركردنەكەی “كژار”  هەواڵی دەستبەسەركردنی ئەم ئەندامەی خۆیی لە كاتی ئەنجامدانی چالاكیی "سیاسی و ڕێكخستنی ژنان" لە كوردستاندا ڕاگەیاندبوو و داوای لە ڕێكخراوە جیهانییەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ كردبوو لە ئاست "بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ" و "سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەكان"دا دژ بەم چالاكە سیاسییە بێدەنگ نەبن".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی