خراپترین لەماوەی 60 ساڵدا؛ وشكەساڵییەكی بێپێشینە هەڕەشە لە بەرهەمی گەنمی سوریا و رۆژئاوای كوردستان دەكات

#سوریا#رۆژئاوای کوردستان#گەنم
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەهۆی دۆخی خراپی كەشوهەوا و وشكەساڵییەوە، نزیكەی دوو ملیۆن و نیو هێكتار زەویی داچێنراو بە گەنم زیانی بەركەوتووە، ئەمەش بەپێی راپۆرتی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی جیهانیی "فاو" كە سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانە، ئەمەش وایكردووە دەسەڵاتدارانی سوریا پەنا بۆ هاوردەی گەنم ببەن، لەكاتێكدا لە سوریا پێش سەرهەڵدانی ناكۆكییەكان لە 2011 لە ئاستی خۆبژێویدا بوو.
Primary Asset

گەنم

سبەی

لەناو وشكەساڵییەكی بێوێنەدا كە چەندین دەیەیە نەبینراوە، زیاتر لە 16 ملیۆن سوری ئاسایشی خۆراكییان لە مەترسیدایە، ئەمەش بەپێی راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمەش وایكردووە حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە ركابەریدابن بۆ كڕینی گەنمی جوتیاران.

بەهۆی دۆخی خراپی كەشوهەوا و وشكەساڵییەوە، نزیكەی دوو ملیۆن و نیو هێكتار زەویی داچێنراو بە گەنم زیانی بەركەوتووە، ئەمەش بەپێی راپۆرتی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی جیهانیی "فاو" كە سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانە، ئەمەش وایكردووە دەسەڵاتدارانی سوریا پەنا بۆ هاوردەی گەنم ببەن، لەكاتێكدا لە سوریا پێش سەرهەڵدانی ناكۆكییەكان لە 2011 لە ئاستی خۆبژێویدا بوو.

بەوتەی هییا ئەبو عەساف یاریدەدەری نوێنەری فاو لە سوریا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فەڕەنسی "دۆخی كەشوهەوای قورس و نالەبار وایكردووە دۆخی كشتوكاڵ لە سوریا بەشێوەیەك خراپ بێت كە 60 ساڵە دۆخی لەوشێوەیە رووینەداوە".

بەوتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە 75% ی رووبەری كشتوكاڵی و كێڵگەی ئاژەڵ بەهۆی ئەو دۆخەوە زیانی بەركەوتووە.

كەشوهەوای نالەبار و وشكەساڵی وایكردووە، لە رابردوودا سوریا زستانێكی كورت بەخۆیەوە ببینێت، ئاستی ئاویشی دابەزیوە. بەوهۆیەشەوە زیاتر ئەو گەنمەی پشت بە باراناو دەبەستن 95% زیانی بەركەوتووە، ئەو گەنمەش كە پشت بە ئاودێری دەبەستێت بەرهەمی بۆ 30% بۆ 40% دابەزیوە.

پێش سەرهەڵدانی ناكۆكیەكان لە سوریا لە ساڵی 2011، ئەو وڵاتە دەیتوانی بەشی خۆبژێوی گەنم بەرهەم بهێنێت، بەشێوەیەك گەیشتبووە زیاتر لە چوار ملیۆن تۆنی ساڵانە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی ناكۆكیەكان لەو وڵاتە ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمیش دابەزی.

ئێستا دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم وایكردووە، ئیدارەی نوێی سوریا و ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان كە ناوچەیەكی بەرفراوانی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەسەڵاتدایە، ركابەری بكەن لەسەر كڕینەوەی گەنمی جوتیاران، بەشێوەیەك ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ هەر تۆنێك گەنم 420 دۆلاری دیاریكردووە، 70 دۆلاریش بۆ هاندانی چاندنی هەر تۆنێك گەنم، لەبەرامبەردا حكومەتی سوریا بۆ كڕینی هەر تۆنێك گەنم لەنێوان 290 بۆ 320 دۆلاری دیاریكردووە، پارەی هاندانی بەرهەمهێنانی گەنمیشی كردووەتە 130 دۆلار.

دەسەڵاتدارانی پێشووی سوریا بۆ هەر تۆنێك گەنمی جوتیاران 350 دۆلاری دیاریكردبوو، بەڵام لە ناوچە كوردییەكان هەر تۆنێكی بە 310 دۆلار دەكڕی. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی