تورکیا لە ڕێگای هەڵکەندنی بیرە نەوتەکانەوە، سەرچاوەکانی ئاو لە باکوری کوردستان وشک دەکات

#شرنەخ#بیرەنەوت#سەرچاوەی ئاو
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • بە هۆی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان لە قەدپاڵەکانی چیای گابار لە پارێزگای شرنەخی باکوری کوردستان، سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی گوندەکان، پیس بوون و وشکیان کردووە و بەم هۆیەوە ڕەز و باخی گوندنشینان وشک بووە.
Primary Asset

سبەی

بە هۆی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان لە قەدپاڵەکانی چیای گابار لە پارێزگای شرنەخی باکوری کوردستان، سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی گوندەکان، پیس بوون و وشکیان کردووە و بەم هۆیەوە ڕەز و باخی گوندنشینان وشک بووە.

ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردووەتەوە بەهۆی ئەوەی ماوەی پێنج ساڵە حکومەتی تورکیا بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەردەوامە لە گەڕان بە دوای نەوت و هەڵکەندنی بیرە نەوت لە چیای گابار و دروستکردنی کان لە چیای جودی، دەست ناپارێزێت لە بڕینەوەی دارەکان و تێکدانی سروشت و ژینگەی پارێزگای شرنەخ.

بە هۆی گەڕان بە دوای نەوتدا نزیکەی لە سەر هەر لوتکەیەکی چیای گابار بنکەی سەربازی دانراوە و بە هۆی دروستکردنی ڕێگایش بۆ ئەو بنکانە هەزاران دار بڕدراونەتەوە.

هەروەها بەهۆی لێدانی بیرە نەوتەکانیشەوە سەدان هەزار دار بڕدراونەتەوە و بە تەقاندنەوەی داینەمیت (تەقینەوەی بەهێز) ژیانی تەواوی بوونەوەرە سروشتییەکانی ناوچەکە کۆتایی پێ هێندراوە.

وێڕای ئەوەی ماوەی سێ ساڵە سروشتی ناوچەکە بە بەرنامە تێکدەدرێت، ئێستاش سەرچاوەکانی ئاو بە هۆی بیرە نەوتەکانەوە پیس دەبن و وشک دەکەن.

سەرچاوە ئاوییەکانی چوار گوند وشکیان کردووە کە مێژووی یەکێکیان بۆ 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە

بەو هۆیەوە سەرچاوە ئاوییەکانی هەریەک لە گوندەکانی شێخێ ڕەش، زیرۆن، دارا و شەرەفیێ لەناو چوون.

وێڕای ئەوەی گوندنشینان چەندین جار سکاڵاکان تۆمار کردووە بۆ ڕاگرتنی هەڵکەندنی بیرەکان چونکە دەبێتە هۆی پیسبوون و وشککردنی سەرچاوەکانی ئاو، کەچی گوێیان لێ ناگیرێت.

سەرچاوەی ئاوی گوندی شێخێ ڕەش کە ئاوێکی سازگار و ڕوون بوو زیاتر لە 500 ساڵە لەلایەن گوندنشینانەوە سوودی لێ دەبیندرا، کەچی بە هۆی هەڵکەندنی بیرە نەوت و گەڕان بە دوای نەوتەوە، بەشێک لەو سەرچاوە ئاوە وشکی کردووە و بەشەکەی دیکەیشی ژەهراوی بووە و ناتواندرێت ئاوەکەی بەکار بهێندرێت.

چوار مانگە گوندەکە بێئاوە

بە هۆی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکانەوە چوار مانگە شێخێ ڕەش بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنێت و ڕۆژانە دوو تانکەر ئاوی خواردنەوە لە شاری شرنەخەوە دەهێندرێت بۆ گوندەکە.

ئەمەیش لە کاتێکدایە نزیکەی سێ هەزار کەس لەو گوندەدا دەژی و گوندنیشیان لەسەر رەز و باخ و ئاژەڵداری دەژین.

گوندنشینان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێنانی دوو تانکەر ئاو بەشیان ناکات و بەم هۆیەوە زۆربەی ڕەز و باخەکانیان وشک بوون.

گوندنشیان سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی بەر لە گەڕان بە دوای نەوت و هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان، هیچ کێشەیەکیان نەبووە، دەڵێن: "ئاوی گوندەکەمان لە چیای گابارەوە دەهات. بەڵام بەهۆی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان لە گابار، ئاومان نەما".

لای خۆیشیەوە ئەندازیارێکی کان ئاماژە بەوە دەدات بە هۆی گەڕان بە دوای نەوتدا ئاراستەی سەرچاوە سروشتییەکانی ژێر زەوی دەگۆڕێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی