سبەی
تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئاگر لە سەدان ناوچەی تورکیا کەوتووەتەوە و وێڕای هەوڵەکان لە زەوی و ئاسمانەوە، هێشتا نەتوانراوە بەشێک لەو ئاگرانە دابمرکێندرێنەوە. بەم هۆیەوە هەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵی سوتاوە و دەیان خانووش داڕووخاون.
ئیبراهیم یوکامڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا ڕایگەیاند تەنیا لە 27 و 28ـی حوزەیرانی 2025، ئاگر لە 150 ناوچە کەوتووەتەوە و تیمەکان لە زەوی بە چەندین ئامێری وەک ئۆتۆمبێلی ئاوی قەتیسکراو و ئۆتۆمبێلی کوژاندنەوەی ئاگر و فڕۆکە و هەلیکۆپتەرەکانیش لە ئاسمانەوە لە هەوڵی دامرکاندنەوەی ئاگرەکاندان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی حوزەیرانیش ئاگر لە دەیان ناوچەی دیکەی تورکیا کەوتووەتەوە، بە هۆی تەشەنەندنی ئاگرەکە بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوون خەڵکانێکی زۆر گوازراونەتەوە ناوچەی پارێزراو.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیایش ئاماژە بەوە دەدات لە میانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە 17 گومانلێکراو دەستگیر کراون و دەشڵێت: "بە هۆی نزیکبوونەوەی ئاگرەکە، زیندانییەکانی زیندانی گۆلپازاڕی لە بیلەجیک گوازراونەتەوە زیندانەکانی پارێزگاکانی دەوروبەر".
موراد کوروم، وەزیری ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا و شارسازیی تورکیا ئاماژە بەوە دەدات لە ئاکامی ئاگرکەوتنەوەکان تەنها لە پارێزگای بیلەجیک و جگە لە پارێزگاکانی ساکاریا و مانیسا، 23 خانوو و یەک مزگەوت بە تەواوی داڕوخاون و 41 خانوو و 25 تەویلە و گەوڕیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
بە هۆی ئەو ئاگرە بەهێزەی پارێزگای بیلەجیکی گرتەوە، گوندی کۆپورجەک بە تەواوی بووەتە خۆڵەمێش.
بە هۆی تەنەشەندنی ئاگرەکەوە یەک هۆتێل و سێ شوێنکار لە ئەنتاڵیا سوتان.
هۆکاری سەرەکی تەنەشەندنی ئاگرەکان بەو خێراییە، بۆ ئەو توندەبایە دەگەڕێتەوە کە لەو ناوچانە هەڵ دەکات.
بە هۆی تەواوبوونی دەستنیشانکردنی زیانەکان و کۆنتڕۆڵ نەکرانی زۆربەی ئاگرەکان و کەوتنەوەی ئاگری بەردەوام، بە تەواوی نازاندرێت زیانەکانی ئەو ئاگرانە چەندن کە لە هەریەک لە پارێزگاکانی ساکاریا، بیلەجیک، مانیسا، ئیزمیر، ئایدن، ئەنتاڵیا، بۆڵو و باڵکئەسیر لە تورکیا و پارێزگای سەمسور (ئادیەمەن) لە باکوری کوردستان کەوتوونەتەوە.