سبەی
دوایین گرتەکانی مانگی دەستکرد دەری دەخەن ئەمەریکا دەستی کردووە بە جموجۆڵی چڕی سەربازی لە بنکەی سەربازیی دیەیگۆ گارسیا لە زەریای هیندی و فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-52 و فڕۆکەی جەنگی F-15 و فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی لەو بنکە ستراتیژییە جێگیر کراون.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج ئەم جموجۆڵە سەربازییەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، گرژییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هیند-پاسیفیک زیاتر تەشەنەیان سەندووە.
ئایا ئامادەکارییە بۆ شەڕ؟
دیەیگۆ گارسیا بنکەیەکی ستراتیژی ئەمەریکایە و ئۆپەراسیۆنە هەرە گرنگەکانی ئەمریکا، هەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا دەگاتە باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا لەوێوە بەڕێوە دەبرێن.
پێگەی جێبەجێکاری بنکەکە و ژێرخانی بەرفراوانی، ئەوی کردووەتە خاڵی گونجاوی بەڕێکەوتنی فڕۆکە بۆ ئەنجامدانی کارەکانی وەک هێرشی ئاسمانیی دوورمەودا و ئەرکی بەرپەرچدانەوەی خێرا.
جێگیرکردنی ئەم هەموو فڕۆکە جەنگییە لە بنکەکە، وەک ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی دیکەی سەربازی لە ناوچەکە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.
دەیان فڕۆکەی جەنگی لێ جێگیر کراوە
لە گرتە تۆمارکراوەکاندا دەبینرێت چوار فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-52، شەش فڕۆکەی جەنگیی F-15 و شەش فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنیی جۆری KC-135 لەو بنکەیە جێگیر کراون.
بنکەی سەربازیی دیەیگۆ گارسیا نزیکەی سێ هەزار و 500 کیلۆمەتر لە ئێران و نزیکەی چوار هەزار و 800 مەتریش لە باشووری چینەوە دوورە.
ئەمەیش بنکەکەی بۆ ئەنجامدانی ئەرکە دوورمەوداکان و گەڕانەوەی فڕۆکەکانی ئەمەریکا بە سەلامەتی کردووەتە خاڵێکی ستراتیجی.
ئەمەریکا بە نیازی چییە؟
ژمارەیەک لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن لە مانگی ئادارەوە و وەک ئامادەکاری بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران بە ڕێژەیەکی بەرز پێداویستی سەربازی ڕەوانەی بنکەکە کراوە.
کەشتیی ئەو فڕۆکانەی هێرش دەکەنە سەر ئێران
مانگی ئایار هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا رایگەیاند کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-2 Spirit دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان لە بنکەی سەربازیی دیەیگۆ گارسیا گەڕاونەتەوە ویلایەتی میزوری.
دواتریش فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-2 لە بنکەی سەربازیی ئاسمانی وایدمن لە ویلایەتی میزوری بەڕێ کەوتن و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هێرشیان کردە سەر سێ بنکەی گرنگی ئەتۆمی لە ئێران.