چیتر هیچ شاندێك ناچێتەوە بەغداد؛ هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە چاوی لە دەستی سودانییە

#مووچە#هەرێم#بەغداد
15 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • حكومەتی عێراق لە هەمواری یاسای بودجە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان بۆ 16 دۆلار بەرزكردووەتەوە، بەڵام ئەوە كۆمپانیاكانی رازینەكردووە كە داوای خەرجكردنی قەرزە كەڵەكەبووەكان و گرەنتی شایستە داراییەكانیانی ئێستا و داهاتوو، پاراستنی گرێبەستە نەوتییەكانیان دەكەن.
Primary Asset

کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران

سبەی

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هیچ بریارێك لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج و شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەدراوە و چاوەڕێی ئەو پێشنیازانەن كە دراونەتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادار دەستیكەوتوون، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2-7-2025 ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی "هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی مووچەخۆران و دارایی هەرێمی كوردستان كراوە، بڕیار دراوە بۆ دابەشكردنی مووچە چاوەڕێی ناردنی پارە بكەن لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە، بۆ ئەوەش چاوەڕێی ئەو پێشنیازانەن كە دوای گفتوگۆكانی شاندی هەرێم و بەغداد لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دراون".

هەر بەپێی زانیارییەكان، عێراق داوایكردووە “سەرجەم مەلەفی نەوت و رۆژانەی 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق بكرێت، بەڵام هەرێم ئەو پێشنیازانەی رەتكردووەتەوە و ئامادەیی دەربڕیوە رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بداتە حكومەتی فیدراڵ، لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ كە نزیكەی 150 ملیار دینارە، بەڵام تائێستا حكومەتی فیدراڵ و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەڵامی ئەو پێشنیازەیان نەداوەتەوە، واتە ئێستا هاتن و نەهاتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، تا وەڵامی ئەو پێشنیازانەش هیچ شاندێک ناچێتەوە بەغداد”.

ماوەی چەند رۆژێكە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆ و دانوستاندان بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە دوای بڕیارەكەی وەزیری دارایی عێراق لە 28 ی ئایار بۆ راگرتنی ناردنی مووچە قوڵتر بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كارەكانی دادگای فیدراڵی پەكیكەوت بەهۆی كێشەی ناوخۆیی و دەستلەكاركێشانەوەی نۆ ئەندامییەوە، لەكاتێكدا هەرێم و بەغداد چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بوون بۆ چارەسەری كێشەكە. 

زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە

هەرێم و بەغداد دەیانەوێت لە رێگەی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردە و رادەستكردنی نەوتی هەرێمەوە بە بەغداد كێشەی مووچە چارەسەر بكەن، كە زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەكردنی راگیراوە، لەكاتێكدا دانوستانەكانی چەند مانگی رابردووی هەردولا لەو بارەیەوە شكستیان هێنا.

موسەننا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو پێشتر بە “سبەی” راگەیاندبوو، چارەسەری كێشەی مووچە پێویستی بە رێككەوتن نییە بەڵكو پێویستی بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە بە روونی گرەنتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەڵام كاتێك سیاسییەكان بڕیارەكە جێبەجێ ناكەن پەنا بۆ رێككەوتن دەبەن، لەكاتێكدا بڕیارێكی روونی دادگا هەیە لەو بارەیەوە.

وتیشی “بڕیارەكە روونە و پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق جیبەجێ بكەن، بەڵام حكومەتی هەرێم پێوەی پابەند نەبووە و نەوت و داهاتی نانەوتی رادەستنەكردووە، سەرباری رەتكردنەوەی تەوتینی مووچە”.

بڕیاری دادگای فیدراڵی

رۆژی 21 ی شوباتی 2024 دادگای فیدراڵی دوای چەند دانیشتنێك سكاڵایەكی یەكلاكردەوە و مووچەی فەرمانبەرانی لە ناكۆكییە سیاسییەكان جیاكردەوە و هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندكرد بە تەوتینی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە حكومییەكانی عێراق.

بڕیارەكە لەدوای دەرچوونی بەبڕیارێكی مێژویی دانرا لەلایەن بەشێكی زۆر لە موچەخۆران و لایەنە سیاسییەكانەوە، بەڵام لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێنەكرا و جەختیكردەوە كە هەر پڕۆسەیەكی لەو شێوەیە دەبێت لە رێگەی هەرێمەوە بێت، بۆ ئەوەش جەختی لەپڕۆژەی هەژماری من كردەوە لەجیاتی تەوتینی موچە.

هەرێم پێشتر جەختی لە رێککەوتن کردەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردوویدا جەختی لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد كردەوە بۆ چارەسەری كێشەی مووچە، دوای ئەوەی لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی  تایبەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی دەركەوت كە ناتوانرێت بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بكرێت.

دوای كۆبوونەوەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئێمە بژاردەی دیكەمان لەبەردەستە لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێككەوتن و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەدەین، ئێمە ئامادەین لە ڕێگەی كۆمپانیا سۆمۆوە نەوت هەناردە بكەینەوە".

ناسر هەركی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ “سبەی” ئاماژەی بەوەدا، كێشەی سەرەكی لە ئێستادا پەیوەندی یە كرێی كۆمپانیا نەوتییەكانەوە هەیە، نەك حكومەتی هەرێم، پێویستە بەغداد كۆمپانیا نەوتییەكان رازی بكات، تا هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە و كێشەكە بەرەو چارەسەر بڕوات.

وتیشی "ئەگەر نیازپاكی هەبێت لەلایەن بەغدادەوە، گفتوگۆ و دانوستانەكان دەگەنە ئەنجام، بە پێچەوانەوە گفتوگۆكان ناگەنە ئەنجام".

حكومەتی عێراق لە هەمواری یاسای بودجە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان بۆ 16 دۆلار بەرزكردووەتەوە، بەڵام ئەوە كۆمپانیاكانی رازینەكردووە كە داوای خەرجكردنی قەرزە كەڵەكەبووەكان و گرەنتی شایستە داراییەكانیانی ئێستا و داهاتوو، پاراستنی گرێبەستە نەوتییەكانیان دەكەن.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی