دیۆگۆ جۆتا هێرشبەری یانەی لیڤەرپول بە روداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا

#دیۆگۆ جۆتا#لیڤەرپوول#پرتوگال
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دوای شەش رۆژ لە ئەنجامدانی هاوسەرگیریی، دیۆگۆ جۆتای پرتوگالی و ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی تەمەنی 28 ساڵیدا لە روداوێکی هاتوچۆدا لە گەڵ براکەی لە شاری زامۆرای باکوری رۆژئاوای ئیسپانیا گیانی لەدەستدا.
Primary Asset

سبەی

دوای شەش رۆژ لە ئەنجامدانی هاوسەرگیریی، دیۆگۆ جۆتای پرتوگالی و ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی تەمەنی 28 ساڵیدا لە روداوێکی هاتوچۆدا لە گەڵ براکەی لە شاری زامۆرای باکوری رۆژئاوای ئیسپانیا گیانی لەدەستدا.

وێستگەی تەلەفزیۆنی نیشتیمانی ئیسپانیا لەسەر زاری دامەزراوەی فریاکەوتنی وڵاتەکەوە بڵاوی کردەوە، دیۆگۆ جۆتای پروتوگالی، هێرشبەری یانەی تۆپی پێی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و براکەی لە روداوێکی سەختی هاتووچۆدا لە نزیک شاری زامۆرای باکوری رۆژئاوای ئیسپانیا گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسی ئیسپانیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: تائێستا بە تەواوەتی دڵنیا نەبونەتەوە لە ناسنامەی قوربانییەکان، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکانی ئەوەیە کە یاریزانێکی خولی ئینگلیزی گیانی لەدەستداوە.

هەر لەوبارەیەوە، ئیدارەی فریاگوزاریی هەرێمی کاستا لیۆنی ئیسپانی لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی بڵاوی کردەوە: نیوەشەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێک ئاگری گرتووە و دواتر تەرمی دوو کەس لەناوی ئۆتۆمبێلەکەدا دۆزراونەتەوە کە لە رەگەزی نێرن و تەمەنیان 28 و 26 ساڵە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانیا زانیاریی زیاری بڵاوکردوەتەوە، کە روداوەکە لە سەرە رێگای سەرەکیی (A-52) لە نزیک شارەوانی بالاسیۆس دی سانابریا رویداوە، ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای سەرەکی خۆی لایداوە و دوای وەرگەڕانی ئاگری گرتووە.

ئەو رێگا خێرایە، رێگایەکی سەرەکییەوە و لە ئیسپانیاوە بەرەو باکوری پرتوگال دەچێت و لە لایەن شۆفێرانەوە بۆ هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات بەکاردەهێنرێت.

بەپیی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان تایەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی جۆتا کە لە جۆری لامبۆرگینییە تەقیوە و بوەتە هۆی ئەوەی لەسەر رێڕەوی سەرەکیی شەقامەکە لابدات و ئاگر بگرێت.

شەش رۆژ لەمەوبەر و لە (22ـی حوزەیران) دیۆگۆ جۆتا هاوسەرگیریی لەگەڵ رۆت کاردۆسۆی هاوبەشی ئەنجامدا، کە دایکی سێ منداڵەکەیەتی و لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند: ئێستا هەست دەکات دڵخۆشترین پیاوی سەر زەوییە.

وەرزی رابردوو، هێرشبەرە پروتوگالییەکە لەگەڵ یانەکەی جامی خولی نایابی ئینگلیزی بەرزکردەوە، هەر لەم وەرزەدا جامی یەکێتی ئینگلیزو رابیتەی پیشەگەرەکانیشی لەگەڵ تیمەکەی بەرزکردەوە.

جۆتا لە ساڵی 2020 لە یانەی ویلفەر هامبتۆنەوە روی کردە یاریگای ئەنفیڵدی لیڤەرپول و لە ریزی یانە ئینگلیزییەکە 65 گۆڵی لە 182 یاری لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمارکردووە.

هەروەک بەشداریی 49 یاریی هەڵبژاردەی پرتوگالی کردووە و دووجار ناسناوی خولی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرزکردوەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی