سبەى
چاوەڕواندەکرێت هەفتەى داهاتوو یەکلاکەرەوە بێت بۆ پڕۆسەى ئاشتى لەنێوان تورکیا و پەکەکە، بەو پێیەى ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ مەراسیمى چەکدانانى یەکەم گروپى پەکەکە لە سنورى سلێمانى، کە چاوەڕواندەکرێت پەیامێکى نوێی عەبدوڵا ئۆجەلانیشى بەدوادا بێت.
ئەو گروپەى بڕیارە چەکەکانیان دابنێن 20 بۆ 30 گەریلا دەبن و بە خۆیان و چەکەکانیانەوە لە قەندیل پێگەى سەرەکى پەکەکەوە و دەچنە سلێمانى و لەوێ لە مەراسیمێکدا چەکەکانیان دادەنێن.
زاگرۆس هیوا وتەبێژى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، هێشتا ژمارەى تەواوەتى ئەو گەریلایانە دیارینەکراوە کە لەژێر چاودێری دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان چەک دادەنێن، بەڵام ڕەنگە لەنێوان 20 بۆ 30 گەریلادا بێت.
هەروەها جەختیکردەوە، بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو چەکداماڵین بنێت، دەبێت گۆشەگیری سەر ئۆجەلان هەڵبوەشێنرێتەوە و رێکارى دەستووری و یاسایی و سیاسی بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو گەریلایەی دەستبەرداری ستراتیژی خەباتی چەکداری دەبن، بتوانرێت دووبارە تێکەڵ بە سیاسەتی دیموکراسی لە تورکیا بکرێنەوە.
گەورە بەرپرسانی تورکیا و دەم پارتی جەخت لەوە دەکەنەوە تەنیا چەند ڕۆژێکی ماوە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەستپێبکات، باس لەوەش دەکرێت دوای تۆمارکردنی کۆد و زانیاریی چەکە رادەستکراوەکان بە بەکارهێنانی ئامێری کارەبایی دەسوتێندرێن و لەناو دەبرێن.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی هەینی لە شاری لاهای هۆڵەندا بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، پڕۆسەکە مێژوییە و دەیانەوێت پەکەکە بە زوویی چەک دابنێت و پابەندى بڕیارەکانى کۆنگرەکەى بێت بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان.
دەم پارتی و شاندی ئیمراڵی بەردەوامن لە دیدار و کۆبوونەوەکانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بڕیارە 9ی تەمموز شاندی ئیمراڵی جارێکی دیکە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا کۆ ببێتەوە.
عایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو چەند هەنگاوێکی مێژوویی دەست پێدەکات، کە یەکێکیان لەهەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت. ئەم هەنگاوە بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکەیە،
لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەکە کە هێشتا رۆژکەى بەتەواوى دیارینەکراوە، رۆژى هەینى بنەماڵەی ئۆجەلان، داواکاری دیداریان ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمرالی کرد، بۆ سەردانیکردنى ئۆجەلان کە چاوەڕواندەکرێت پەیامێک لەبارەى پڕۆسەکەوە بڵاوبکاتەوە.
عایشەگوڵ دۆغان وتى "چاوەڕێ دەکەین ئۆجەلان لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا لەسەر ئەو بابەتە بەیاننامەیەک ڕابگەیەنێت".
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 1ی تەمووزی 2025 لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا جەختیکردبووەوە "پرۆسەکە بەو شێوەیە بەرەوپێش دەچێت کە بەرنامەی بۆ داندراوە و هیچ کێشەیەک دروست نەبووە. دیمەنی یەکەم چەکدانانی پەکەکە لە نزیکترین کاتدا بڵاو دەکرێتەوە".
لای خۆیشیەوە ڕۆژنامەنووسی تورک جان جۆشکون لە ڕۆژنامەی کۆرکوسوس بڵاوی کردووەتەوە کە دیمەنی چەکدانانی پەکەکە لەژێر چاودێری دامەزراوەی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) تۆمار دەکرێت و سەرەتا نیشانی ئەردۆغان دەدرێت، دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
دوای کۆبوونەوەکەیش عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاک پارتی ڕایگەیاند کە تەنها چەند ڕۆژێکی ماوە پەکەکە چەک دابنێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەردۆغان جەختیکردووەتەوە، دوای تۆمارکردنی کۆد و زانیارییەکانی چەکە ڕادەست کراوەکان، بە بەکارهێنانی ئامێری کارەبایی چەکەکان دەسوتێندرێن و لەناو دەبردرێن.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا هاوشێوەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و گەورە بەرپرسانی دەم پارتی هۆشداری لەوە داوە کەسانێک دەیانەوێت بۆ لەباربردنی پرۆسەکە کاری تێکدەرانە و ئیستیفزازی ئەنجام بدەن و بە پێویستی زانیووە ڕێ لەو کەسانە بگیرێت.
پەرلەمانتارێکی ئاک پارتی کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەدا کردووە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەردۆغان زۆر پێداگیرە لە سەرخستنی پرۆسەکە و دەڵێت: "لە هەڵوێستی دەم پارتی ڕازییە و متمانەی پێى هەیە".
کۆبوونەوەی دووەمی ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی
بڕیارە لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانیاندا پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی 9ی تەمووز لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆ ببنەوە بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەکە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت شاندی ئەو ئاراستە سیاسییەی ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات دوای تێپەڕینی 13 ساڵ بۆ یەکەمجار و بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەکە لە 10ی نیسان لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوە.
بڕیارە شاندی ئیمراڵی هەروەها لەگەڵ دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆببێتەوە.
بە ئەگەری زۆریشەوە دوای ئەم دیدار و کۆبوونەوانەی شاندی ئیمراڵی جارێکی دیکە سەردانی ئۆجەلان دەکاتەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵی.
لیژنەی پەرلەمانی کەی پێک دەهێندرێت و چ ناوێکی لێ دەندرێت؟
کۆی ئەو پێشهاتانەیش لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکان بە جۆرێک کە زەمینەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردی بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە بڕەخسێنن.
هەر بەم هۆیە و بە هۆی پێداگیری دەم پارتی لەوەی پێویستە لیژنەکە بەر لەوەی پشووی وەرزی پەرلەمان دەست پێ بکات، پشووی وەرزی پەرلەمانی تورکیا دوا خرا کە ساڵانە لە 1ی تەمووزی دەست پێ دەکات و تاکوو 1ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
جگە لە ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەیی جیابۆوەیە لە مەهەپە و بە دەست ناکۆکی قوڵی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت سەرجەم پارتە کاریگەرەکانی پەرلەمان بە پێویستی دەزانن پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت.
بەڵام ئیی پارتی بە هەموو جۆرێک ڕەتی دەکاتەوە کورد لە تورکیا کێشەی هەبێت و تەنانەت ئامادە نییە پێشوازی لە شاندی ئیمراڵییش بکات.
چاوەڕێ دەکرێت دوای چەکدانانی پەکەکە لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێک بهێندرێت.
وێڕای ئەو هەنگاوە گرنگانەی نراون بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، هێشتا تورکیا و کورد لەسەر ناولێنانی پرۆسەکە هاوڕا نین. تورکیا بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" و پەکەکە و دەم پارتییش بە پرۆسەی "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" ناوی دەبەن.
سەزای تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە قبوڵ ناکەن ناو لە لیژنەکە بندرێت "تورکیای بێ تیرۆر" و دەڵێت: "ئەگەر بڕیارە لیژنەکە بۆ هێنانەدی ئاشتی و دیموکراسی بێت، نابێت ناوێکی لەم جۆرەی لێ بندرێت و قبوڵ ناکەین هیچمان بەسەردا بسەپێندرێت".
لە کاتێکدا دەم پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ناوێک لە لیژنەکە بندرێت جەخت لە ئاشتی بکاتەوە، کەچی ئاک پارتی ئاماژە بەوە دەدات کە ئاشتی تەنیا لەنێوان دوو دەوڵەتدا بەدی دێت و بەکارهێنانی ئاشتی بۆ پرۆسەکە هەستیارە.
باس لەوە دەکرێت لە ئەنجامی دانوستانی لایەنەکان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان ناو لە لیژنەکە دەندرێت.