پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران؛ قوربانیی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل

#ئێران#ئەفغانستان#پەنابەر#دیپۆرتکردنەوە
12 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 12 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هەر لە سەرەتای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران شەپۆلێکی نوێی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستانیان دەستپێکردووە.
  • بەشێک لە بەشداربووانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەرچەندە متمانەیان بە حکومەتی ئێران نییە، بەڵام پێشوازی لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستان دەکەن.
  • ئێران زیاتر لە 230 هەزار ئەفغانی دیپۆرتی وڵاتەکەیان دەکاتەوە
  • لە سێ مانگی رابردوودا 400 ئەفغانی لە ئێران دەرکراون
Primary Asset

سبەی

لە کاتێکدا هێشتا تەپوتۆزی شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل نەنیشتوەتەوە، شەپۆلێکی نوێی راگواستنی بەکۆمەڵی پەنابەرانی ئەفغانستان لە ئێران دەستی پێکردووە. وێنەی ئازار و ئاوارەبوون و مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ کۆچبەران لە سۆشیال میدیادا بڵاودەبێتەوە، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵدەدەن پاساو بۆ ئەم سیاسەتە توندە بهێنێتەوە بە تۆمەتبارکردنیان بە "سیخوڕی"، بەڵام ئەم دەرکردنانە کاردانەوەی جیاوازی لە کۆمەڵگای ئێراندا لێکەوتوەتەوە.

هەر لە سەرەتای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران شەپۆلێکی نوێی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستانیان دەستپێکردووە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، تا رۆژی 5ـی تەمموز، نزیکەی 230 هەزار ئەفغانی ئێرانیان بەجێهێشتووە، کە بەشێکی زۆریان دیپۆرتکراون. هاوکات جیاکردنەوەی هەزاران منداڵ لە دایک و باوکیان و لەناوبردنی بەڵگەنامەکانی نیشتەجێبوون و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و پارە لە خێزانە کۆچبەرەکان لەو حاڵەتانەن کە راپۆرتکراون و ناڕەزایەتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتۆتەوە.

تۆمەتی سیخوڕی و کاردانەوەی گشتی

لە رۆژانی دوای کۆتایی هاتنی ململانێی سەربازی، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویان کردەوە: ژمارەیەک هاوڵاتی ئەفغانی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکراون؛ تۆمەتێک کە دواتر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕەتکرایەوە. بەڵام هێشتا شەپۆلی دیپۆرتکردنەوه به کارای ماوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر له کۆچبەران - له نێویاندا ئەوانەی ساڵانێکه له ئێران ژیاون و تەنانەت لەو وڵاته له دایک بوون - ناچار بوون ئێران بەجێبهێڵن.

لە راپرسییەکی نافەرمیدا سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی پەنارانی ئەفغانی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە،، وەڵامەکان بەسەر دوو گروپدا دابەشکران، گروپێک کە باوەڕیان بە تۆمەتی سیخوڕی نییە بەڵکو پشتگیری لە دەرکردنەکە دەکەن، هەروەها گروپێک کە ئەم رێوشوێنانە وەک بیانوویەک بۆ پاراستنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا دەبینن.

بەشێک لە بەشداربووان هەرچەندە متمانەی بە حکومەتی وڵاتەکەیان نییە، بەڵام پێشوازیی لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستان دەکەن. ئەوان کۆچبەری بە هۆکاری زیادبوونی تاوان و فشاری ئابووری دەزانن و پشتگیری لە دیپۆرتکردنەوەکە دەکەن، تەنانەت ئەگەر تۆمەتەکانی سەرییشان بێ بنەمابن.

لە بەرامبەردا رەخنەگران دەڵێن: ئەم رێوشوێنانە تەنیا مەبەست لێی سەرقاڵکردنی رای گشتییە لە کاردانەوەکانی شەڕی. ئەوان پێیانوایە حکومەت هەوڵدەدات کەشوهەوای دژە کۆچبەرانی ئێستا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی توڕەیی گشتی بەرەو گروپێکی لاواز ئاراستە بکات و جۆرێکی نوێ لە "دوژمنی ناوخۆیی" بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان دروست بکات.

وەزیری ناوخۆ: 400 هەزار پەنابەری ئەفغانی گەڕێندراونەتەوە

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی راگەیاند: پڕۆژە یاسایەکیان ئاڕاستەی پەرلەمان کردووە بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ پەنابەرانی نایاسایی و گەڕاندنەوەیان لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە. 

ئاشکرای کرد، پێش شەڕی ئیسرائیل و لەماوەی سێ مانگی رابردوودا 400 هەزار پەنابەرییان دیپۆرتی ئەفغانستان کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبن لە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەیان.

بەپێی زانیارییەکان، زۆرینەی ئەو پەنابەرانەی بە نایاسایی رویان لە ئێران کردووە، هاوڵاتی ئەفغانستانن، هەرچەندە ئامارێکی وورد نییە، بەڵام بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ژمارەیان نزیکەی 4 ملیۆن کەس دەبێت.

 شیکاری پسپۆڕان: پاککردنەوەی شاراوە لەگەڵ ڕەگەزپەرستی

مێهرداد دەروێشپوور، کۆمەڵناسی ئێرانی کە نیشتەجێی سویدە، بە ئاماژەدان بە شەپۆلی بەربڵاوی دیپۆرتکردنەوەکە دەڵێت: لە دۆخێکدا کە چاوەڕوان دەکرا حکومەت بەدوای یەکڕیزیی نیشتمانیدا بگەڕێت، پەنابەرانی ئەفغانی وەک قوربانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی سەرنجەکان لە شکستەکانی لابدات.

ئەو ئەم کارانە بە فۆرمێکی شاراوەی پاکتاوکردنی نەتەوەیی و نموونەی توندوتیژیی ڕەگەزپەرستانە دەزانێت: "لە هیچ کۆمەڵگایەکدا نابێت گروپێک بارگرانی گوناهی ئەوانی دیکە هەڵبگرێت بەهۆی نەتەوەیی یان هاووڵاتیبوونیان"، دەشڵێت "تەنانەت ئەگەر چەند کۆچبەر سیخوڕیش بێت، ئەوە ڕەوایەتی نادات سەدان هەزار کەس لە ماڵ و ژیانی خۆیان دەربکەن".

بێدەنگی لە بەرامبەر نادادپەروەریدا، هاوبەشبوونە لە ستەمکردندا

دەروێشپوور هۆشداری دەدات لەوەی کە شەرعیەتدان بەم کارانە نەک هەر چارەنووسی کۆچبەران، بەڵکو هەڕەشە لە چارەنووسی ئێرانییە ناڕازییەکانیش دەکات.

لە کۆتاییدا دەڵێت: ئەفغانییەکان وەک زۆرێک لە کۆچبەران لە سەرانسەری جیهان بەشێکن لە پەیکەری کار و زیندووی کۆمەڵگا نەک هەڕەشە بۆ سەری.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی