سبەی
پێدەچێت مووشەکەکانی ئێران راستەوخۆ پێنج دامەزراوەی سەربازی ئیسرائیلیان پێکابێت لەماوەی شەڕی 12 ڕۆژەی ئەم دواییەدا، ئەوەش بەپێی رۆژنامەی تەلەگرافى بەریتانى کە پشتى بە نوێترین داتاکانى سیستمى رادار بەستووە.
پێداچوونەوەیەک بە داتاکانی مانگی دەستکردی زانکۆی ئۆریگۆن لە ئەمەریکا دەریدەخات کە پێنج بنکەی سەربازی گرنگی ئیسرائیل لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئەم دواییەی لەگەڵ ئێران ڕاستەوخۆ لەلایەن مووشەکەکانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج. ئەم هێرشانە کە لە میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل بە شاراوەیی مانەوە، ئێستا بوونەتە پرسێکی مشتومڕاوی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لەکاتێکدا شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە بانگەشەى سەرکەوتن لە هەردوولا کۆتایی هات، داتا نوێیەکانی مانگی دەستکرد دۆخێکى جیاوازیان ئاشکرا کردووە. ڕۆژنامەی تەلەگراف بە پشتبەستن بە شیکاری ڕاداری توێژەرانی زانکۆی دەوڵەتی ئۆریگۆن بڵاویکرەوە، کە شەش مووشەکی ئێرانی لە پێنج بنکەی سەربازی ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکور و باشوور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە کەوتوونەتە خوارەوە.
سیان لەو بنکانە بریتی بوون لە بنکەیەکی گەورەی ئاسمانی و ناوەندێکی هەواڵگری و بنکەیەکی لۆجستی. بەڵام سوپای ئیسرائیل ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر وردەکارییەکانی هێرشەکان بدات و تەنیا ئەوە دەخاتەڕوو کە "کارایی یەکە سەربازییەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا پارێزراو بووە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سیستەمی بەرگری ئیسرائیل کە بریتین لە Iron Dome، David’s Sling و Arrow، هەرچەندە رۆڵى گونجاویان هەبووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە ڕێگریکردن لە هەموو مووشەکەکان. شیکاری داتاکان دەریدەخەن کە تا ڕۆژی حەوتەمی شەڕەکە، نزیکەی لەسەدا 16ی مووشەکەکان سەرکەوتوو بوون لە تێپەڕبوون بەو سیستمانەدا؛ ئامارێک کە لەگەڵ ئامارە فەرمییەکانی سوپای ئیسرائیلیشدا دەگونجێت.
شانبەشانی سیستەمەکانی ئیسرائیل، سوپای ئەمەریکاش بە سیستەمی پێشکەوتووی THAAD کە لە دەریای سوور جێگیرکراون، چالاکانە بەشداری بەرگریکردنى لە ئیسرائیل کردووە و لانیکەم 36 مووشەکی بەرگری گرانبەهای تەقاندووە. سانسۆرێکی توندی سەربازی لە ئیسرائیل وایکردووە کە زانیاری لەسەر ئەم هێرشانە بە فەرمی بڵاونەکرێتەوە. بەڵام هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانی دیاری ئیسرائیل لەوان ڕاڤیڤ دروکەری کەناڵی 13 پشتڕاستیان کردۆتەوە کە مووشەکەکانی ئێران ئامانجە ستراتیژییەکانی ناوخۆی وڵاتیان پێکاوە.