سبەی
حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم هەنگاو بەرەو رێککەوتن دەنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چاوەڕوان دەکرێت، ئەو رێککەوتنەش بخرێتە کارنامەی کۆبونەوەکانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە.
رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی عێراق بڵاوی کردەوە: لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا جوڵەیەکی سیاسی چڕوپڕ هەبووە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور و یاسا کارپێکراوەکان.
رۆژنامەکە بڵاوی کردەوە؛ دوێنێ دووشەممە (7ـی تەمموزی 2025) سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان کردووە لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەردوولا کردووە بەپێی دەستور و یاسا.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە: لە کۆبونەوەکەدا بەپێویست زانیراوە، یەک هەڵوێستی و یەکگوتاری هەبێت لەپێناو بەرژەوەندی نیشتیمانی بۆ روبەڕوبوونەوەی سەرجەم ئاڵنگارییەکان و رەچاوکردنی بەرژەوەندی سەرجەم عێراقییەکان.
کۆبونەوەکە، دوای سەردانێکی مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هات بۆ هەولێر و کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی نێوان هەردوولا، لە سەرو هەمویانەوە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە دوو مانگە دابەش نەکراوە و بەغداد ئامادەنییە بینێرێت.
دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە نەوت و غازو سامانە سروشتییەکانی یەکێکی دیکە بوو لە دۆسیەکان و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوباریەوە گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی رێککەوتنێکی نوێ لەوبارەیەو بکات.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: رێککەوتنی مەبدەئی لەنێوان هەردوولا کراوە، حکومەتی هەرێم رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بکات، 46 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەش بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی بەکاربهێنێت،
سوبحی کە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، هیوای وایە لە چەند سەعاتی داهاتوودا بە فەرمی رێککەوتنەکە لە نێوان هەولێر و بەغدا رابگەیەندرێت و ئیمزا بکرێت، تا بخرێتە کارنامەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و بەرکار بکرێت.
دوو رۆژە شاندێکی هەرێم لە بەغدادە
بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد و رێککەوتن لەسەر پێشنیازێکی نوێ بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و وەڵامدانەوەی رەشنووسەکەی حکوومەتی عێراق شاندێکی هەرێمی کوردستان لە دوێنێ دووشەممەوە لە بەغدادن.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون، لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیاندا لەگەڵ ئیحسان عەوادی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبونەوە و دواتر کۆبونەوەکانیان لەگەڵ شاندە تەکنیکییەکانی بەغداد درێژە پێدا.
پێشتر میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، پێش بەڕێکەوتنی شاندەکە بۆ بەغداد، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵیان راگەیاندووە، ئامادەن نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغداد بکەن بۆ ئەوەی بەپێی رێککەوتنی پێشوو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەرەوەی بکرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، وەڵامی حکومەتی هەرێم بۆ رەشنووسەکەی حکومەتی فیدراڵی ئەرێنی بووە، ئەویش بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان و نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان، لەبەرامبەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی لە پرۆژە یاسای هەمواری بودجەی فیدراڵی و رێککەوتنی مانگی شوباتی رابردووی نێوان هەردوو شاندی باڵای حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر رێککەوتوون.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەگەر کەشی گفتوگۆکان ئەرێنی بن، ئەگەری زۆرە لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر ئەو پرسانە بکریت.
دوای سەردانەکەی مەحمود مەشهەدانی بۆ هەولێر و کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکی سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، لە تەواوی کۆبونەوەکان لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکردن بو لە چارەسەرکردن و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بە زووترین کات.
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاندووە: سوپاس بۆ خودا گفتوگۆکان قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و سبەینێ لەبەغداد کۆبونەوەکان بەردەوام دەبیت بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتن، بە سوپاسەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێم حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر هاوکار بووە تا ئەو ئاستەی هەندێجار دەستبەرداری هەندێک مافی یاسایی هەرێم بووە لەو پێناوەدا.