کۆریاى باشور لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو گرێبەستی فرۆشتنى سیستەمی چیۆنگونگ 2ی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆکرد بە بەهای نزیکەی 2.8 ملیار دۆلار
سبەى
حکومەتى عێراق هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ پاراستنى ئاسمانى وڵاتەکەى و کۆنتڕۆڵکردنى، ئەوەش دواى پێشێلکردنى ئاسمانەکەى لەلایەن ئیسرائیلەوە لەشەڕى 12 رۆژەدا و بەکارهێنانى بۆ پێکانى ئامانجەکان لە قوڵایی خاکى ئێران.
هەوڵەکانى عێراق لەو رووەوە بە چوار ئاڕاستەیە، کە سەرەکترینیان کڕینى سیستمێکى بەرگرى پێشکەوتووە لە کۆریاى باشور، کە بەکنەلۆژیاى پێشکەوتوو دەتوانێت ئامانجەکانى بپێکێت.
بەپێی میدیاکانى کۆریاى باشور، گەیاندنی قۆناغى یەکەمی سیستەمی بەرگری ئاسمانی مەودای مامناوەندی چیۆنگونگ ٢ بۆ عێراق بەپێی گرێبەستێک کە ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ حکومەتی کۆریا واژۆی کردووە، نزیک دەبێتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە وردەکارییەکانی گەیاندن و بڕی هەناردەکردنی لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کۆری کە بریتین لە LIG Next 1 و Hanwha کۆتایی پێهات.
سەرچاوە فەرمییەکانی عێراق دەڵێن، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا قۆناغى یەکەمی ئەم سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە ڕادەست دەکرێت.
بەرپرسێکی پیشەسازی بەرگری کۆریا دەڵێت "ئێستا لە پرۆسەی هەماهەنگی وردەکارییەکانداین، پێشبینیش دەکەین یەکەم قۆناغى سیستمەکە بەم نزیکانە بگەیەنرێتە عێراق".
تەحسین خەفاجی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی کۆریا وەردەگرن، ئەمەش وەک بەشێک لە پلان و هەوڵەکانی بەرەوپێشبردنى یەکەکانی بەرگری ئاسمانی.
حکومەتی کۆریا مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو گرێبەستی فرۆشتنى سیستەمی چیۆنگونگ 2ی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆکرد بە بەهای نزیکەی 2.8 ملیار دۆلار.
سیستمەکە بۆ ڕێگریکردن لە فڕۆکە و مووشەکەکانی دوژمن کە لە بەرزی کەمتر لە ٤٠ کیلۆمەتر نزیک دەبنەوە بەکاردەهێنرێت. پێکهاتەیەکی سەرەکی سیستەمی بەرگری مووشەکی کۆریایە کە بەپاتریۆتى کۆریاى باشوریش ناسراوە. یەک سەکۆى سیستمەکە دەتوانێت تا هەشت مووشەکی ڕێنماییکراو یەک لە دوای یەک ئاڕاستە بکات. پێش هەناردەکردنی بۆ عێراق، ئەم سیستەمە هەناردەی هەردوو ئیمارات و سعودیە کراوە.
تێچووی ئەم سیستەمە بژاردەیەکی ئابووری باشترە بە بەراورد بە سیستەمەکانی تری بەرگری ئاسمانی، وەک سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکی کە تێچووی هەر مووشەکێک نزیکەی 1.1 ملیۆن دۆلارە. جگە لەوەش ڕێگە بە عێراق دەدات سەرچاوەى چەکەکانی هەمەچەشن بکات و پشتبەستنی بە ئەمەریکا کەم بکاتەوە.
عێراق پێشتر گرێبەستی لەگەڵ چین و فەرەنسا و تورکیا کردبوو بۆ بەهێزکردنی جبەخانەی بەرگری ئاسمانی و زەمینی خۆی بە کڕینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری چینی جۆری CH-5 Kaihong Five کە تواناى مامناوەند و مەودا دوورە.
هەروەها یەکەم قۆناغى هەلیکۆپتەرى فرە ڕۆڵی ئێرباسى فەرەنسی وەرگرت و گرێبەستێکی لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد بۆ دامەزراندنی هێڵی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بۆ تۆپخانەی 155 ملم لە عێراق، بەپێی تایبەتمەندییەکانی تۆپخانەکانی ناتۆ.
ئەم هەوڵانە بەشێکن لە پلانێکی فراوانتر بۆ بەرزکردنەوەی توانا سەربازی و بەرگرییەکانی عێراق، کە گرێبەست لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆری بیانی لەخۆدەگرێت لە هەوڵێکدا بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی چەک و بەهێزکردنی توانای بەرگری ئاسمانی و زەمینی عێراق لە نێوان هەڕەشە تیرۆریستییە بەردەوامەکاندا.
سیستمى بەرگرى عێراق
ماوەى چەند هەفتەیەکە ئاسمانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەبێ بەرگری ماوەتەوە، ئەوەش دواى تێکشکاندنى دوو سیستم لەکۆى سێ سیستمى بەرگری، کە بەوتەى بەشێک لە شارەزایان رێگەى خۆشکردووە بۆ هێرشە درۆنى و مووشەکییەکان.
رۆژى 24 ى حوزەیران، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو سیستەمی ڕاداریان لە دوو بنکەی سەربازی لە عێراق بە ئامانج گرت، ئەوەش دواى چەند کاتژمێرێک لە هێرشى ئێران بۆ سەر دامەزراوەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە قەتەر– کە گەورەترین دامەزراوەی سەربازی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – وەک تۆڵەسەندنەوەی بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئەمەریکاوە.
بەهۆى هێرشەکانەوە، سیستمى چاودێرى ئاسمانى لەهەردوو بنکەی تاجی لە باکوری بەغداد و سیستمى هاوشێوە لە بنکەی ئاسمانی سەربازى ئیمام عەلی لە سنورى ناسریە لە پارێزگای زیقارى باشوری عێراق تێکشکێنران.
بنکەی تاجی چەند ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن سەربازانی ئەمەریکاوە بەکاردەهێنرا زۆرجاریش بووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکى.
ئەو دوو سیستمە بەشێک بوون لە سێ سیستمى بەرگرى ئاسمانى عێراق، لە ئێستاشدا تەنها سیستمى چاودێرى ئاسمانى لە کەرکوک ماوە، کە دەوترێت لە فڕۆکەخانەى سەربازى شارەکە دانراوە، لەکاتێکدا فڕۆکەخانەکە شەوى 30 ى حوزەیران رووبەڕووى هێرشى مووشەکى بووەوە، بەڵام نازانرێت ئامانجى سیستمەکە بووە یاخود نا.
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق سەرەتاى ئەم مانگە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى (بی بی سی)، دانى بە لاوازى سیستمى بەرگرى ئاسمانى وڵاتەکەیدا نا، دواى ئەوەى فڕۆکەکانى ئیسرائیل ئاسمانى عێراقیان بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە قوڵایی خاکى ئێران لەشەڕى 12 رۆژەدا.
سودانى رایگەیاند، حکومەتەکەی خاڵە لاوازەکانی ژێرخانی بەرگری وڵاتەکەی دەستنیشانکردووە و لە ئێستاوە دەستیکردووە بە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە کۆریای باشوور و فەرەنسا. بەڵام دوای پەرەسەندنی ئەم دواییە بڕیاریدا پرۆسەکە خێراتر بکات.
ئەو سیستمە بەرگرییانەى عێراق پشتیان پێدەبەستێت کورتمەودا و سنووردارن، وەک سیستمی سی ڕامی ئەمەریکی کە بۆ پاراستنی ناوچە تایبەتەکانی وەک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بەکاردێت. عێراق خاوەنی هیچ سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی دوور مەودای وەک پاتریۆت یان ئێس ٣٠٠ نییە سەرەڕای ئەوەی باس لە گرێبەستی چاوەڕوانکراو دەکرێت لەگەڵ فەرەنسا، لەوانە رادار و سیستەمەکانی وەک MICA VL، خواستی هاوکاری لەگەڵ کۆریای باشوور و ئیتاڵیا.
جگە لەو سێ سیستمە بەرگرییە کە بە شێوەیەکى نیمچەیی ئاسمانى عێراقيان دەپاراست، چەند سیستمێکى بەرگریى دیکە بوونیان هەیە کە تایبەتن بە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و بنکەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان و تەنها بۆ پاراستنى ئاسمانى ئەو بنکە و بارەگایانە بەکاردەهێنرێن، کاتێک رووبەڕووى هێرش دەبنەوە.
دواى کەمتر لە هەفتەیەک لە لەکارخستنى دوو سەرەکیترین سیستمى بەرگرى ئاسمانى عێراق، هێرشى درۆنى و مووشەکى بۆ سەر چەند ناوچەیەکى عێراق و هەرێمى کوردستان ئەنجامدران.
هێرشەکان درەنگانى شەوى 30 حوزەیران لە کەرکوکەوە دەستیان پێکرد، کاتێک چوار موشەک لە فڕۆکەخانە و گەڕەکى عروبە کەوتنە خوارەوەو بەهۆیەوە کەسێک برینداربوو، شەوى دواتر دوو درۆن لە نزیک سلێمانى و لە ناوچەکانى تاسڵوجە و بارەگاى فەرماندەیی هێزەکانى 70 کەوتنە خوارەوە، رۆژى یەکى تەمموزیش درۆنێک لە سنورى زاخۆ کەوتە خوارەوە.