ترەمپ و نەتەنیاهۆ
سبەی
دۆناڵد ترەمپ بۆ چارەسەر و رێگریی لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دیپلۆماسیەتی سنوردار پەیڕەو دەکات و ئامانجی تەنها ئەوەیە رێگریی لە ئێران بکات چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، لەبەرامبەردا نەتەنیاهۆ دەیەوێت جارێکی دیکە پەنا بۆ رێگەچارەی سەربازیی بباتەوە و ئامانجەکەی بەدەستبهێنێت؛ کە گۆڕین یان روخاندنی رژێمی ئێرانە.
ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێکی لەبارەی جیاوازییە ستراتیژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل دوای هێرشەکانی سەر ئێران بڵاوکردوەتەوە و ئەوەی خستوەتەڕوو کە؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دیپلۆماسییەکی سنوورداری پەیڕەو کردووە، ئامانجی تەنها رێگرییکردن لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، بەڵام بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت جارێکی دیکە هێزی سەربازیی لە دژی ئێران بەکاربهێنێت بۆ روخاندنی رژێمەکەی.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناڕازی و توڕەیە لە دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی، ئەوەش ناکۆکی لە نێوان ترەمپ و نەتەنیاهۆ دروستکردووە. نەتەنیاهۆ دەیەوێت ئێرانیش هاوشێوەی لیبیا، تەواوی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی لەژێر چاودێریی رێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا لەناوببرێت.
لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە: ترەمپ رێبازێکی دیپلۆماسی پەیڕەو دەکات و دەیەوێت ئەم بابەتە وەک ئامرازێک بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەکاربهێنێت، لە دۆخێکی وادا ئیسرائیل جێگرەوەی خۆی ڕاگەیاندووە کە بریتییە لە درێژەدان بە سیاسەتی گەمارۆدان بە هێرشی سەربازی. ئیسرائیل دەیەوێت گۆڕانکاریی رژێم لە ئێران بهێنێتە ئاراوە، بەڵام بۆ ئەو کارە پێویستی بە گڵۆپی سەوزی کۆشکی سپی هەیە.
بەپێی رۆیتەرز، دوای هێرشەکەی 13ـی حوزەیران بۆ سەر ئێران، ئیسرائیل لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی هێز. بەڵام ترەمپ سەرەڕای پاڵپشتی سەربازیی بۆ ئیسرائیل، دوودڵ بووە لە راکێشانی ئەمەریکا بۆ شەڕێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆیتەرز نوسیویەتی: نەتەنیاهۆ دەیەوێت گورزی کۆتایی لە ئێران بوەشێنێت، بۆ ئەوەی تاران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکانی.