ناوەڕۆکی یەكەم كۆبوونەوەی ئەو لیژنە وزارییەی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد پێکهێندرا

#هەرێم#لیژنەی وزاری#بەغداد
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، هەردوو رەشنووسی پێشنیازكراوی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد تاوتوێ كراوە، لەوانەش پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت و ئەو پشكەی پێویستە هەرێم رادەستی بەغدادی بكات لە داهاتی نانەوتی، لەگەڵ تەوتینی مووچەی فەرمانبەران.
Primary Asset

وێنەی کۆبوونەوەکە

سبەی

بە سەرۆكایەتی محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، كۆبوونەوەی یەكەمی لیژنەی وزاری كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێكهێندراوە، بەڕێوەچوو.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، هەردوو رەشنووسی پێشنیازكراوی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد تاوتوێ كراوە، لەوانەش پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت و ئەو پشكەی پێویستە هەرێم رادەستی بەغدادی بكات لە داهاتی نانەوتی، لەگەڵ تەوتینی مووچەی فەرمانبەران.

لیژنەكە جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ تەكنیكی و ئیدارییەكان دەكاتەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری خێرا و دادپەروەرانە و واقعیانە، كە مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە.

لیژنەكە پێكهاتووە لە هەریەك لە محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی، خالد بەتال وەزیری پیشەسازی و كانزاكان و خالید شوانی وەزیری داد.

دوو رەشنووسەكە

لەو دوو رەشنوسەدا هەرێم و بەغداد خاڵی جیاوازی زۆر لەنێوانیاندایە بۆ چارەسەری پرسەكانی مووچە، نەوت و داهاتی ناوخۆیی و تەنها لەدوو خاڵیان نزیكن لە یەكەوە كە تایبەتە بەرادەستكردنی نەوت و بەكاربردنی ناوخۆیی.

خاڵی یەكەمی هەردوو پڕۆژەكەی هەرێم و بەغداد تایبەتە بە رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بەڵام هەریەكەیان پێشنیازی جیاوازی لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو.

هەرێم دوو پێشنیازی لەو بارەیەوە خستووەتەروو، بەپێی پێشنیازی یەكەم، لەكۆی 282 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە 217 هەزار بەرمیل دەدرێتە بەغداد، ئەوەی دیكەی كە دەمێنێتەوە و 65 هەزار بەرمیلە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەبێت.

بەپێی پێشنیازی دووەم، هەرێمی كوردستان ئامادەیە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات تا ئەو كاتەی دەگەنە رێككەوتن لەسەر لایەنی راوێژكاری تایبەتمەند بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت.

پێشنیازی یەكەمی هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەك نزیكە لە پێشنیازەكەی بەغدادەوە، بەو پێیەی بەغداد لە رەشنوسەكەیدا داوایكردووە هەرێم لەكۆی 282 هەزار بەرمیل 236 هەزار بەرمیل رادەست بكات و 46 هەزار بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی تەرخان بكرێت، واتە تەنها 19 هەزار بەرمیل نەوت جیاوازی لەنێوانیاندایە.

بەپێی رەشنوسەكەی بەغداد، لە قۆناغی دووەمدا كە هاوكات لەگەڵ قۆناغی یەكەم دەبێت بۆ ماوەی مانگێك جێبەجێ بكرێت، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی راستەقینەی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دیاری بكات.

خاڵێكی دیكەی هەردوو رەشنوسەكە تایبەتە بە داهاتی ناوخۆیی كە هەردوولا تێیدا ناكۆكن، هەرێمی كوردستان بەبێ دیاریكردنی هیچ بڕێك ئامادەیی نیشانداوە لەسەر رادەستكردنی نیوەی داهاتی گومرگ و باج بەبەغداد، بەڵام بەغداد داوادەكات ئەو بڕە مانگانە لە 200 ملیار دینار كەمتر نەبێت، لەكاتێكدا هەرێم لەمساڵدا هیچ كات ئەو بڕەی رادەستنەكردووە.

لەسەر پرسی بەكارهێنانی ناوخۆیی نەوت، هەردوو حكومەت تاڕادەیەك نزیكن و هەردوولا بەرپرسیارێتییەكەیان خستووەتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان .

بەپێی رەشنوسەكەی هەرێم بەكاربردنی ناوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمی كوردستانە، رەشنوسەكەی بەغدادیش جەختی لەوە كردووەتەوە، بەتایبەتی لە قۆناغی یەكەمدا بە مەرجی پێدانی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بە كۆمپانیاكان لە بەرامبەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ حكومەتی فیدراڵی، دوای داشكاندنی تێچووەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن.

خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران یەكێكی دیكە لە خاڵە ناكۆكەكانی رەشنوسەكە، بەو پێیەی هەرێم داوایكردووە بەغداد مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزەیران و سەرجەم مانگەكانی دیكەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات تا پەسەندكردنی بودجە، بەڵام عێراق خەرجكردنی مووچەی بەستووەتەوە بە جێبەجێكردنی سەرجەم داواكارییەكانی كە بەشێكی تا ئێستا هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر نەداوە.

سەرباری ئەو خاڵانە، بەغداد لە رەشنووسەكەیدا جەختی لە پێكهێنانی لیژنەیەك كردووەتەوە بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەماوەی 90 رۆژدا بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەڵام لە رەشنوسەكەی هەرێمدا بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو پرسە نەكراوە.

نوسینگەی سودانی: لە نزیكترین كاتدا بڕیار دەدرێت

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە نزیكترین كاتدا بڕیار لەسەر پرسەكانی رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی كوردستان  و مووچە و تەوتین دەدرێت.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا كە دەست سبەی كەوتووە ئاماژەی بەوەكردووە، وەك پابەندبوونی حكومەت بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی پابەندییە داراییەكانی هەرێم و بەغدا، ئەنجومەنی وەزیران دوو وەرەقەی تاوتوێكردووە كە یەكێكیا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ و ئەوەی دیكەشیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئامادەكرابوو

رونیشیكردووەتەوە، وەرەقەكان تایبەت بوون بە پرسی رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و دۆسیەی مووچە و تەوتین، لەسەر بنەمای ئەوەش سودجانی فەرمانیكرد بە پێكهێنانی لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی وەزیری پلاندانان و ئەندامێتی وەزیرانی، ئاوەدانكردەوە، خوێندنی باڵا، داد و تەندروستی بۆ تاوتوێكردنی هەردوو وەرەقەكە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم و بەغداد.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوەشكردووە، لیژنەكە دواتر راسپاردەكانی لەو باریەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەكاتەوە بۆ گرتنەبەری بڕیاری گونجاو لەبارەیانەوە لە نزیكترین كاتدا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی