كەجەكە لەبارەی شوێن و كاتی لەناوبردنی چەكی گەریلا راگەیەندراوێكی دیكەی بڵاوكردەوە

#کەجەکە#پەکەکە#کورد#تورکیا
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • هەرچەند تا دوو رۆژ لەمەوبەر بڕیار بوو ڕێوڕەسمی چەكدانانەكە لە لایەن ڕۆژنامەنووسانەوە ڕووماڵ بكرێت و بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەخش بكرێت، كەچی ڕاگەیەندراوێكی ناوەندی ڕاگەیاندنی كەجەكە لە درەنگانی شەودا بووە جێی سەرنج.
Primary Asset

چەند گەریلایەکی پەکەکە

سبەی

كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" لەبارەی مەراسیمی "لەناوبردنی چەك" لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "شوێنی دیاریكراو ئاشكراناكرێت بەڵام پاس بۆ گواستنەوەی ئامادەبووان دابینكراوە".

كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند:" مەڕاسیمی لەناوبردنی چەك، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی 11ـی تەمموز، كاتژمێر 8:00 بۆ 9:00 بەڕێوەدەچێت، شوێنی دیاریكراو ئاشكرا ناكرێت، بەڵام پاس دابینكراوە و هەموو بەشداربوان دەگەنێتە شوێنێك نزیك لە شوێنی دیاریكراوی مەڕاسیمەكە،  بۆ ئەو مەبەستە لە (هۆتێل ئاشوور) لە شارۆچكەی دوكان ئامادە بن".

“بەشداربوونی ڕۆژنامەنووسان پێویست بە هیچ خۆتۆمارکردنێکی پێشوەختە ناکات، بەڵام پێویستە باجی تایبەتی ڕۆژنامەوانیی و ناسنامەتان پێ بێت و خۆتان بناسێنن، لەو شوێنەی کە بۆی دەبرێن بۆ ڕووماڵکردن، مەڕاسیمەکە لە شاشەیەکی گەورەوە نیشان دەدرێت، هەروەها دەتوانن بە خواستی خۆتان دیمەن و دەنگی خامی مەڕاسیمەکە بەدەستبهێنن، ئەو شوێنە کارەبای لێ دەبێت، بە هۆکاری ئەمنیی ناتوانن لێدوان لە ئەندامانی گرووپەکە وەربگرن، بەڵام قسەکردن لەگەڵ چاودێرەکان ئاساییە”. کەجەکە وا دەڵێت.

هەرچەند تا دوو رۆژ لەمەوبەر بڕیار بوو ڕێوڕەسمی چەكدانانەكە لە لایەن ڕۆژنامەنووسانەوە ڕووماڵ بكرێت و بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەخش بكرێت، كەچی ڕاگەیەندراوێكی ناوەندی ڕاگەیاندنی كەجەكە لە درەنگانی شەودا بووە جێی سەرنج.

كەجەكە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە بەهۆی دۆخی ئەمنیەوە، ناچاربوون لە ماوەیەكی كورتدا وردەكارییەكان سەبارەت بەو مەراسیمە بگۆڕن كە پلانی بۆ دانرابوو لە سلێمانی بەڕێوەبچێت و دەڵێت: "مەراسیمەكە بەو شێوەیەی كە پلانی بۆ دانرابوو ئەنجام دەدرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ پەخش ناكرێت و ڕۆژنامەنووسانیش ناتوانن ئامادەی بن".

دەشڵێت لە نزیك شوێنی مەراسیمەكە شاشەیەك دادەنرێت و تۆمارە ڤیدیۆییەكانی تیادا پەخش دەكرێت. 

ئەم ڕاگەیەندراوەی كەجەكە لە كاتێكدایە بەردەوام لایەنی توركی و كوردی هۆشداریی دەدەن لەوەی كە هەوڵی جیدی هەیە بۆ لەباربردنی پرۆسەكە، وەك چۆن قۆناغی یەكەم و دووەمی پرۆسەی ئاشتی لەباربرا و شەڕ و پێكدادان لە نێوان توركیا و پەكەكە دەستی پێ كردەوە.

پەكەكە لە چی دەترسێت ؟

ئەو ڕاگەیەندراوەی كەجەكە، دەبێتە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە سەرنجەكان بچنەوە سەر دوایین كۆنگرەی پەكەكە كە بە نهێنی و لە دوو ناوچەی جیای هەرێمی كوردستان كە بە دەست پەكەكەوەن بەسترا.

هەرچەند عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوبات داوا لە پەكەكە كرد كۆتایی بە خەباتی چەكداری بهێنێت و بۆ ئەوەی پەكەكە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە كۆنگرە ببەستێت، كەچی دوای تێپەڕینی ماوەیەكی زۆر و لە 5-7ـی ئایار پەكەكە كۆنگرەی خۆی بەست و لە 12ـی ئایاریش بڕیاری كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری دژی توركیا و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

هەرچەند بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە بەردەوام گەورە بەرپرسانی پەكەكە جەختیان لەوە دەكردەوە كە بە هۆی بەردەوامی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێردەستیان ناتوانن كۆنگرە ببەستن، بەڵام بەپێی چەند سەرچاوەیەك ئەمە تاكە هۆكاری نەبەستنی كۆنگرەی پەكەكە نەبوو.

بەڵكو پەكەكە ترسی لەوە هەبوو وڵاتی سێیەم كە بۆ ئەمەیش زیاتر باس لە ئیسرائیل دەكرێت لە كاتی بەستنی كۆنگرەدا هێرشیان بكاتە سەر.

ئەم سەرچاوانە ئاماژە بەوە دەدەن كە ئیسرائیل بە دوای دۆست و هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێت بۆ كێشانەوەی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و نیگەرانە لەوەی پرۆسەكە بگاتە ئەنجام.

چونكە بەم جۆرە گەورەترین كارتی دەستی دەسووتێت كە لە بەرنامەیدایە بۆ داهاتوو لە دژی توركیا كاری لەگەڵدا بكات.

هێشتا ئۆجەلان بە گومانەوە لە مردنی سڕی سورەییا ئۆندەر دەڕوانێت

چەند سەرچاوەیەك ئاماژە بەوە دەدەن لە كاتی سەردانەكانی ئەم دواییەی شاندی ئیمراڵی بۆ لای، ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە كە هێشتا بە گومانەوە لە مردنی سڕی سورەییا ئۆندەر دەڕوانێت كە تا تووشبوونی بە نۆرەی دڵی بەشداری لە سەرجەم ئەو دیدار و كۆبوونەوانەدا كرد لەگەڵ ئۆجەلان و پارتە سیاسییەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان ئەنجام دران.

توشبوونی سڕی سورەییا ئۆندەر بە نۆرەی دڵ لە 15ـی نیسان لە كاتێكدا قۆناغێكی نوێ  دەستی پێ كردبوو بۆ كۆتاییهێنان بە  خەباتی چەكداری لە لایەن پەكەكە و تەنیا پێنج ڕۆژ دوای كۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئەردۆغان كە دوای تێپەڕینی 13 ساڵ یەكەمین كۆبوونەوە بوو لە نێوان ئەردۆغان و شاندی ئەو ئاراستە سیاسییە ئەنجام بدرێ كە ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەكات، بووە جێی گومان.

ئەوەی گومانی لە مردنی سڕی سورەییا ئۆندەر هەیە، تەنیا تێكۆشەرانی كورد نین، ئەو توركانەی ناو حكومەتیش كە لە خەمی چارەسەركردنی پرسی كوردن بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە گومانیان هەیە و هەر لە سەرەتای ئەم قۆناغە نوێیە هۆشداری لەوە درا كە  هێزگەلێكی ناوخۆیی و دەرەكی، نایانەوێ پرۆسەكە سەر بگرێ.

دوو مانگ لە مەوبەریش دەم پارتی ڕایگەیاند 15 رۆژ پێش توشبوونی بە نۆرەی دڵ كە بەهۆیەوە كۆچی دواییكرد، ئامێرێكی تیژ دۆزراوەتەوە كە لە تایەی دواوەی لای چەپی ئۆتۆمبێلەكەی سڕی سورەییا ئۆندەر جێگیركرابوو، ناوبراویش دەم پارتی ئاگاداركردووەتەوە لەو بارەیەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی 2ـی نیسان واتە 13 ڕۆژ بەر لەوەی سڕی سورەییا ئۆندەر توشی نۆرەی دڵ ببێت، كارمەندی گەراجی ئۆتۆمبێل لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی سڕی سورەییا ئۆندەر كەوتووەتە گومان لەو دەنگەی لە تایەكانی ئۆتۆمبێلەكەوە دێت و بۆیە ئۆتۆمبێلەكە دەبرێتە لای یەكەی خزمەتگوزاری. 

لە ئەنجامی پشكنیندا دەردەكەوێت ئامێرێكی تیژ لە تایەی دواوەی لای چەپی ئۆتۆمبێلەكە جێگیر كراوە كە توانای هەبووە تایەكە بتەقێنێت.

لای خۆشیەوە سڕی سورەییا ئۆندەر دەم پارتی لەوە ئاگادار كردووەتەوە و لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی پێویست بۆ ڕووداوەكە كراوە.

چۆنێتی ڕووداوەكە و بەڵگەكانی پەیوەندیدار پێیەوە گەیەندراونەتە لایەنی مەبەست. هەم دەم پارتی و هەم سڕی سورەییا ئۆندەر لە نزیكەوە چاودێری پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە ڕووداوەكەیان كردووە. بەڵام بە هۆی هەستیاری بابەتەكەوە، ڕای گشتی لە ڕووداوەكە ئاگادار نەكراوەتەوە. ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەكە.

هێشتا هیچ ئەنجامێكی ڕوونی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بە دەم پارتی نەگەیەندراوە، تا ڕای گشتی لێ ئاگادار بكرێتەوە.

تووشبوونی سڕی سورەییا ئۆندەر بە نۆرەی دڵ لە كاتێكدابوو هەنگاوەكان چڕببوونەوە بۆ سەرخستنی ئەو قۆناغە نوێیەی بە مەبەستی چارەسەركردنی پرسی كورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە دەستی پێ كردبوو، بووە جێی گومان.

سڕی سورەییا ئۆندەر تا تووشبوونی بە نۆرەی دڵ هاوشێوەی پەروین بوڵدان بەشداری لە تەواوی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەدا كردبوو كە دوای دەستپێشخەرییەكەی دەولەت باخچەلی، سەرۆكی گشتیی مەهەپە لە 22ـی تشرینی یەكەمی 2024ـەوە لەگەڵ ئۆجەلان و پارتە سیاسییەكان و ئەردۆغاندا ئەنجام درابوون.

ڕۆژی شەممە 3ـی ئایاری 2025 و دوای 18 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە سڕی سورەییا ئۆندەر لە تەمەنی 63 ساڵیدا بۆ دواجار چاوەكانی لێك نا و كۆچی دوایی كرد. 

ترسی لەباربردنی پرۆسەكە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە پرۆسەكە هەنگاوی زۆر باشی ناوە، هاوكات گەورە بەرپرسانی توركیا و پەكەكە و دەم پارتییش هۆشداری دەدەن لەوەی هەوڵی جدی هەیە بۆ لەباربردنی پرۆسەكە.

وێڕای دەرس وەرگرتن لە دوو قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی، هاوكات ئەو هۆشدارییەی ئەو گەورە بەرپرسانە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش هەوڵ دەدرێت درێژە بە شەڕی 40 ساڵەی كورد و تورك بدرێت.

لە مردنی تەمومژاوی تورگوت ئۆزالەوە تا كوشتنی دامەزرێنەرانی پەكەكە

لە قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی (2013-2015) لە ڕێكەوتی 7ـی كانونی دووەمی 2013 هەریەك لە ساكینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە ماڵەكەی خۆیاندا لە پاریس كوژران.

ساكینە جانسز یەكێك بوو لە دامەزرێنەران و سەركردە باڵاكانی پەكەكە.

شاندی دانوستانكاری كورد ئاماژە بەوە دەدات هۆكاری كۆتایی هێنان بە پرۆسەكە بۆ پەشیمانبوونەوەی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە لەو ڕێككەوتنە چەند خاڵییەی لە كۆشكی دۆڵمەباخچە لەگەڵ شاندی حكومەت لەسەری ڕێك كەوتبوون.

یەكێكی دیكە لەو خاڵانەی جوڵانەوەی كوردی و حكومەتی توركیا لەسەری ناكۆك بوون، ڕۆژئاوای كوردستان بوو و ئۆجەلان بە توركەكانی وتبوو: "ڕۆژئاوا لای من هێڵی سورە و سازشی لەسەر ناكەم".

دوای كوژرانی دوو سەربازی توركیا لە 2015 لە قەزای سەرێ كانیێ (جەیلانپنار) لە پارێزگای ڕها (ئورفا) قۆناغی دووەمی پرۆسەكە كۆتایی هات. 

توركیا پەكەكەی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كرد، بەڵام پەكەكە ڕەتی كردەوە و بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ نەگرت. 

لە دوای ئەوەشەوە جارێكی دیكە شەڕ و پێكدادان لە نێوان توركیا و پەكەكە دەستی پێ كردەوە.

كاراكتەرە سەرەكییەكانی حكومەتی توركیا لە قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئاشتی، بە دوای یەكدا و لە چەند مانگێكدا بە ڕووداوی تەمومژاوی مردن

وەك ئامادەكارییەك بۆ قۆناغی یەكەمی دانوستانەكانی نێوان پەكەكە و حكومەتی توركیا بە سەرۆكایەتی تورگورت ئۆزاڵ، پەكەكە لە 20ـی ئاداری 1993 ئاگربەستی ڕاگەیاند. 

كەچی دوای تێپەڕینی مانگێك و چەند ڕۆژێك، خەلیل تورگوت ئۆزاڵ لە 17ـی نیسانی 1993 سەركۆماری ئەو كاتەی توركیا بە شێوەیەكی گوماناوی مرد.

دوو كەس لەگەڵ تورگوت ئۆزاڵدا ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان گێڕا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و بەر لەوەی ئۆزاڵ بەو شێوە گوماناوییە بمرێت، ئەوانیش بە شێوەی گوماناوی مردوون.

یەكێك لەوان ڕۆژنامەنووس ئوغور مومجو بوو كە 15 ڕۆژ جارێك ڕاپۆرتێكی بۆ تورگوت ئۆزاڵ ئامادە دەكرد لەبارەی چۆنێتیی چارەسەركردنی پرسی كورد، ئەوەكەی دیكەیشیان ئەشرەف بەدلیسی بوو كە فەرماندەی گشتیی جەندرمە بوو و لە ڕووی سەربازییەوە تاوتوێی پرۆسەكەی دەكرد. 

ئوغور مومجو لە 24ـی كانوونی دووەمی 1993 و چەند مانگێك بەر لە مردنی گوماناوی تورگوت ئۆزاڵ بە هۆی تەقینەوەی ئەو بۆمبەی بۆ ئۆتۆمبێلەكەی داندرابوو، گیانی لەدەستدا.

ئەشرەف بەدلیسی'یش لە 17ـی شوباتی 1993 بە هۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی، گیانی لەدەستدا. 

لە  24ـی ئایاری 1993 هێزێكی سەر بە پەكەكە 33 سەربازی توركی لەنێو پاسێك لە ڕێگای نێوان خارپێت (ئەلعەزیز) و چەولیگ (بینگۆل) هێنایە خوارەوە و سەربازەكانی كوشت.

دوای چەندین ساڵ كاتێك دەركەوت بە فەرمانی شەمدین ساكیك ئەو سەربازانەی توركیا كوژراون، سەركردایەتی ئەوكاتی پەكەكە شەمدین ساكیكی لە ڕیزەكانی دوورخستەوە.

لە دوای مردنی ئۆزاڵ'ەوە بە تەواوی هەوڵەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە شكستی هێنا و جارێكی دیكە سیاسەتی نكۆڵیكردن و پاكتاوكردنی كورد و شەڕ و پێكدانان دەستی پێ كردەوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی