سەرەڕای خۆهەڵوەشاندنەوە و بڕیاری چەكدانان؛ توركیا ئەمڕۆ تۆپبارانی سێ پێگەی پەكەكەی لە گارە كردووە

#پەکەکە#تورکیا#هەرێمی کوردستان#دهۆک#گارە
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، تۆپخانەكانی توركیا سێ پێگەی جیاوازی پەكەكەیان لە چیای گارە بۆردومان كردووە، كە سەر بە قەزای ئامێدییە لە باكوری پارێزگای دهۆك.
Primary Asset

وێنەیەکی بۆردومانەکە

سبەی

سەرچاوەیەكی ئەمنیی لە دهۆك ئاشكرایكردووە، تۆپخانەكانی توركیا سێ پێگەی پارتی كرێكارانی كوردستانیان لە باكوری پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان بۆردومان كردووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، تۆپخانەكانی توركیا سێ پێگەی جیاوازی پەكەكەیان لە چیای گارە بۆردومان كردووە، كە سەر بە قەزای ئامێدییە لە باكوری پارێزگای دهۆك.

بەوتەی سەرچاوە ئەمنییەكە، بەهۆی بۆردومانەكەوە زیانێكی زۆر بەر رەز و باخ و ماڵەكانی گوندی "كەڤنەمژێ" كەوتووە.

بەردەوامیی تۆپبارانی سوپای توركیا بۆسەر ناوچەكانی سنوری هەرێمی كوردستان و پێگەكانی پەكەكە لەو سنورانە، لەكاتێكدایە، لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، ئەو حزبە وێڕای ئاگربەست خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و بڕیاریشیداوە چەك دابنێت.

هەروەها، عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە (9ـی تەمموزی 2025) پەیامێكی ڤیدیۆیی لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی بڵاوكردەوە، كە هاوشانی ئەو شەش هاوڕێی دیكەی وەستابوون.

پەیامەكەی ئۆجەلان لە (19ـی حوزەیرانی 2025) تۆماركراوە و ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، كە تیایدا ئۆجەلان دەڵێت: لێرەدا كۆتایی بەتەڤگەری پەكەكە دەهێنین كە وەك كاردانەوەیەك لە دژی نكۆڵیكردن لە هەبوونی كورد دەركەوت و بەئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێكی جیا ستراتیژییەكەی شەڕی رزگاری نەتەوەیی بوو. ئێدی دان بە هەبوونی گەلی كورددا نراو و لەم سۆنگەیەوە ئامانجە سەرەكییەكە بەدی هاتووە. لەم واتایەدایە كە ماوەكەی بەسەر چووە. 

ئەوە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی هەینی (11ـی تەمموزی 2025) ژمارەیەك گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان لە مەراسیمێكدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەشێوەیەكی سیمبوڵی چەكەكانیان دابنێن و دواتر بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان لە قەندیل.

لە ئێستادا ئاك پارتیی دەسەڵاتدار نایەوێت هیچ بەڵێنێك بدات بۆ هەمواركردنەوەی یاساكان و دەیەوێت ئەمە بخاتە دوای بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی یەكەم قۆناغی چەكدانانی پەكەكە، هاوكات ڕەتیشی دەكاتەوە كە ئەم هەنگاوانەی بۆ هەمواركردنەوەی یاساكان دەندرێن، بە هیچ جۆرێك سەودا و مامەڵە بن بۆ ئەوەی پەكەكە چەك دابنێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی