حكومەتی سوریا: بە هەموو شێوەیەك دابەشبوون و فیدراڵی رەتدەكەینەوە

#سوریا#کورد#رۆژئاوای کوردستان#هەسەدە#ئەمەریکا
10 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • حكومەتی سوریا راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان "باكور و رۆژهەڵاتی سوریا" بڵاوكردەوە و رایگەیاند:"پێكهاتەی كورد بەشێكی رەسەنی پێكهاتەكانی سوریایە و مافەكانی پارێزراوە و رێزی لێدەگیرێت لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت نەك دەرەوەدا".
Primary Asset

ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی

سبەی

وێڕای كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان، حكومەتی سوریا لە راگەیەندراوێكدا "بە هەموو شێوەیەك دابەشبوون و فیدراڵی لە سوریا رەتدەكاتەوە".

حكومەتی سوریا راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان "باكور و رۆژهەڵاتی سوریا" بڵاوكردەوە و رایگەیاند:"پێكهاتەی كورد بەشێكی رەسەنی پێكهاتەكانی سوریایە و مافەكانی پارێزراوە و رێزی لێدەگیرێت لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت نەك دەرەوەدا".

حكومەتی سوریا ئەوەشی خستووەتەڕوو "پێشوازی لە هەر رێرەوێكی گفتوگۆ دەكات كە بۆ پتەوكردنی یەكڕیزی و پاراستنی خاكی سوریا بێت".

حكومەتی سوریا سوپاسی هەوڵەكانی ئەمەریكا دەكات، "پەیوەست بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی واژۆكراوی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە تیایدا جەخت لەسەر یەكپارچەیی و سەقامگیری سوریا و یەكگرتوویی گەلەكەی كراوەتەوە."

راگەیەندراوەكەی حكومەتی سوریا جارێكی دیكە "جەخت لە بنەمای جێگیری بڕوابوون بە یەك سوریا و یەك سوپا و یەك حكومەت" دەكاتەوە، "هەروەها "بە هەموو شێوەیەك دابەشبوون و فیدراڵی رەتدەكاتەوە كە پێچەوانەیە لەگەڵ سەروەری كۆماری عەرەبی سوری و یەكێتی خاكەكەی".

"سوپای سوریا دامەزراوەیەكی نیشتمانییە بۆ هەموو رۆڵەكانی نیشتمان، دەوڵەت پێشوازی لە پەیوەندیكردنی شەڕڤانانی سوریی هەسەدە دەكات بۆ ریزەكانی، بەپێی دەستور و یاسا كارپێكراوەكان". حكومەتی سوریا وا دەڵێت.

حكومەتی سوریا هۆشداریش دەدات "لە دواكەوتنی جێبەجێكردنی رێككەوتنە واژۆكراوەكان". دەشڵێت  "خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی ناكات، بەڵكو دیمەنەكە ئاڵۆزتر دەكات، لەمپەریش بۆ هەوڵەكانی دووبارە گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری دروست دەكات لەسەرجەم ناوچەكانی سوریا".

"گرەوكردن لەسەر پرۆژەی جوداخوازی و ئەجێندای دەرەكیی گرەوێكی شكستخواردووە"

راگەیەندراوەكە كە بەناوی حكومەتی سوریاوە لە ئاژانسی "سانا" بڵاوكراوەتەوە، جەخت "لە پێویستیی گەڕانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەكات بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا و بە دامەزراوە خزمەتگوزاری و تەندروستی و فێركردن و ئیدارەی ناوخۆییشەوە".

باس لەوەشدەكات "ئەزمون سەلماندوویەتی گرەوكردن لەسەر پرۆژەی جوداخوازی و ئەجێندای دەرەكیی گرەوێكی شكستخواردووە، داواكاری ئەمڕۆ گەڕانەوەیە بۆ ناسنامەی نیشتمانی و تێكەڵبوون بە پرۆژەی دەوڵەتی نیشتمانی سوریا". 

ئەو راگەیەندراوەی حكومەتی سوریا دوای ئەوەدێت، كە ئەمڕۆ تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سوریا پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رایگەیاند:"پێویستە لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوە بزانن كە سوریا یەك دەوڵەتە و رێگەی گفتوگۆ بەرەو دیمەشقە".

باراك لە لێدوانیدا بۆ میدیای توركیا باسی لەوەشكردبوو "ناكرێت لەناو دەوڵەتێكی سەربەخۆدا كیانێكی جیاوازت هەبێت". جەختیشیكردەوە "دیمەشق جددیەتێكی زۆری هەیە بۆ تێكەڵبوونی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە دامەزراوەكانی".

ئەم لێدوانانە لەكاتێكدان، ئەمڕۆ لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا لەگەڵ تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبوەوە.

رێككەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی

رۆژی 10 ی شوباتی 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە.

رێككەوتنەكە لەلایەن هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لەرۆژی 10 ی ئازاری 2025، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە.

خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە

خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.

لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز.

بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. هەروەها لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا.

لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی