دوو سکاڵا لەبەغداد؛ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى کوردستان و لێسەندنەوەى مووچەى پەرلەمانتاران لە چاوەڕوانى چەکوشى دادگادا

#دادگاى فیدراڵى#پەرلەمانى کوردستان
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لەسکاڵاى یەکەمدا  داوا لە دادگا کراوە سێ بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بدات، کە بریتین لە هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردن، ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن، وەرگرتنەوەى ئەو ئیمتیازاتە ماددیانەی (٩٧) پەرلەمانتار لە ڕۆژی سوێندخواردنیانەوە پێیاندراوە.
  • لەسکاڵاى دووەمدا داوای هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى کوردستان کراوە، بەو پێیەى نەیتوانیوە دەستەى سەرۆکایەتى هەڵبژێرێت و متمانە بە کابینەى نوێی حکومەت بدات و سەرۆکى هەرێمیش دەسەڵاتەکانى بەکارنەهێناوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.
Primary Asset

مانگانە نزیكەی 830 ملیۆن دینار بۆ موچەی پەرلەمانتاران خەرج دەكرێت

سبەى

دادگاى فیدراڵى عێراق رۆژى یەکشەممەى داهاتوو دوو سکاڵا تاوتوێ دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى کوردستان و وەرگرتنەوەى مووچە و ئیمتیازى پەرلەمانتاران، ئەوەش بەهۆى ئەوەى دواى هەشت مانگ لە هەڵبژاردن تا ئێستا یەک کۆبوونەوەى کردووە، بەبێ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى.

سکاڵاى یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپى کاندیدى دەرچوونى کۆمەڵ بۆ پەرلەمانى کوردستان کە بەهۆى بایکۆتى ئەو حزبەوە سوێندى یاسایی نەخواردووە تۆمارکراوە، لەسەر هەریەکە لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى پەرلەمان و داواى لە دادگا کردووە سێ بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بدات، کە بریتین لە هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردن، ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن، وەرگرتنەوەى ئەو ئیمتیازاتە ماددیانەی (٩٧) پەرلەمانتار لە ڕۆژی سوێندخواردنیانەوە پێیاندراوە.

مانگانە بڕی نزیكەی (1.200.000.000) یەك ملیار و دووسەد ملیۆن دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانى پەرلەمانى کوردستان و (300.000.000) سێسەد ملیۆن وەك نەسرییەی بەڕێوەچوونی كاروبارەكان و بڕی نزیكەی (830.000.000) هەشتسەد و سی ملیۆن دیناریش بۆ موچەی پەرلەمانتاران خەرج دەكرێت، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان.

عومەر گوڵپى لەبارەى سکاڵاکەیەوە دەڵێت "ئامانجی داواکەمان هەوڵێکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی پەرلەمانێکی کارا بێت بەجۆرێک بتوانێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بکات، هەروەها مەرجەعی باڵای کوردستان و شوێنی لێپرسینەوە بێت لە حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن".

سکاڵاى دووەم لەلایەن هەریەکە لە سروە عەبدولواحید ئەندامى پەرلەمانى عێراق، کاوە عەبدولقادر سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە خولى پێشووى پەرلەمانى کوردستان و کوردەوان جەمال پەرلەمانتارانى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە لەسەر سەرۆکى هەرێمى کوردستان کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى کوردستانیان کردووە، بەو پێیەى نەیتوانیوە دەستەى سەرۆکایەتى هەڵبژێرێت و متمانە بە کابینەى نوێی حکومەت بدات و سەرۆکى هەرێمیش دەسەڵاتەکانى بەکارنەهێناوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.

 دوای دوو ساڵ بۆشایی یاسایی، رۆژى 20/10/2024 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت كە هەشت مانگ تێپەڕیوە، ئەو بۆشاییە یاساییەی لەهەرێمدا هەبوو بەردەوامە. چونكە لەیەكەم دانیشتندا ئەندامان تەنها سوێندی یاساییان خوارد و دانیشتنەكە بە كراوەیی مایەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو رەوشەی لە هەشت مانگی رابردوودا گوزەراوە، پێچەوانەی ئەو هەموو بەڵێنانەیە كە لیستەكان لەسەروبەندی بانگەشەكاندا بە دەنگدەرانیانداوە. ئۆباڵیشی دەكەوێتە ئەستۆی هەردوو هێزی سەرەكی پارتی و یەكێتی كە بەرپرسیارن لێی. ئەو هێزانەش كە بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون، یەك هەڵوێست نین و دابەش بوونە، هەر بۆیەش هیچ كاریگەرییەكیان بەسەر گۆڕانكارییەكانەوە نەبووە و نیە.

بەپێی دامەزراوەى پەى، ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت پێچەوانەی ئەو سوێندەیە كە ئەندامان خواردوویانە، چونكە جێبەجێنەكردنی یاسا و هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و پەكخستنی پەرلەمان پێچەوانەی ئەو سوێندەیە كە دژ بە بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان كەوتۆتەوە، بەمەش سوێندە یاساییەكەی ئەندامان پوچەڵ دەبێتەوە.

پێشیوایە، لە حاڵەتی بەردەوام بوونی ئەم رەوشەدا، ئەگەری ئەوە هەیە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بڕیاری پوچەڵ كردنەوەی هەڵبژاردن و دووبارە بوونەوەی بدرێت و ئەمەش گرفتێكی تر رووبەڕووی هەرێم دەكاتەوە. بەتایبەت لە ئێستادا پەیوەست بەم بابەتە چەند سكالایەك لە دادگەی ناوبراو تۆمار كراون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی