پەكەكە جەخت لە چەكدانان دەكاتەوە؛ توركیاش بەشداری لایەنی دەرەكی رەتدەكاتەوە

#تورکیا#پەکەکە#چەکدانان
11 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەوتەی جێگری سەرۆكی ئاكپارتی "توركیا نمونەی تایبەتی خۆی لە پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە جێبەجێ دەكات، ئەو پرۆسەیەش دەبێتە نمونەیەك بۆ چارەسەری سەرجەم پرسەكان لە ناوچەكە، بۆیە رێگە بە لایەنی دەرەكیی نادەین بەشداری پرۆسەكە ببێت، چونكە سەرجەم پرۆسەكە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات، پێش دەستپێكردنی پرۆسەكەش توێژینەوە لەبارەی چەند پرۆسەیەكی چەكدانان لەسەر ئاستی جیهان كراوە".
Primary Asset

ژمارەیەک گەریلای پەکەکە

سبەی

سبەینێ گروپێكی گەریلاكانی پەكەكە چەك دادەنێن، ئەو حزبە جەخت لەسەر چەكدانان دەكاتەوە، توركیا رەتیدەكاتەوە هیچ لایەنێكی دەرەكیی ببێتە سەرپەرشتیكاری پرۆسەكە.

بەپێی راگەیەندراوێكی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" یەكەم مەراسیمی گروپێكی گەریلاكانی پەكەكە بەیانی هەینیی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەوەش وەك جێبەجێكردنی داواكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی ئەو حزبە.

بەپێی زانیارییەكان رێورەسمەكە سبەینێ هەینی كاتژمێر 10 لە گوندێكی بناری قەندیل بەڕێوەدەچێت كە سەر بە پارێزگای سلێمانییە.

پێشتر كەجەكە رایگەیاندبوو كە شوێنی رێورەسمەكە ئاشكراناكات، سەرجەم ئەوانەی بەشدار دەبن دەبرێن بۆ شوێنێكی نزیكی رێورەسمەكە، لە رێگەی شاشەیەكی گەورەوە ڤیدیۆی چەكدانانەكە دەبینن، بەهۆكاری ئەمنییش رێگە نادرێت چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە چەك دادەنێن، بەڵام دەتوانرێت قسە لەگەڵ چاودێرەكان بكرێت.

لەكاتێكدا پەكەكە و كەجەكە جەخت لە پرۆسەی چەكدانانی ژمارەیەك گەریلا دەكەنەوە كە لەنێوان 30 بۆ 40 كەسدان، عومەر چەلیك جێگری سەرۆكی پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا "ئاكپارتی" دەڵێت "پرۆسەی چەكدانانی رێكخراوی تیرۆریستی پەكەكە لەنێوان سێ بۆ پێنج مانگدا جێبەجێ دەكرێت".

سەبارەت بە لایەنی گرەنتیكاری پرۆسەكە، عومەر چەلیك باس لەوەدەكات "بەرپرسانی هەواڵگری و سوپای توركیان و ئەوان سەرپەرشتی پرۆسەی رادەستكردنی چەك دەكەن، بەهیچ شێوەیەكیش لایەنی سێیەمی پرۆسەكە قبوڵ ناكرێت، پێویستیشە پرۆسەكە لەوماوەیەی دیاریكراوە كۆتایی بێت".

بەوتەی جێگری سەرۆكی ئاكپارتی "توركیا نمونەی تایبەتی خۆی لە پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە جێبەجێ دەكات، ئەو پرۆسەیەش دەبێتە نمونەیەك بۆ چارەسەری سەرجەم پرسەكان لە ناوچەكە، بۆیە رێگە بە لایەنی دەرەكیی نادەین بەشداری پرۆسەكە ببێت، چونكە سەرجەم پرۆسەكە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات، پێش دەستپێكردنی پرۆسەكەش توێژینەوە لەبارەی چەند پرۆسەیەكی چەكدانان لەسەر ئاستی جیهان كراوە".

"بڕیارە لیژنەیەكی پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی درێژەی پرۆسەی چەكدانان بكات، لە نزیكەوە گوێبیستی رەخنەكان بووین، لێدوانی وەكو ئەوەی سازش كرابێت یاخود دابەشبوونی وڵات بەهیچ شێوەیەك راست نییە، پرۆسەكە لەسەر بنەمای یەك نیشتمان و یەك گەل و یەك دەوڵەت و ئاڵا بەڕێوەدەچێت، بەهیچ شێوەیەك لەسەر بنەما سەرەكییەكانی دەوڵەت سازش نەكراوە". عومەر چەلیك وای وت.

چارەنوسی گەریلا و بەرپرسانی پەكەكە

عومەر چەلیك دەشڵێت "چارەنوسی ئەو گەریلا و بەرپرسانەی پەكەكە كە تێوەنەگلاون لە تاوان، سوپای توركیا بانگەوازی رادەستبوونیان پێشكەش دەكات، ئەگەر رادەستبوون و تێوەنەگلابوون لە هیچ شتێك هیچ شتێك روونادات، بەڵام هەر شتێكی دیكەبێت روونە كە رێوشوێنی یاسایی دەگیرێتەبەر".

جێگری سەرۆكی ئاكپارتی دەڵێت "لایەنی دەرەكیی رێكخراوە تیرۆریستیەكانیان بەكاردەهێنا و شەڕی بە وەكالەتیان بۆ دەكردن، بۆیە كاتێك روبەڕووی رێكخراوێكی تیرۆریستی دەبینەوە، روبەڕووی ئەجێندای سیاسی ئەو هێزەش دەبینەوە كە لە پشتیانەوەبوو".

بەوتەی چەلیك، رۆژی شەممە، واتە رۆژێك دوای یەكەم پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا "وتارێكی مێژوویی پێشكەش دەكات".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی