گرۆسی و کۆستا
سبەی
ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، جەختی لە رۆڵی سەرەکی ئاژانسەکە لە چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردەوە. هەوەها داوا لە مەسعود پزیشکیان دەکەن کە یاسای راگرتنی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم جێبەجێ نەکات.
بەپێی راپۆرتی ئەنجوومەنی ئەوروپا، مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ درێژەدان بە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەربڕیوە.
کۆستا لە پۆستێکدا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: یەکێتی ئەوروپا بە تەواوەتی پشتگیریی لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەکات بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئێران، ئەو دەزگایە تاکە دەسەڵاتی نێودەوڵەتی بێلایەنە کە توانای پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی هەیە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تەواوی ئاشتیانە دەمێنێتەوە. جەختی کرد: نابێت رێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
هەر لەوبارەیەوە، رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەبارەت بە دیدارەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی تەمموز لە پەراوێزی "لوتکەی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا" کە لە ڕۆما بەڕێوەچوو، رایگەیاند: جگە لە تاوتوێکردنی پشتیوانی لە ژێرخانی ئەتۆمی ئۆکرانیا، پشتیوانیی پتەوی یەکێتی ئەوروپای لە پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بەرز نرخاندوە.
گرۆسی لە تویتێکدا نووسیویەتی: سوپاسگوزارم بۆ پشتیوانی پتەوی یەکێتی ئەوروپا لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانمان لە ئێران.
هاوکات دوێنێ چوارشەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند: وتووێژێکی گرنگیان لەگەڵ مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران کردووە. هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی گفتوگۆ باشترین رێگایە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ئاشکرای کردووە؛ پزشکیان دڵنیایی داوە کە ئێران لە "پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەک"دا دەمێنێتەوە و ئامادەیە بەردەوام بێت لە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە. هەروەها ئامادەیی تارانی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا و سێ وڵاتی ئەورووپایی کە ئەندامی "JCPOA" و یەکێتی ئەورووپایە راگەیاندووە.
داوایشی لە سەرۆک کۆماری ئێران کرد کە یاسای راگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جێبەجێ نەات.
بەپێی ئەو یاسایە، کە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی ئێران و دواتر سەرۆک کۆمارەوە پەسەندکرا و دواتر ئەنجومەنی پارێزگاریی دەستوریش پەسەندی کرد، تاران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رادەگرێت.
لە میانەی شەڕی 12 رۆژی ئێران و ئیسرائیل، بەرپرسانی ئێران رافایل گرۆسییان بە "خیانەتکار" و "هەواڵگری ئیسرائیل" تۆمەتبار کرد.