"ئەردۆغان گەورەترین قوماری سیاسی خۆی بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەوە دەکات"

#گۆڤاری پۆڵەتیکۆ#رەجەب تەیب ئەردۆغان#عەبدوڵا ئۆجەلان#تورکیا#پارتی کرێکارانی کوردستان
12 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری "پۆڵەتیکۆ"، ئامانجی رەجەب تەیب ئەردۆغان. سەرۆک کۆماری تورکیا لە هێنانە کایەی "پرۆسەی ئاشتی" و چەکدانانی پەکەکە لە پێناو مانەوەی خۆیەتی لەسەر تەختی شانۆی تورکیا و مانەوەی بە کەسی یەکەمی وڵاتەکە.
Primary Asset

سبەی

سەرۆکی تورکیا گەورەترین قومار بە ژیانی سیاسی خۆیەوە دەکات لە پێناو مانەوەی خۆی لەسەر شانۆی سیاسی تورکیا، ئەوەش لە رێگەی پرۆسەکەیەوە کە ناوی لێنراوە "ئاشتی".

بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری "پۆڵەتیکۆ"، ئامانجی رەجەب تەیب ئەردۆغان. سەرۆک کۆماری تورکیا لە هێنانە کایەی "پرۆسەی ئاشتی" و چەکدانانی پەکەکە لە پێناو مانەوەی خۆیەتی لەسەر تەختی شانۆی تورکیا و مانەوەی بە کەسی یەکەمی وڵاتەکە.

ئامانجی ئەردۆغان لە پرۆسەی ئاشتی، بۆ قایلکردنی کوردە بۆ ئەوەی پشتیوانی بکەن و کۆتایی بە شەڕی 40 ساڵەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا بهێنرێت کە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 40 هەزار کەس.

لە پێناو ئامانجەکەی، سەرۆکی تورکیا، دوای 26 ساڵ زیندانی کردنی، رێگەی بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە داوە بانگەواز بکات بۆ چەکدانانی پەکەکە کە تا ئێستا لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکادایە.

ئەردۆغان کە خاوەنی کەسایەتییەکی پۆپۆلیستی ئیسلامگەرایە، لە رێگەی "پرۆسەی ئاشتی" و چەککردنی پەکەکە دەیەوێت پێگەی خۆی وەک سەرۆک کۆماری تورکیا قایم بکات، چونکە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو نەبێتەوە بە سەرۆکی تورکیا بۆ هەتاهەتایە لە کایەی سیاسی دووردەکەوێتەوە.

 لەوکاتەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بە جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنی رکابەری دووچاری شکستێکی گەورە بوو، ئەوەش ئەردۆغانی ناچاکرد هەنگاوی "ئاشتی" بەرەو رووی کورد بهاوێت، کە لە دروستبوونی دەوڵەتی تورکیاوە بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێندرێنەوە. ئەو هاوپەیمانانەی کە پاڵپشتی بوون بۆ بوون بە سەرۆکی تورکیا، وردە وردە لێی جیابوونەتەوە، ئەوەش جارێکی دیکە ناوبراوی ناچار کرد بۆ هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی گەورەترین قوماری سیاسی خۆی بە هێنانە کایەی "پرۆسەی ئاشتی"ـیەوە.

هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە ئێستادا لەلایەن ئەردۆغانەوە هیچ گەرەنتییەکی سەرکەوتنی نییە، بەشێکی زۆری تورکەکان بە گومانن لە پەکەکە، هەروەها کوردەکانیش دوودڵن لە متمانەکردن بە دەسەڵاتدارانی تورکیا. لە بارودۆخ و بێ متمانەییەکی لەو جۆرەدا، رێککەوتنێکی لەو شێوەیە ئاسان نییە جێبەجێکردنی.

سەبارەت بە مەترسییەکان لەسەر پرۆسەکە ئەردۆغان رایگەیاندووە کە ئاگادارە و وریایە لە مەترسییەکان لەسەر تێکدانی پرۆسەکە لەلایەن دەستی ناوخۆیی تورکیا و فەرماندەکانی پەکەکەوە.

نەبوونی متمانە

نورچان بەیساڵ، چالاکوانی مافی مرۆڤ قسەی بۆ پۆڵەتیکۆ کردووە و دەڵێت: "بەشێک لە کوردەکان بە گومانن لە نیازی حکومەت لە "پرۆسەی ئاشتی".

چالاکوانەکەی مافی مرۆڤ، تەنها لە هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیا بە گومان نییە، بەڵکو نیگەرانیشە لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان، چونکە وەک خۆی دەڵێت: "ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ مافی کەلتووری، زمان، ئیداری و ئازادی بۆ کورد نەکردووە، ئەوەش بە روونی لە هەموو شارە کوردییەکان هەستی پێدەکرێت " نورچان بەیساڵ بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "کەمترین دڵخۆشی لە شارە کوردییەکاندا لەسەر پرۆسەی ئاشتی نییە، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو نادڵنیاییە ئەوەیە کوردەکان متمانەیان بە حکومەتەکەی ئەردۆغان نییە."

وەک لە راپۆرتەکەی پۆڵەتیکۆدا هاتووە، نەک تەنها هەر کوردەکان، بەڵکو لەناو خودی پارتەکەی ئەردۆغاندا، بێبڕواییەکی زۆر هەیە لەسەر پرۆسەکە، هەروەها پارتی سەرەکی سیکولاری ئۆپۆزسیۆن باوەڕیان بە پرۆسەکە نییە، وەک یەکێک لە پسپۆڕە سیاسییەکانیان بە ناوی ئاپیک ئۆزبەی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی (Sözcü)، رایگەیاندوە "دەستپێشخەریی حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی نە راستگۆیانەیە نە گەرەنتی هەیە،" هەروەها دەشڵێت: “ناتوانین لە ژینگەیەکدا باسی دیموکراسی بکەین کە هەڵبژێردراوی خەڵک لە زینداندا بێت... ئەگەر دیموکراسی نەبێت، چۆن دیموکراتیزەکردن دێتە ئاراوە؟”

هەر لەو بارەیەوە، جێگری سەرۆکی ئاک پارتی بۆ کاروباری دەرەوە، دەڵێت: “رای گشتی تورکیا بەگومانن لەسەر پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، بەڵام ئەردۆغان تاکە کەسە هاندەری سەرەکی پرۆسەکەیە.”

گۆڕینی دەستور

ئەردۆغان سێ خولی سەرۆکایەتی تەواو کردووە، بەپێی دەستور ناتوانێت چیتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کاندید بکات، بۆیە ئەگەر بیەوێت خۆی کاندید بکاتەوە دەبێت دەستور بگۆڕێت، بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە دەنگی دەم-پارتییە. نەرمی نواندنی بەرامبەر پەکەکە بەشێکە لە تاکتیکی ناوبراو بۆ ئەوەی دەم پارتی دەنگ بە گۆڕینی دەستور بدات لە بەرژەوەندی ئەردۆغان.

لە کۆتاییدا ئەردۆغان وەک سیاسییەک هەموو کارێک دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. زۆر ئاسانیشە بۆی کە ئامانجەکانی بەدەستهێنا لە هەموو رێککەوتنەکانی لەگەڵ کورددا بکشێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی