پەرلەمانى ئیدارە خۆجێییەکان؛ کۆدەکانی پشت پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان

#پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان#تورکیا#پەکەکە
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • وەزیرێکی پێشووتری حکومەتی تورکیا ئاماژە بەوە دەدات، پرۆسەیەکی زۆر سەیر لە تورکیا بەڕێوە دەچێت و تا بە وردی خوێندنەوە بۆ ئەو چەمکانە نەکرێن کە لەلایەن ئۆجەلانەوە بەکار دەهێندرێن، نازاندرێت ئامانجی ئەوان لەو پرۆسەیە چییە.
  • هاندە فورات نووسەر لە ڕۆژنامەی حورییەت'ی نزیک لە دەسەڵات بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئۆجەلان گۆڕانی هاوکێشەکانی ناوچەکەی خوێندووەتەوە و نیگەرانە لەوەی پەکەکە لە لایەن وڵاتانەوە بەکار بهێندرێت و لە ڕێگای ئەو پەیامە ڤیدیۆییەوە ئەو ئەندامانەی پەکەکە ڕازیبوون چەک دابنێن، کە تاکوو دوێنێ لەگەڵ چەکداناندا نەبوون.
Primary Asset

سبەی

لە دوای بڵاوکردنەوەی پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان، سیاسەتمەدار و چاودێرانی سیاسیی تورکیا خوێندنەوەی جیاوازى بۆ دەکەن و ئەوانەی لە دەسەڵاتەوە نزیکن بە گرنگی دەزانن و جەخت لەوە دەکەنەوە بەبێ ئەوەی تورکیا هیچ سازشێک بکات پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەوانەی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنیشدان نیگەرانن و پێیانوایە ئۆجەلان مادە نەگۆڕەکانی دەستووری بە ئامانج گرتووە و دەیەوێت سیستەمی یاسایی و حوکمڕانی بە تەواوی بگۆڕدرێت و کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتی و خۆڕێبەری بۆ کورد دەوێت.

وەزیرێکی پێشووتری حکومەتی تورکیا ئاماژە بەوە دەدات، پرۆسەیەکی زۆر سەیر لە تورکیا بەڕێوە دەچێت و تا بە وردی خوێندنەوە بۆ ئەو چەمکانە نەکرێن کە لەلایەن ئۆجەلانەوە بەکار دەهێندرێن، نازاندرێت ئامانجی ئەوان لەو پرۆسەیە چییە.

ئۆکتای ڤوراڵ، وەزیری پێشووتری ژێرخان و هاتوچۆی تورکیا کە یاساناس و مامۆستای زانکۆیە لەبارەی پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان کە دوێنێ 9ی تەمووز بڵاو کرایەوە  بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی سۆزجو'ی ڕاگەیاند: "ئاماژەکردنى ئۆجەلان بە ئامادەکردنى مانیفەستۆی کۆمەڵگای دیموکراتی کە گوزارشت لە مانیفەستۆی نزیکەی نیو سەدەی 'ڕێگای شۆڕشی کوردستان' دەکات، ڕێک وەک ڕاگەیاندنی سەرکەوتن وایە".

ئۆکتای ڤوراڵ پێیوایە، مەبەستی ئۆجەلان ئەوەیە ئەو مانیفەستۆ نوێیە ڕاستەوخۆ درێژە بە ئایدیۆلۆژیای شۆڕشگێڕی و سەرکەوتنی دەدات. واتا ئاماژە بەوە دەدات کە لە بری "شۆڕشی چەکداری" بە ڕێگای دیکە دەگەن بەو "ئامانجە مێژووییە".

ئۆجەلان دەیەوێت بە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و لە ڕێگای کۆمەڵگەی دیموکرات بە ئامانجی "شۆڕشی کوردستان" بگات و ڕەوایەتی پێ بدات.

ئۆجەلان دەیەوێت ئیدارە خۆجێیەکان پەرلەمانیشیان هەبێت

لەو پەیامەدا چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەک پاشەکشێ یان شکست باسی لێوە نەکراوە، بەڵکوو بەجۆرێک ئاماژەی پێ دراوە کە قۆناغێکی سەرکەوتوویی سیاسییە.

ئۆکتای ڤوراڵ باس لەوە دەکات کە بۆ ئەوەی کۆدەکان بە دروستی بخوێننەوە، پێویستە لە دەربڕین و گوزارەکانی ئۆجەلان ڕابمێن و مەبەست لە بەکارهێنانی گوزارەکانی "سیاسەتی دیموکراتی"، "کۆمەڵگای دیموکرات" و "یاسای گشتگیر" لەلایەن ئۆجەلان بەو سادەیییە نییە خەڵکانێکی زۆر لێی تێگەیشتوون.

ناوبراو سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی مەبەست لە "یاسای گشتگیر" ئەوەیە کە لەبری یاسایەکی ناوەندی و تاک، سیستەمێکی یاسایی دابڕێژرێتەوە تیایدا ئیدارە خۆجێیەکان و کۆمیناڵەکانیش لەخۆ بگرێت و ئیدارە خۆجێیەکان بە جۆرێک بەهێز بکرێن تەنانەت پەرلەمانیشیان هەبێت. ئەمەیش پێویستی بە گۆڕینی دەستور و داننان بە ستاتۆی دەستوری و سیستەمی خۆڕێبەری و کۆمیناڵی هەیە. کە بەوتەى ئەوە ئەمەش ڕێک پێچەوانەی چوار مادە نەگۆڕەکەی دەستوری تورکیایە کە تورکیای وەک دەوڵەتێکی کۆماری یەکگرتوو لەسەر بونیاد نراوە.

ئۆکتای ڤوراڵ سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە وەستانەوەی ئۆجەلان لە دژی دەوڵەتی نەتەوەیی، وەستانەوەیە لە دژی دەوڵەت نەتەوەی تورکیا و بە پێویستی دەزانێت خەڵکی خۆجێیی (بەتایبەت کورد) لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە خۆیان ڕێک بخەنەوە.

بەو پەیامە ڤیدیۆییە ئەندام و بەرپرسە ناڕازییەکانی پەکەکە ڕازی کران بە چەک دانان

ئۆکتای ڤوراڵ باس لەوە دەکات کە مەبەستی ئۆجەلان لە کۆمەڵگای دیموکراتیش ئەوەیە لەبری دەوڵەتی ناوەندی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی هاوتەریب دروست بکرێت کە سیستەمی خۆڕێبەری و کۆمیناڵی لەخۆ بگرێت و ئەنجوومەنی ژنان و ڕێکخستنەکانی گەنجان و دامەزراوەکانی دیکە پێکەوە کار بکەن.

 ئاماژە بەوەش دەدات کاتێک کۆدەکانی پەیامەکانی ئۆجەلان و پەکەکە دەخوێننەوە و مەترسییەکانیان دەخەنە ڕوو، بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە گوایە دژی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕن.

ئەمە لە کاتێکدایە چاودێرانی سیاسی و میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەیامەکەی ئۆجەلان ئێجگار گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە پەکەکە و تورکیا لە بەرامبەر ئەوەدا هیچ سازشێکی نەکردووە و نایکات.

هەر لەبارەی ئەو پەیامەی ئۆجەلانەوە هاندە فورات نووسەر لە ڕۆژنامەی حورییەت'ی نزیک لە دەسەڵات بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئۆجەلان گۆڕانی هاوکێشەکانی ناوچەکەی خوێندووەتەوە و نیگەرانە لەوەی پەکەکە لە لایەن وڵاتانەوە بەکار بهێندرێت و لە ڕێگای ئەو پەیامە ڤیدیۆییەوە ئەو ئەندامانەی پەکەکە ڕازیبوون چەک دابنێن، کە تاکوو دوێنێ لەگەڵ چەکداناندا نەبوون.

هاندە فورات ئاماژە بەوە دەدات کە ئۆجەلان هەر لە زیندان دەمێنێتەوە و هەرچەند دەم پارتی داوا دەکات لە ڕێگای ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان پێک دەهێندرێت یاسای سزاکان هەموار بکرێتەوە، چیدی قەییوم لەسەر شارەوانییەکان دانەندرێت، ئیدارە خۆجێیەکان بەهێز بکرێن و خوێندن بە زمانی دایک بێت، بەڵام زانیاریی هەیە کە بە هیچ جۆرێک دەست بۆ چوار مادە نەگۆڕەکەی دەستور نابرێت و زمانی فەرمی دەوڵەت هەر تورکی دەبێت و بە هیچ جۆرێک ناگۆڕێت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی