هاوسەرۆکی پژاک
سبەی
هاوسەرۆکی پژاک رایگەیاند: پابەندن بە ئاگربەستێکی رانەگەیەندراوەوە لەگەڵ ئێران، لە شەڕی ئەم دوایەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش، بەشێک نەبوون لەو شەڕە و بەتەواوەتی دژایەتییان کردووە.
ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە لە ئێران چالاکی دەکات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (بی.بی.سی) تورک، رایگەیاند: پژاک هەرگیز دەستپێشخەری شەڕ ناکات، هەرچەندە ئێران ئەو ئاگربەستە نەنووسراوەی پێشێلکردووە کە رایانگەیاندووە، بەڵام ئەوان هێشتا پابەندن پێیەوە.
پژاک، بە بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و فەلسەفەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراسی و کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی کاردەکەن. باڵی سەربازیی ئەو پارتە بە ناوی "یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر بوون و بارەگایان هەیە.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان پژاک و پەکەکە، کەریمی رونیکردەوە ئەو پەیوەندییە زیاتر لەسەر بنەمای بیرۆکە و فەلسەفەی ئۆجەلان دامەزراوە، نەک بە مانای هاوکاریی ڕێکخراوەیی.
لەبارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە، هاوسەرۆکی پژاک جەختی کردەوە ئەم شەڕە نەک هەر شەڕی گەلەکەیان نییە، بەڵکو شەڕێکە کە ئازادی و دیموکراسی ناهێنێتە ئاراوە، پژاک بۆ کێشەکانی کورد بە دوای چارەسەری دیموکراسی و وتووێژی ئاشتیانەدا بووە و هەرگیز خەباتی چەکداری وەک ستراتیژی سەرەکی خۆی هەڵنەبژاردووە.
لە وەڵامی تۆمەتەکانی هاوکاریی پژاک لەگەڵ ئیسرائیل کە لە لایەن ئێرانەوە کراوە، ئەو قسانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: ئەوان هەرگیز دەستپێشخەری شەڕ نەبوون، بەردەوامن لە پابەندبوون بە ئاگربەستی نەنووسراو لەگەڵ ئێران و مافی خۆیانە لە ئەگەری هەڕەشەی جینۆساید بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵام تا ئێستاش دژی هەر شەڕێکن کە بکرێت.
پژاک لە ساڵی 2004 دامەزراوە، دژایەتی حکومەتی ئێران دەکات و پشتیوانی لە "خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک" دەکات. باڵی سەربازیی پژاک ناوی "یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان"ە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان پژاک و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە سەدان کەس لە هەردوولا کوژراون.
دوای شەڕێکی قورس لە ساڵی 2011 جۆرێک لە ئاگربەستی نەنووسراو لە نێوان ئێران و پژاک هاتوەتە ئاراوە و تائێستاش ئەو ئاگربەستە بەردەوامە و لەوکاتەوە هیچ شەڕو پێکدادانێک لەنێوان هەردوولادا روی نەداوە.