سێ پارچەى کوردستان لەبەردەم ساتى مێژویی و چارەنوسسازدان

7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • باشورى کوردستان لەگەڵ حکومەتى عێراق لەگفتوگۆى چارەنووسسازدایە بۆ یەکلاکردنەوەى کێشە هەڵواسراوەکانى بەتایبەتى نەوت و مووچە کە بە چارەنوسساز بۆ قەوارەى هەرێمى کوردستان دادەنرێت.
  • دواى چوار دەیە لە شەڕ و بەرەنگاربوونەوەى چەکداریی، لە باکورى کوردستان پڕۆسەیەکى مێژوویی بەرێوەدەچێت، لەسەر بانگەوازى ئۆجەلان و بەپێی رێککەوتنى ئاشتى لەگەڵ تورکیا چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەى پەکەکە نزیک بووەتەوە.
  • کورد لە رۆژئاواى کوردستان ماوەى چەند مانگێکە لە گفتوگۆى مێژووییدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى سوریا، ئەوەش دواى روخانى رژێمى بەشار ئەسەد کە دەرفەتێکى گەورەى بەرووى کوردانى ئەو پارچەیە کردووەتەوە، کە ساڵانێکى زۆرە خۆبەرێوەبەرییەکیان پێکهێناوە بۆ بەڕێوەبردنى ناوچەیەکى بەرفراوان لە باکور و رۆژهەڵاتى سوریا.
Primary Asset

سبەى

دواى 100 ساڵ لە دابەشکردنى کوردستان بەپێی رێککەوتنى سایکس بیکۆ، سێ پارچەى کوردستان لەهەمانکاتدا ساتى مێژویی و چارەنوسساز بەخۆیانەوە دەبینن کە چاوەڕواندەکرێت گۆڕانکاریی گەورە بهێننە کایەوە.

باشورى کوردستان

باشورى کوردستان لەگەڵ حکومەتى عێراق لەگفتوگۆى چارەنووسسازدایە بۆ یەکلاکردنەوەى کێشە هەڵواسراوەکانى بەتایبەتى نەوت و مووچە کە بە چارەنوسساز بۆ قەوارەى هەرێمى کوردستان دادەنرێت.

تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکە دانوستانە لەسەر پرسی رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بەبەغداد، کە داواکارییەکى بەردەوامى حکومەتى عێراقە بەدرێژایی حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى دواى رووخانى ڕژێمى سەدام حوسەین لە ساڵى 2003 ەوە تا ئێستا.

گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە تا ساڵانێک لەمەوبەر لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە بەتوندى رەتدەکرایەوە، بەڵام راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم بەشێوەیەکى سەربەخۆ پێش زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر بەهۆى سکاڵاى بەغدادەوە، هەرێمى ناچارکرد لە دەرگاى بەغداد بداتەوە، بەتایبەتى کە ناتوانێت مووچەى فەرمانبەران دابەش بکات.

دانوستانەکانى ئەمجارە بەدرێژایی تەمەنى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەماوەى 33 ساڵدا بەیەکێک لە دانوستانە دەگمەن و چارەنوسسازەکان دادەنرێت لەگەڵ بەغداد، بەو پێیەى بەوتەى بەشێک لە شیکەرەوان و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان رەنگە کاریگەرى لەسەر قەوارەى هەرێمى کوردستان دروستبکات.

قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان رۆژى سێشەممە داواکارییەکانى ئێستاى عێراقى بە کەمکردنەوەى دەسەڵاتە دەستورییەکانى هەرێمى کوردستان و بچوککردنەوەى قەوارەکەی دانا و وتى "ئەگەر ئەوەى ئێستا لەسەر مێزە هەرێم قبوڵى بکات پێشێلکردنى دەستورە و هەنگاوێکى مەترسیدارە بۆ بچوککردنەوەى هەیبەتى هەرێمى کوردستان و لێدانە لە قەوارەى هەرێمى کوردستان".

وتيشى "دەمانەوێت بگەینە رێکەوتنى درێژخایەن، نەک سبەینێ بێن داواى گۆڕانکارییەکى تر بکەن هەنگاو بە هەنگاو، چونکە یەکەمجار بە مووچە دەستیپێکرد دواتر چوو بۆ نەوت و سبەینێ دەبێتە فڕۆکەخانە و دوو سبەى دەروازە سنورییەکان و دواتر داهاتى ناوخۆیی، پاشان رۆژێک کە لە خەو هەڵدەستین دەبینین هەرێمى کوردستان نەماوە".

باکورى کوردستان

دواى چوار دەیە لە شەڕ و بەرەنگاربوونەوەى چەکداریی، لە باکورى کوردستان پڕۆسەیەکى مێژوویی بەرێوەدەچێت، لەسەر بانگەوازى ئۆجەلان و بەپێی رێککەوتنى ئاشتى لەگەڵ تورکیا چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکە نزیک بووەتەوە.

پڕۆسەکە لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، پەکەکەش لە 5-7ـی ئایار کۆنگرەى بەست و بڕیارى لەسەر چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەدا.

بڕیارە رۆژى هەینى قۆناغێکى مێژویی پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت و یەکەم گروپى گەریلاکانى پەکەکە چەک دابنێن.

چاوەڕواندەکرێت پڕۆسەى ئاشتى گۆڕانکاریی گەورە لە رەوشى کورد لە باکورى کوردستان دروستبکات و بەشێک لە یاسکان لەبەرژەوەندى مافى کوردانى ئەو پارچەیە هەموار بکرێنەوە، ئەوەش لە رێگەى  پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان کە لە 100 کەس پێک بێت، نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەکەی پەرلەمان تیایدا بەشداردەبن.

رۆژئاواى کوردستان

کورد لە رۆژئاواى کوردستان ماوەى چەند مانگێکە لە گفتوگۆى مێژووییدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى سوریا، ئەوەش دواى روخانى رژێمى بەشار ئەسەد کە دەرفەتێکى گەورەى بەرووى کوردانى ئەو پارچەیە کردووەتەوە، کە ساڵانێکى زۆرە خۆبەرێوەبەرییەکیان پێکهێناوە بۆ بەڕێوەبردنى ناوچەیەکى بەرفراوان لە باکور و رۆژهەڵاتى سوریا.

کوردانى ئەو پارچەیەى کوردستان لەگەڵ جەختکردنەوە لە گرەنتى چەسپاندنى مافەکانیان لەدەستورى نوێی سوریا، دەیانەوێت خۆبەرێوەبەرى لەناوچەکانیان بپارێزن، لە چوارچێوەى لامەرکەزییەکى ئیدارییدا.

گفتوگۆکان تا ئێستا چەند رێککەوتنێکیان لێکەوتووەتەوە کە سەرەکتریینیان رێککەوتنى نێوان مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا بوو لە شوباتى ئەمساڵدا کە بەشێکى تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، گرەنتیکردنى مافە دەستورییەكانی كورد.

گفتوگۆکان رۆژى چوارشەممە گەیشتنە قۆناغێکى نوێ، کاتێک مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە، بەسەرۆکایەتی شاندێکی سیاسی و سەربازیی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سوریا و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا گەیشتە دیمەشق.

رۆژهەڵاتى کوردستان

ئەوەى ماوەتەوە لە ئێستادا کە هیچ پێشهاتێکى لەو شێوەیە بەخۆوە نابینێت رۆژهەڵاتى کوردستانە کە بووە بەشێک لە گۆڕەپانى شەڕى 12 رۆژە و دیارنییە لێکەوتەى شەڕ چى بەسەر دۆخى ئەو پارچەى کوردستاندا دەهێنێت.

ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ

رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ، ڕێککەوتننامەیەکی نهێنی بوو بە مەبەستی دابەشکردنی خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

رێککەوتننامەکە لە 16ی ئایاری 1916 لە نێوان ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و فەڕەنسا واژووی لەسەر کرا و دواتر ڕووسیاش بەشداری تێدا کرد. 

دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و هاتنە سەر تەختی حکومەتی سۆڤیەت لە 1971، ڕووسیا ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامە نهێنییەکەی ئاشکرا کرد. 

لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتننامەیەدا ئەو بەشەی کوردستان کە کەوتبووە ژێر دەستی عوسمانییەکان درا بە ڕووسیا و فەڕەنسا، بەڵام دوای کشانەوەی هێزی ئەو وڵاتانە، ئەم بەشەی کوردستان بەسەر تورکیا، عێراق و سوریادا دابەشکرا. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی