زوکەربێرگ و بانگ
سبەی
کۆمپانیای مێتا پلاتفۆڕمس، سەرکەوتنی بەدەستهێنان لە رفاندنی ئەقڵی کۆمپانیای ئەپڵ و بردنی بۆ ریزی کۆمپانیاکەی، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا بۆ پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد.
سایتی بلۆمبێرگ بڵاوی کردەوە: کۆمپانیای مێتا پلاتفۆڕمسی ئەمەریکی، خاوەنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام و ژمارەیەکی سەکۆی دیکە، لە هەنگاوێکی گەورە و چاوەڕوان نەکراودا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد، توانی گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ رۆمینگ بانگ، تەمەن 28 ساڵ و گەورە ئەندازیار و سەرکردەی کەرتی زیرەکی دەستکردی کۆمپانیای ئەپڵ بکات.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەوبارەیەوە بڵاوی کردەوە کە مارک زوکەربێرگی خاوەنی کۆمپانیای مێتا سەرکەوتوو بووە لە رفاندنی عەقڵی کۆمپانیای ئەپڵ.
بانگ، کە دامەزرێنەری تیمی زیرەکیی دەستکرد و فێرکردنی کۆمپانیای ئەپڵ بوو، دەبێتە بەشێک لە تیمی یەکەی "ئیتنڵیجیس لابس" کە لەماوەی رابردوودا کۆمپانیای مێتا رایگەیاند.
گرێبەستەکەی بانگ بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە پێشکەشی کراوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری کارەکەی بێت لە کۆمپانیای ئەپڵ.
دامەزراندنی ئەو ئەندازیارە شارەزایە، بەشێک لە هەوڵەکانی کۆمپانیای مێتا بۆ دروستکردنی تیمێکی بەهێزی زیرەکیی دەستکردی ئاست بەرز، لەو پێناوەشدا کۆمپانیاکە زیاتر لە 14 ملیار دۆلاری بۆ کۆمپانیای "سکیڵ ئەی ئای" تەرخانکردووە و ژمارەیەک ئەندازیار و تەکنیککاری گەورەی وەک ئەلیکسەندەر وانگ، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای سکیڵ و نات فریدمان سەرۆکی جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای "جیت هەب" لەخۆدەگرێت.
مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا رایگەیاند: زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی بتوانن بەهرەمەندترین و بەتواناترین کەسەکانی کۆمپانیا رکابەرەکان ببەنە ریزی مێتاوە و کێبڕکێی بوارەکەی پێ بکەن.
لەبەرامبەردا، رۆیشتنی رۆمینگ بانگ لە کۆمپانیای ئەپڵ، روبەڕووی کێشەی گەورە دەکاتەوە، بەتایبەت کە بانگ سەرۆکایەتی تیمێکی 100 کەسیی دەکرد بۆ پەرەپێدانی "ئەپڵ ئینتڵیجێنس" و سیستمی زیرەکیی دەستکردەکەی.
جگە لەوەش بانگ، سەرۆکی تیمی "ئەپڵ فاوەندەیشن مۆدڵ" بوو، کە تیمێکی شارەزای کۆمپانیای ئەپڵ بوون بۆ پەرەپێدانی سیستمی زیرەکیی دەستکردی ئەپڵ.