پلانێک بۆ گواستنەوەی ئاو لە دەریای ڕەشەوە بۆ دەریای خەزەر پێشنیاز دەکرێت

#دەریای خەزەر#دەریای رەش#دەریاچەی ورمێ#کەمبونەوەی رێژەی ئاو
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دەریای خەزەر ئاستی ئاوی نزیکەی 2 مەتر دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش کێشەی بەرچاوی بۆ گواستنەوەی دەریایی دروستکردووە
  • لەناو ئەم قەیرانەدا کۆمپانیای ADOG لە ئازەربایجانەوە پلانێکی داهێنەرانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دابەزینی ئاستی ئاوی دەریای خەزەر پێشکەشکردووە
  • حکومەتەکان بەتەنها ناتوانن بەرپرسیارێتی ڕزگارکردنی دەریای خەزەر لە ئەستۆ بگرن و پێویستە کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش گرنگی بەم بابەتە بدەن
Primary Asset

سبەی

شارەزایانی ژینگە و بەرپرسانی روسیا جەخت لەسەر پێویستی هاوکاریی خێرا و هەماهەنگ لە نێوان وڵاتانی هاوسنووری دەریا دەکەنەوە بۆ رێگریی لە قەیرانی دابەزینی ئاستی ئاو لە دەریای خەزەر (قەزوین).  

رەشید ئیسماعیلۆف، سەرۆکی کۆمەڵەی ژینگەی روسیا هۆشداریی دا لەوەی قەیرانەکە تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر فرەچەشنی بایۆلۆجی دەریای خەزەر، بەڵکو ئاڵنگارییەکی بەرچاوە بۆ چالاکییە ئابوورییەکانی وەک ماسیگرتن، کەشتیوانی و ژێرخانی بەندەرەکان. ئ جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەبێت بە هاوبەشی لەلایەن پێنج وڵاتی کەنار دەریا و بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دەریای خەزەر ئاستی ئاوی نزیکەی 2 مەتر دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش کێشەی بەرچاوی بۆ گواستنەوەی دەریایی دروستکردووە، بە تایبەتی لە بەندەری ئاکتاو لە کازاخستان، کەشتییە بارهەڵگرەکان و تانکەرەکان بەهۆی کەمبوونەوەی قووڵی ئاوەوە ناتوانن بە تەواوی کاڵاکان باربکەن و ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت، گواستنەوەی دەریایی لە دەریای خەزەر لە ڕووی ئابوورییەوە کارا نابێت. ئەم قەیرانە کاریگەریی نەرێنی گەورەی لەسەر پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک رێڕەوی گواستنەوەی باکور-باشور هەبێت کە بۆ وڵاتانی ناوچەکە گرنگییەکی زۆری هەیە.

پێشنیاری داهێنەرانە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە: گواستنەوەی ئاو لە دەریای رەشەوە بۆ دەریای خەزەر

لەناو ئەم قەیرانەدا کۆمپانیای ADOG لە ئازەربایجانەوە پلانێکی داهێنەرانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دابەزینی ئاستی ئاوی دەریای خەزەر ئامادەکردووە. پرۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی تونێلێکی هایدرۆلیکی ژێر زەوی بە تیرەی 10 مەتر کە ئاو لە دەریای رەشەوە بۆ دەریای خەزەر دەگوازێتەوە. ئەم پلانە بەهۆی جیاوازی بەرزی نێوان هەردوو دەریاکە (کاسپیان 26.5 مەتر لە دەریای رەش نزمترە) ئاسانە و مەبەست لێی ئاراستەکردنی رۆیشتنی ئاوە بە شێوەیەکی سروشتی لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەکی دیکە.

ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی قووڵبوونەوەی دەریای خەزەر، بەڵکو بە دانانی هایدرۆ تۆرباینەکان لە تونێلەکەدا، دەتوانێت نزیکەی 170 مێگاوات وزەی کارەبا بەرهەمبهێنێت و لە ڕووی داراییەوە ببێتە خۆبژێویی.

پڕۆژەیەکی لەو جۆرە دەتوانرێت وەک چارەسەرێک بۆ رزگارکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی دیکە کە لە قەیراندان، وەک دەریاچەی ورمێ یان دەریای ئاراڵیش سودی هەبێت.

هاوکاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی کەنار دەریا 

رەشید ئیسماعیلۆف سەرۆکی کۆمەڵەی ژینگەی روسیا، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم قەیرانە ژینگەیی و ئابوورییە تەنیا بە هاوکاریی جددی و بەپەلەی نێوان وڵاتانی کەنار دەریا چارەسەر دەکرێت. هەروەها جەختی لە پێویستی بەکارهێنانی سەرچاوە جیهانییەکان و بەشداری کەرتی ناحکومی و کۆمپانیاکانی چالاک لە دەرهێنانی هایدرۆکاربۆن لە ناوچەکە کردەوە. بۆ ئەوەش پێویستە ئەو کۆمپانیایانە بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکەن و سەرچاوە داراییەکانیان بۆ توێژینەوەی زانستی و پڕۆژەی ژینگەیی تەرخان بکەن.

ئیسماعیلۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتەکان بەتەنها ناتوانن بەرپرسیارێتی رزگارکردنی دەریای خەزەر لە ئەستۆ بگرن و پێویستە کەرتی تایبەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش گرنگی بەم بابەتە بدەن. 

وتیشی: "دەریای خەزەر مرواری هاوبەشی ئێمەیە و پێویستە هەموو وڵاتان هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی".

لە کۆتاییدا شارەزایان پێیانوایە کە پاراستنی دەریای خەزەر پێویستی بە رێبازێکی دیپلۆماسی و ژینگەیی هەمەلایەنە هەیە کە تێیدا دەوڵەتانی کەنار دەریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یەک کاتدا مامەڵە بکەن. 

دیپلۆماسی سەوز کە بە ڕێبازێکی نوێ لە دیپلۆماسی ژینگەیی دادەنرێت، دەتوانرێت وەک ئامرازێک بۆ ئاسانکاریی هاوکاری و دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بەکاربهێنرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی