کارمەندێکی پڕۆژەی روناکی
سبەی
نوسینگەی سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد، پەرلەمانتارێکی کورد سکاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێریی.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، پەرلەمانتار سروە عەبدلواحید سکاڵایەکی لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمارکردووە و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی روناکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری کردووە، باڵاترین دادگای وڵاتیش دانیشتن لەبارەی دۆسیەکەوە دەکات.
مەسرور بارزانی: 2 ملیۆن هاوڵاتی سودمەندن لە پڕۆژەی روناکی
دوێنێ چوارشەممە (9ـی تەمموزی 2025) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێستا دوو ملیۆن هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان، لە رێگەی پڕۆژەی روناکییەوە، کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە، تا کۆتایی 2026، پڕۆژەکە دەگاتە هەمو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.
پڕۆژەی روناکییش بڵاوی کردەوە، کە پڕۆژەکەیان کارەبایەکی بەردەوام و ژینگەیەکی پاکتریش دابین دەکات و لە ئێستادا 30%ـی مۆلیدەی گەڕەکەکانی کوردستان کوژێنراونەتەوە.
41 گەڕەکی سلێمانی چوونەتە ناو پڕۆژەکەوە
رۆژی چوارشەممە (9ـی تەمموزی 2025) بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بڵاوی کردەوە، لەچوارچێوەی پرۆژەی رووناکی بۆ دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاوڵاتیان، سەرجەم گەڕەكەكانی ناو سەنتەر شاری سلێمانی (ناو شەقامی بازنهیی مەلیك مەحمود) كارەباكەیان بوەتە 24 كاتژمێری.
ئاماژەی بەوەکردووە: دوای تەواوبوونی ئامادەكارییە تەكنیكییەكان و بەپێی پلانی كاركردنی پرۆژەی رووناكی زیاتر لە 41 گەڕەكی ناو سەنتەری شاری سلێمانی و ژمارەیەك گەڕەكی دەرەوەی سەنتەری شار كارەباكەیان بوەتە 24 كاتژمێری كە لە 92 فیدەرەوە كارەبا وەردەگرن.
بەپێی ئاماری کارەبای سلێمانی، کۆی گشتی ئەو هاوبەشانەی كە لە سلێمانی چوونەتە ناو پرۆژەی رووناكی و کارەباکەیان دەبێتە بەردەوام بریتیە لە 140 هەزارهاوبەشی كارەبا كە 504 هەزار هاوڵاتی لێی سوودمەنددەبن، هەروەها 291 موەلیدەش كوژاونەتەوە.
کورتەنامە و داشکاندن
بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکە پێویستە هاوبەشانى کارەبا بەشێوەى ئەلکترۆنى خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەى مانگانە سێ جار و لەسەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی مانگ لەرێگەى کورتە نامەوە لەبڕى بەکارهێنان و پارەى کارەباکەى ئاگاداربکرێتەوە.
بۆ مانگى یەکەم حکومەت 50% داشکاندن بۆ هاوبەشان دەکات، بۆ مانگى دووەمیش 25%، ئەوەش بە ئامانجى خۆگونجاندنى هاوبەشان لەگەڵ سیستمەکە. هەروەها هاوڵاتییان تەنها مانگانە پارەى بەکارهێنانى کارەبایان بەپێی ئەو سیستمە لێوەردەگیرێت و قەرزەکانى پێشوویان دەهێڵرێنەوە تا حکومەت بڕیارى لەبارەوە بدات.
مۆلیدە ئەهلییەکان تا شەش مانگى دیکە بەپێى گرێبەستێک لەگەڵ حکومەت دەهێڵرێنەوە بەشێوەى پاڵپشت، دواتر بڕیار لەسەر درێژکردنەوەى وادەکە یان لابردنیان بەتەواوەتى دەدرێت.
خەڵک پارەی کەمتری بۆ دێتەوە
پێشتر، پێشەوا هەورامانى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکرد، لە دیاریکردنى نرخەکە رەچاوی دۆخى دارایی خەڵک کراوە، نزیکەی لە 80%ـی خەڵک پارەیەکی کەمتر لەجاران دەدەن بۆ ئەوەی سودمەندبن لە کارەبای 24 کاتژمێری.
رونیشیکردەوە، سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربووانەی دەچنە ناو پرۆژەی رووناکییەوە، بەڕێژەی سەدا 15 و 25 و 50 پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن حکومەتەوە، بۆ ئەوەی خۆیان رابهێنن و بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنرێت.
ناڕەزایەتی لە نرخەکەی
پرۆژەى رووناکى لە 17ـی مانگى 10ـى ساڵى رابردوو لەلایەن مەسرور بارزانى راگەیەنرا، ئەوەش دواى دوو مانگ لە تێستکردنى پڕۆژەکە لە گەڕەکێکى هەولێر، کە لەئێستادا لە ژمارەیەک گەڕەکی سلێمانى و دهۆکیش خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
نرخى کارەبا بەپێی پڕۆژەکە ناڕەزایی بەرفراوانى بەدواى خۆیدا هێناوە، بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ "سبەى" نرخەکان بەم شێوەیە دیاریکراون و بەسەر پێنج قۆناغدا دابەشکراون:
0-400 کیلۆ وات: 72 دینار
800-400 کیلۆ وات: 108 دینار
1200-800 کیلۆ وات: 175 دینار
1600-1200 کیلۆوات: 265 دینار
1600 و زیاتر: 350 دینار
بەپێی راگەیەندراوی فەرمی پڕۆژەى روناکى: ئاستى بەکارهێنانى کارەباى هەر ماڵێکى ئاسایی لە هەرێمى کوردستان بەگشتى مانگانە 670 کیلۆواتە، بەو پێیەش 400 کیلۆ واتى یەکەم بە72 دینار بۆیان هەژمار دەکرێت و ئەوەى دیکەشى دەمێنێتەوە بە نرخى 108 دینار دیاری دەکرێت و مانگانە دەکاتە 57 هەزار و 960 دینار.
لەبەرامبەردا سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى کارەبا بۆ "سبەى" ئاماژەى بەوەدا، بەگشتى هاوڵاتییان لە هەرێمى کوردستان مانگانە لەنێوان 700-750 کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنن و لەو بڕە پارەیە زیاتریان بۆ دەگەڕێتەوە.